ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم، ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی لەمەڕ هەڵبژاردنی پەرلەمان و دۆخی هەرێمی کوردستان بەگشتی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە “هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناهەمواری سیاسی و ئیداری هەستیار و پڕ لە کێشە و قەیراندا تێپەڕ دەبێت” و زیاتر دەڵێ: “ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بێبازاڕی و خراپیی دۆخی کاسبکاران و ئیفلیجبوونی زۆرینەی کایەکان و بێهیوابوونی گەنجەکانمان لێمان دەخوازێت، کە بە هەموومان ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنین، پێکەوە سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەین کە ڕێگا لە نغرۆبوونی زیاتر بگرێ و جۆرێک لە هەستانەوە و سەرپێخستنەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک جێگیر بکەین”.
لاهور شێخ جەنگی پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، گۆڕانکاری و ڕاستکردنەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان تەنیا و تەنیا لەڕێگەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت و لەو ڕوانگەیەشەوە داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئامادەکاری بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن.
هەروەک دەڵێ: “زۆر گرنگە بە بایەخەوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە بڕوانن، کە چەند جارێکە بە ئەنقەست و لە ترسی گۆڕانکاری دوادەخرێ، بەڵام لەوە دڵنیابن کە هەر دەبێ بکرێ، ئێستاش بەو بەدواداچوون و زانیارییانەی لای من هەن، تاکە ڕێگای گۆڕانکاری سندووقەکانی هەڵبژاردنن و کۆمەڵی نێودەوڵەتی مەبەستییەتی هەرێمی کوردستان بەرەو حوکمڕانییەکی باش بڕوات”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشیدا، ڕوو لە هاووڵاتییان و دەنگدەران دەڵێ: “لە ڕێگای بەشداری هەڵبژاردنەکانەوە دەرفەتێک هاتۆتە پێشەوە شەرعییەتی دەنگی خۆتان بدەن بەو هێزانەی کە پێتان وایە دەتوانن خزمەتتان بکەن و سەرەتایەکی نوێ و جیاواز دەهێننە کایەوە”.
دەقی پەیامەکە:
بەناوی پەروەردگاری گەورە و میهرەبان
هاونیشتمانییانی خۆشەویست، دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ئەم کاتەتان باش…
وەک هەمووتان ئاگادارن هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناهەمواری سیاسی و ئیداری هەستیار و پڕ لە کێشە و قەیران دا تێپەڕ دەبێت، ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بێبازاڕی و خراپیی دۆخی کاسبکاران و ئیفلیجبوونی زۆرینەی کایەکان و بێهیوابوونی گەنجەکانمان لێمان دەخوازێت، کە بە هەموومان ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنین، پێکەوە سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەین کە رێگا لە نغرۆبوونی زیاتر بگرێ و جۆرێک لە هەستانەوە و سەرپێخستنەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک جێگیر بکەین، ئەوەش لە ئێستادا تەنیا و تەنیا بە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی دەنگدەران دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا.
بەم پەیامە دەمەوێ داواتان لێبکەم کە گرنگە لە ئێستاوە بە هیوا و ئومێدێکی زۆرەوە خۆتان ساز و ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، ئەو گەنجانەی یەکەمجاریانە بەشداری دەکەن سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بکەن و خۆیان تۆمار بکەن، زۆر گرنگە بە بایەخەوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە بڕوانن، کە چەند جارێکە بە ئەنقەست و لە ترسی گۆڕانکاری دوادەخرێ، بەڵام لەوە دڵنیابن کە هەر دەبێ بکرێ، لە ئێستاشدا بەو بەدواداچوون و زانیارییانەی لای من هەن، تاکە ڕێگای گۆڕانکاری سندووقەکانی هەڵبژاردنن و کۆمەڵی نێودەوڵەتی مەبەستییەتی هەرێمی کوردستان بەرەو حوکمڕانییەکی باش بڕوات.
