Site icon Zed Press

جێگری سەرۆکی ئەمریکا: نە لە جەنگین دژی ئێران نە لەگەڵ گۆڕینی ڕژێمەکەین

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، نە لە جەنگدان لەگەڵ ئێران و نە لەگەڵ گۆڕینی ڕژێمەکەن.

 

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند، ئەمریکا نیازی گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی نییە.

 

زیاتر گوتی: “ئەمریكا لە دۆخی جەنگدا نییە لەگەڵ ئێران، بەڵكوو لە جەنگدایە لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەكەی”.

 

لێدوانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەم، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆردمانی هەرسێ وێستگەی ئەتۆمی ئێران “فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان”یان کرد.

 

جەی دی ڤانس، ئاماژەی بەوەش کرد، “كار دەكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا”.

 

ئاشکرای کرد: “ئەمریکا پەیامی ناڕاستەوخۆی لەلایەن ئێرانەوە پێگەیشتووە” و دووپاتیشی کردەوە کە “ئەمریكا نایەوێت ڕژێمی ئێران بگۆڕێت، ترسیشی لەوە نییە، ئەم دۆخە ببێت بە ململانێیەكی درێژخایەن”.

 

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بەرانبەر بە ئەمریکا، گوتی وڵاتەکەی ئامادەیە ئەگەر ئێران بیەوێت دەست بۆ تۆڵەکردنەوە ببات.

 

“دەمانەوێت پێوەست بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران قسە بکەین”، جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وای گوت.

Exit mobile version