Site icon Zed Press

ئومێد خۆشناو: کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە هیچ شوێنێک ناهێڵین

زێدپرێس

 

سەرجەم ئەو شاری و سیتییانەی سنوری هەولێر کە تا ئێستا بە سیستەمی پریپەید کارەبای ٢٤ کاتژمێریان هەیە، کارەباکەیان دەبڕدرێت و وەک سەرجەم گەڕەکەکانی دیکەی شارەکە ماوەی پێدانی کارەبایان کەم دەکرێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارێزگای هەولێر لە بەرکەوتەی کارەبای نیشتمانی مەغدوورە و بەپێی ڕێژەی دانیشتووانەکەی کارەبای نیشتمانی پێ نادرێت.

ئاماژەی بەوە کرد، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیر و تیمی وەزارەتی کارەبا کرا و لەو کۆبوونەوانەدا، داخوازی پارێزگای هەولێر خرایەڕوو، لەپاڵ بەراوردێک لە نێوان پارێزگای هەولێر و شارەکانی دیکە سەبارەت بە ماوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی.

ئومێد خۆشناو زیاتر گوتی، “ڕاستە گرفتی کارەبا گرفتێکی سەرتاسەرییە، بەڵام داوامان کردووە لەو بڕە کارەبایەی هەیە، بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە دابەش بکرێت، بەنموونە ناکرێت شارێک هەشت کاتژمێر و شارێک ١٠ کاتژمێر و شارێکی دیکە ١٢ کاتژمێری هەبێت”.

ئومێد خۆشناو ڕوونیکردەوە، پارێزگای هەولێر پێویستی بە دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام تەنیا ٨٠٠ مێگاواتی بۆ دابینکراوە. لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە شەش هەزار مێگاوات کارەبا هەیە و تەنیا سێ هەزار مێگاوات کارەبایش بەرهەمی هەیە.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، پارێزگاری هەولێر، باسی لە چەند بڕیارێکی نوێ کرد، کە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا دەرکراون.

لەوبارەیەوە گوتی، “بڕیارماندا هیچ شوێنێک کارەبای ٢٤ کاتژمێری نامێنێت، جگە لە نەخۆشخانەکان، بەندینخانەکان، فڕۆکەخانەکان، دەروازە سنورییەکان و پڕۆژەکانی ئاو، کارەبای بەردەوامیان دەبێت، بەڵام هیچ فەرمانگەیەکی حکومی لە پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە بۆ تەواوی فەرمانگەکانی دیکە کارەبای ٢٤ کاتژمێریان نامێنێت و دەخرێنە ناو خشتەی دابەشکردنی گشتی کارەباوە”.

زیاتر گوتی “خاڵێکی دیکە پێوەست بەو شار و سیتییانەی سیستەمی پریپەید بووە، لەماوەیەکی کورتدا بەرنامەیەک دادەڕێژرێت و چیتر کارەبای ٢٤ کاتژمێری لەو شارانەشدا نامێنێت. ئەو جیاوازییەی کە گەڕەکێک ٢٤ کاتژمێری هەیە و گەڕەکێک ٢٤ کاتژمێر کارەبای هەیە، ئەو جیاوازییە نامێنێت و ڕێکدەخرێت”.

یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان کە پارێزگاری هەولێر خستیەڕوو، پێوەستە بە لابردنی ئەو زیادەڕۆییانەی کراونەتە سەر کارەبای نیشتمانییەوە و لەوبارەیەشەوە، گوتی “بڕیارماندا لە ئەمڕۆوە ماوەی هەفتەیەک دەرفەت بە هاووڵاتییانی سنوری پارێزگای هەولێر دەدرێت، کە هەر کەس و لایەنێک زیادەڕۆیی کردبێتە سەر کارەبای گشتی، خۆی زیادەڕۆییەکە هەڵبگرێت و بەپێچەوانەوە دوای ئەو هەفتەیە هەر کەس و لایەن و بارەگایەک زیادەڕۆیی کردبێت، کارەبای لەسەر دەبڕدرێت. ئەو ڕێنماییەی پێشتریش هەبووە، بە پێبژاردنی دارایی سزای دوو ساڵ کرێی کارەبای لەسەر هەژمار دەکرێت”.

Exit mobile version