بەگوێرەی زانیارییەکانی کامەران عوسمان تیمی ڕێکخراوی سی پی تی، لە کاتژمێر ٦:٤٥ خوولەکی سەر لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەم، ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردمانی “چیای سیارێ”یان لە گوندی کافیا لە شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ کرد. لە ئەنجامی بۆردمانەکەدا، دوو هاووڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی “عارف تەها تەمەن ٦١ ساڵ” و “بەشیر عومەر عەلی تەمەن ٦٨ ساڵ” شەهیدبوون. هەردوو شەهیدەکە پێشمەرگەی خانەنشین بوون.
ڕێکخراوی سی پی تی، چەندین ساڵە ڕاپۆرت و بەدواداچوون لەمەڕ هێرش و پەلامارەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت بڵاو دەکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، عارف تەها و بەشیر عومەر، لەگەڵ دوو هاونیشتمانی دیکەی گوندی کافیا بە ناوەکانی “عەبدوڵڵا کافی” و “سادق زێباری” بەمەبەستی ترش کردن چووبوونە سەر ڕەز و باخەکانیان لە چیای سیارێ لە گوندی کافیا.
زانیارییەکانی سی پی تی، ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەکوو ئێستا بەهۆی بۆردمان و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، ١٥٢ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ٢٢٨ هاووڵاتی دیکەی مەدەنیش بریندار بوون.