پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەم، ١٣ی شوباتی ٢٠٢٣، ئاماژەی بە کۆبوونەوەیەک لە پارێزگای هەولێر کرد. ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر و بەئامادەبوونی مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لهگهڵ قایمقام و بەرپرسانى فهرمانگه خزمەتگوزارییەکان و لایهنه پهیوهندیدارهكانی سنووری پارێزگای هەولێر سەبارەت بە نالەباری ڕەوشی کەشوهەوا و پێشبینییەکانی کەشناسی کە لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێژەیەکی زۆری باران لەماوەیەکی کەمدا دەبارێت و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت، ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسانگدنی ڕەوشەکە و بە دواداچوون بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانە کرا، کە لە ماوەى ڕابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ زستانى ئەمساڵ و وەرزى بارانبارین و ڕێگری و كهمكردنهوهی مهترسییهكانی لافاو و ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراوی گۆڕانی کەشوهەوا کراون، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و پێشبینی نەکراو خرانە حاڵەتی ئامادەباشى تەواو و کۆبوونەوە گەیشتووەتە ئەم بڕیارانە:
یەکەم: سەرجەم قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان ڕاسپێردران، هەریەک لە سنووری خۆی ژووری عەمەلیات پێکبهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى هەموو ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.
دووەم: سەرۆکایەتى شارەوانى، بەڕێوەبەرایەتى گشتیی شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر و ئاودێرى، ڕاسپێردران لەپاککردنەوەى ڕێڕەوى (ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆڵەکان و ئاوەڕۆكان) بەردەوام بن، بەتایبەتى ئەو شوێنانەى کە مەترسیان هەیە ببێتە هۆکارى کۆبوونەوەى ئاو و دروستبوونى لافاو.
سێیەم: سەرجەم لایەن و فەرمانگەکان لەحاڵەتی ئامادەباشی و هەماهەنگیدابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک.
چوارەم: دواى ئهو هەموو هەوڵ و کارەکانى کە لەماوەى ساڵانى ڕابردوودا و بەر لەوەرزى باران بارینى ئەمساڵ لە پێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى گۆڕانکارى کەشوهەوا لەناوچەکەدا کراوە، سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرانبەر هەر کەموکوڕى و کەمتەرخەمییەک کە ببێتە هۆى مەترسى دروستبوونى لافاو و ڕوودانى هەر حاڵەتێکى نەخوازراو، هەریەکه و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیارە.
پێنجەم: سەرجەم شار و سیتییەکانى هەولێر بەرپرسن لە خزمەتگوزاریى پاککردنەوەى ڕێڕەوى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆڵەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان.
شەشەم: ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە هەماهەنگی فەرمانگەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەئامادەباشی تەواودا دەبن.
حەفتەم: (بەرگری شارستانی، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی و تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.
هەشتەم: تیمەکانی پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر، دابەشدەکرێن بەسەر ڕێگا گشتی و سەرەکییەکان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مەترسی دروستبوونی لافاوی لەسەرە.
لەکۆتایدا، دووبارە جەخت لە هەماهەنگی نێوان هەموو فەرمانگەکان کرایەوە و داواش لە هاووڵاتییان کرا هەماهەنگ و هاوکاری تیمەکان و پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکان بن و نزیک نەبنەوە لە ڕووبار و ئەو شوێنانەی ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.