Site icon Zed Press

زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن

زێدپرێس

 

زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن و بەرهەمەکانیان بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ٥٥٠ تۆن بووە. هەرچەند هەنگوین هەناردەی دەرەوە دەکرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان خۆی پێویستی بە زیاتر لە دوو هەزار تۆن هەیە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن و بەرهەمەکانیان بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ٥٥٠ تۆن بووە و لە دوای پشکنینە کیمایی، فیزیایی و مایکڕۆلۆجییەکان لە تاقیگە پێشکەتووەکانی وڵاتان، لە ئەنجامدا بە باشترین هەنگوینەکانی جیهان هەژمار کراوە.

حکوومەتی هەرێم دەڵێ، لەو چواچێوەیەدا کار بۆ ئەوە کرا هەنگوینی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت و تا ئێستا زیاتر لە دوو تۆن هەناردەی وڵاتی قەتەر کراوە و لە ماوەیەکی تردا هەناردەی وڵاتانی تریش دەکرێت.

ڕزگار حەمەد، ڕاوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕایگەیاند: “لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان لە ئاكرێوە تاكوو سنووری هەولێر و شارباژێر و پێنجوێن و گەرمیان هەن، كۆی گشتی ٣٥٠ هەزار پوورەهەنگیان هەیە، بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ پێداویستیی دانیشتووان، پێویستمان بە زیاتر لە دوو هەزار تۆنە.”

گوتیشی: “پلانی ناردنی هەنگوین بۆ دەرەوە، لە ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ كردووە، بەتایبەت كە هەنگوینی كوردستان كوالێتییەكی باشی هەیە و وڵاتان چاویان لەسەرییەتی. بۆ ئەمەش هەنگوین یەكێكە لەو بەرهەمانەی دەست بە هەناردەكردنی كراوە. دوای ئەوەی چەندین كۆمپانیا لە ڕێگەی یاساییەوە داوایان پێشكەش كرد، لە ڕێگەی وەزارەتی كشتوكاڵ و نووسینگەی سەرۆكوەزیران لە دوای پشكنینی هەنگوینەكە، پرۆسەی ناردنی هەنگوین دەستی پێ كردووە.”

ئەو هەنگوینەی هەناردە كراوە، هەنگوینی ناوچەكانی سەفین، ئاكرێ، پشدەر، بیتوێن، شارباژێر، كەلار و هەڵەبجەی تێدایە و جوتیارانی هەموو كوردستان بەشدارییان لە پرۆسەكە كردووە. جگە لەوەش هەنگوین بۆ ناوەوەی كوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق دابین دەكرێت.

وەک ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ کردووە، “هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران بەردەوامە، تا ئێستا، هەنار، پەتاتە، هەنگوین، برنج، سماق، هێلکە، مریشک، تەحین، کونجی، زەیتی زەیتوون هەناردەی دەرەوە کراون. لە ماوەیەکی نزیکدا، سێو و ترێ هەناردە دەکرێن و كار بۆ هەناردەكردنی شیرەمەنییەكان دەكرێت”.

 

Exit mobile version