Site icon Zed Press

وەزارەتی کارەبا: کارەبای بەردەوام کەم دەکەینەوە

زێدپرێس

 

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، خواست لەسەر کارەبا بۆ سەرووی شەش هەزار مێگاوات بەرزبووەتەوە و توانای بەرهەمهێنانیش سێ هەزار و ٤٠٠ مێگاواتە. وەزارەتەکە بڕیاریداوە کارەبای ئەو شوێنانەی کارەبای بەردەوامیان هەیە، کەم بکاتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم، ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کەمال محەمەد وەزیری کارەبا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی وەزارەتەکەی کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پرسێکی تایبەت بە کارەبا کراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان ئامادەبوون، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی یەکسانی لە دابەشکردنی کارەبا لەنێوان پارێزگاکان دراوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە “تایبەت بوو بە لێژنەی پێوەری زیرەک و چاودێری و بەدواداچوونی سەرپێچییەکان و بڕیار درا ھەڵمەتێکی فرەوان بۆ نەھێشتنی سەرپێچییەکان و سزادانی ئەو کەسانە بکرێت کە لە دەرەوەی پێوەری زیرەک کارەبای ڕاکێشاوە و شوێنەکانیان ئاشکرایە”.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا، بڕیاری کەمکردنەوەی کارەبا بەردەوامەکان درا. مەبەست لەوەش ئەوەیە، ئەو شوێنانەی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان هەیە، بەتایبەت شار و سیتییەکان، چیتر کارەبای بەردەوامیان نامێنێت.

زیاتر دەڵێ، “وەزارەتی کارەبا توانای بەرھەمھێنانی کارەبای بۆ ٣٤٠٠ مێگاوات بەرز کردووتەوە، لەکاتێکدا خواست لەسەر کارەبا بۆ سەرووی ٦٠٠٠ مێگاوات کارەبا بەرز بووەتەوە”.

Exit mobile version