زێدپرێس
وەک وەڵامدانەوەیەک بەرانبەر ئەو هێرشە مووشەکییەی لە شەوی ١٥/١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر هەرێمی کوردستان، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی بازرگانی هەرێمی کوردستانی کردووە، داوا لەسەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان دەکات، “بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵا ئێرانییەکان بکەن و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن”.
لە پەیامەکەدا هاتووە، “ئەگەرچی پەیوەندییەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەهێز لە نێوان کودستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، بەڵام بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە ناچاری کردین کە چیتر بێدەگ نەبین”.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە “مەبەست لەو هێرشانە تێکدانی ئارامی هەرێمی کورستانە ئەگەرچی بازاڕێکی گرنگی ساخکرنەوەی بەرهەمەکانیانە کە ڕۆژانە هاوردەی کوردستان و عێراق دەکرێن”.
هەر دوا بەدوای ڕاگەیەندراوەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، لە هەمان ڕۆژدا ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک پاڵپشتی خۆی بۆ بایکۆتیکردنی کاڵای ئێرانی و ڕاگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک هەروەها ڕایانگەیاندووە، بەدوای جێگرەوە دەگەڕێن بۆ ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی پێشتر لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.