Site icon Zed Press

دۆناڵد ترەمپ بۆردمانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ڕاگەیاند

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆردمانکردنی هەرسێ وێستگەی ئەتۆمی ئێران (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی وڵاتەکەیەوە ڕاگەیاند.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، “هێرشێکی زۆر سەرکەوتووانەمان بۆ سەر سێ وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لە ئێران ئەنجامدا. سەرجەم فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن”.

 

سەرۆکی ئەمریکا هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێ: “ژمارەیەک بۆمبی تێکشکێنەرمان بەسەر پێگەی سەرەکی ئەتۆمی فۆردۆدا باراند”.

 

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا کە لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردووەتەوە، پیرۆزبایی لە جەنگاوەرەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێ: “هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نەیدەتوانی ئەم کارە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە!”.

 

بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکانی ئەمریکا، فڕۆکەی جەنگیی B-2ی ئەمریکایی بۆردمانی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردووە و فڕۆکەکان ماوەی ٣٧ کاتژمێری تەواو لە ئاسمان ماونەتەوە.

 

هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەم و لە پەیامێکی دیکەدا ترەمپ ڕایگەیاند: “فۆردۆ کۆتایی هات”.

Exit mobile version