Site icon Zed Press

ڕاگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتییەوە

زێدپرێس

 

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانى جیهان و لایەنە سیاسییەکان دەکات، بەرانبەر هێرشەکانی کۆمارى ئیسلامى ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بوەستنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەقی ڕاگەیاندراوی مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان

 

بەداخێکى زۆرەوە، جارێکى دیکە کۆمارى ئیسلامى ئێران بە پاساوى بێ بنەما لەڕێگاى ژمارەیەک مووشەکى بالیستى و درۆنەوە هێرشى کردە سەر شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە زیانێکى زۆرى گیانى لێکەوتەوە.

 

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان بە توندى ئیدانەى ئەم هێرشە بێ پاساوە دەکەین کە بووە هۆى شەهید و برینداربوونى ژمارەیەک هاووڵاتى سڤیل و ئافرەت و منداڵى بێتاوان. ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجى تێکدانى سەقامگیرى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى پشێوییە و، پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان و عێراقە.

 

داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانى جیهان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە دژى ئیرهاب و توندوتیژین، بەرانبەر ئەم دەستدرێژییەى کۆمارى ئیسلامى ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بوەستنەوە و ڕێگا لەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفى هاوسێیەتییە بگرن و چیتر هاووڵاتییانى سەربەرزى کوردستان نەکرێنە ئامانجى مووشەک و درۆنەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و دەستوپێوەندەکانی، هەروەها حکوومەتى فیدڕاڵ ئەرکى یاسایى و دەستوورى خۆى بۆ پاراستنى هاووڵاتییان و سەروەرى عێراق ئەنجامدات و چیتر وەکوو پێشوو لە ئاست ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بێهەڵوێست نەبێت.

لەکۆتاییدا، وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی خۆمان، سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم هێرشە تاوانکارییە دەکەین و هیوای تەندروستی و زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

 

مەکتەبی سیاسیی

پارتی دیموکراتی کوردستان

١٦ـی ١ـی ٢٠٢٤

Exit mobile version