زێدپرێس
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە، بە ژمارە ١ی ڕێککەوتی ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ کە بە واژۆی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە دەرکراوە و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، بە ئاماژەدان بە یاداشتی مامۆستایان کە ئاڕاستەی وەزارەتەکە کراوە، تیایدا هاتووە، پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندی هەیە کە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە:
- پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان دەستپێبکات.
- بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، لە وەڵامی ئەو یاداشتنامەیە دێت کە لەلایەن پەروەردەکان و پاڵپشت بە داواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و قەزای کۆیە ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردە کراوە.
مامۆستایانی ناڕازی لەو دەڤەرەدا، کە وەرزی یەکەمی خوێندنیان بایکۆت کرد و دەوامیان دەستپێنەکردووەتەوە، جگە لەو دوو داواکارییانەی سەرەوە، چەندین داواکاری دیکەیان هەیە، لەناویاندا یەکلاکردنەوە و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراو و لێبڕینەکان، هەروەها دابینکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا و لەهەمانکاتدا داوایان کردووە کە حکوومەتی هەرێم ڕێگر نەبێت لەبەردەم گواستنەوە یان دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.