رووداوەکانی دوو ساڵی رابردوو زۆر هاوکیشەیان لە ناوخۆی هەرێم و واقیعی سیاسیی عێراق و ناوچەکە گۆڕیوە کە وا دەکات دۆخی سیاسیی ئێستا و دوو ساڵ لەمەوبەر بە تەواوی جیاواز بێت، ئەو جیاوازییەش دەسەڵاتداران پێش خەڵک هەستیان پێکردووە، بۆیە هەڵبژاردن دوادەخەن. لەوەش دڵنیابن ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و تەنانەت کۆمەڵی نێودەوڵەتی پڕ بایەخ نەبوایە فشاریان نەدەکرد بۆ ئەنجامدانی، بە دیوەکەی تریشدا ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە کاریگەر نەبوایە ئەو حیزبانەی ئێستا بە ئەمری واقیع دەسەڵاتدارن هێندە خۆیان لە ئەنجامدانی نەدەدزییەوە و هەرجارە و بە بیانوویەک دوایان نەدەخست، هەر لێرەشەوە داواکارم سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات کۆببێتەوە و وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات، داوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەکەم وادەی دەرکردن و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان درێژ بکاتەوە، تا دەرفەت بدرێت بەو دەنگدەرانەی کە هێشتا ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە و کارتەکانیان وەرنەگرتۆتەوە.
هاوڵاتیانی خۆشەویست…
ئێستا دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی حیزبەکانی هەرێم هەرگیز وەک پێشتر نییە، ئەجێندا هەرێمایەتییەکان مەترسیدارن، پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، حکومەت کاربەڕێکەرە، فرۆشتنی نەوت بە بۆری ڕاگیراوە، کێشە داراییەکان لەگەڵ عێراق ئاڵۆزتربوون، مامۆستایان لەسەر شەقامەکانن و ناڕەزایەتییان فراوان و فراوانتر دەبێت، خەڵک تەواو بێزارە، لە پاڵ هەموو ئەوانەدا دەسەڵاتی سیاسی هێشتا بەناوی شەرعییەتی دەنگی خەڵکەوە لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم قسە دەکات، لێرەوەیە بە گرنگی دەزانم لە رێگای بەشداری هەڵبژاردنەکانەوە دەرفەتێک هاتۆتە پێشەوە شەرعییەتی دەنگی خۆتان بدەن بەو هێزانەی کە پێتان وایە دەتوانن خزمەتتان بکەن و سەرەتایەکی نوێ و جیاواز دەهێننە کایەوە.
دەنگدەرانی ئازیز، بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە یەکەمجارتانە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، تەنیا دوو رۆژ ماوە، کە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بکەن و ناوی خۆتان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی دەرفەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە دەست نەدەن، ساڵانێکی زۆرە تەحەمولی حوکمڕانییەکی ناتەندروست دەکەن، هەموومان پێکەوە ئەرکمانە شان بدەینە بەر چاککردنی ئەم دۆخە و گێڕانەوەی هیوا و هێنانە کایەی سەردەمێک کە حوکمڕانی لەبری گرووپ و تاقمێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت، راستییەکی تەواو حاشاهەڵنەگریشە کە خوای گەورە نە لەخراپەوە بۆ باش و نە لە باشەوە بۆ خراپ ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی ناگۆڕێ ئەگەر خەڵک خۆی بەو ئەرکە هەڵنەستێت، بۆیە ئەرکی من و ئێوەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و گەنجان و ژنان و مامۆستایان و تەواوی مووچەخۆران و سەرجەم چین و توێژەکانە، کە هەوڵبدەین سەرەتایەکی نوێ بۆ خەڵک و خاکی ئەم هەرێمە دەستپێبکەین، ئەوەش بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعییە و دەبێ هەمووان بە ئەرکی ئینسانی و ئایینی و نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیانی بزانن.
خوای گەورە ئێوە و هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەموو بەڵا و ناخۆشییەک بپارێزێ.
هەر شاد و سەرکەوتووبن.
لاهور شێخ جەنگی
١٨ی شوباتی ٢٠٢٤