هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەریمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەقینە بووەتەوە و دەبێت کورد قەوارەکەی بپارێزێت.
ئەمرۆ یەکشەم، ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، زێباری لە چوارچێوەی پانێڵێک لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، ڕایگەیاند، ، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەقینە بووەتەوە و دەبێت کورد قەوارەکەی بپارێزێت.
زێباری هەڵوەستەی لەسەر بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق کرد و ئاماژەی دا، “بەپێی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق دەریاندەکات، یەک لە دوای یەک دژی هەرێمی کوردستانن، دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناوببەن، من بە مەترسی دەزانم بۆ سەر کوردستان، کە بە سیستەماتیک کاری لەسەر دەکەن”.
ڕوونتر ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی، ترسی هەیە کە دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارێک قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە.