زێدپرێس
دەستگیرکردنی نانەوایەکی ناڕازی لە شاری هەولێر، نیگەرانی بەرفرەوانی لە ئاستی هاووڵاییان و ڕای گشتی لێکەوتەوە، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەوبارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیدا، “لەو دۆخە پڕ لە قەیرانەی کاربەدەستانی هەرێم کە بۆ خەڵکیان خوڵقاندووە، لە نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاریی و گرانی و گەندەڵی، لەبری بەخۆداچوونەوە و باشکردنی گوزەرانی خەڵک، بە ڕفاندن و زیندانیکردن وەڵامی هاوار و نیگەرانی هاووڵاتییان دەدەنەوە”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، دووپات لەوە کراوەتەوە، کە “ئەگەر دەسەڵات هێندەی ئەو نانەوایە هەستی بەرپرسیاریی هەبووایە، تێدەگەیشت چاکسازیی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە دەکرێت و ئەمەی ئەوان دەستیان داوەتێ، توڕەیی هاوڵاتی زیاتر دەکات و بارودۆخەکە خراپتر دەکات”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕای گشتیی
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
لەو دۆخە پڕ لە قەیرانەی کاربەدەستانی هەرێم کە بۆ خەڵکیان خوڵقاندووە، لەنەبونیی موچە و خزمەتگوزاریی و گرانی و گەندەڵی، لەبری بەخۆداچونەوە و باشکردنی گوزەرانی خەڵک، بە ڕفاندن و زیندانیکردن وەڵامی هاوار و نیگەرانی هاوڵاتیان دەدەنەوە .
لەهیچ دەوڵەتێکی دونیادا نیە کەسێک تەنها لەبەر دوو وشە کە بەهۆی سەختی ژیانی هاواری لێ بەرز دەبێتەوە سزابدرێت .
بەرتەسک کردنەوەی ئازادی ڕادەربرین لەهەرێم گەیشتوەتە ئاستێکی خەتەرناک کە هەموو سنورێکی تێپەڕاندوە !
ئێمە لەکۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتییەی ئەمڕۆ توڕەیی خۆی دەربڕی کە پیشەی نانەوایە و هەر هاوڵاتیەکی دیکەش کە تەنها بەقسە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت، شەرمەزار دەکەین و دەخوازین هەرچی زووە ئەو گەنجە ئازاد بکرێت و لەبری سزادانی هاوڵاتیان باشترە دەسەڵات سیستمی حکومڕانیەکەیان چاک بکەن و ژیان و گوزەرنی هاوڵاتیان باش بکەن و مووچە دابین بکات .
ئێمە پێمانوایە ئەگەر دەسەڵات هێندەی ئەو نانەوایە هەستی بەرپرسیاریی هەبووایە، تێدەگەیشت چاکسازیی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە دەکرێت و ئەمەی ئەوان دەستیان داوەتێ، توڕەیی هاوڵاتی زیاتر دەکات و بارودۆخەکە خراپتر دەکات ..
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
ئەنجومەنی باڵا
۲٠۲۳/۱/۸