زێدپرێس
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لەماوەی نۆ ساڵدا؛ ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٣، لە ڕێگەی کۆچ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا ٢٧١ هاووڵاتی عێراقی لە ڕێگەی کۆچ بەرەو ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە و هەر لەو ماوەیەشدا ٢٣٦ هاووڵاتی دیکەی عێراقی لە ڕێگەی کۆچ بەرەو ئەوروپا بێسەروشوێن بوون و چارەنووسیان نادیارە.
ئامارەکانی دەزگاکە پیشانی دەدەن، کە زۆرترین حاڵەتی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی عێراقی لەڕێگەی کۆچ بەرەو ئەوروپا، لە ساڵی ٢٠١٦دا بووە، کە لەو ساڵەدا ٧٨ هاووڵاتی عێراقی گیانیان لەدەستداوە و زۆرترین حاڵەتی بێسەروشوێنبوونیش لەماوەی ساڵی ٢٠١٧دا بووە، کە تیایدا ٦٧ هاووڵاتی عێراقی بێسەروشوێن بوون.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا، ٧٦٠ هەزار و ٣٢٣ پەنابەری عێراقی، داوای مافی مانەوەیان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و زۆرترینیان لەماوەی ساڵی ٢٠١٥دا بووە، کە لەو ساڵەدا ١٨٦ هەزار و ٤٢٢ پەنابەری عێراقی داوای مافی مانەوەیان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و لە ساڵی ٢٠١٦یشدا ١٦٠ هەزار و ٧١٧ پەنابەری دیکەی عێراقی بەهەمان شێوە داوای مافی مانەوەیان کردووە، بەڵام کەمترین لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا بووە، کە تەنیا ١٩ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتی داوای مافی مانەوەیان کردووە.