Site icon Zed Press

ناتۆ: هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە

 سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی ئەمریکا بەرانبەر ئێران کردوویەتی، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە. پێداگیرییش دەکات “نابێت ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت”.

 

مارک ڕۆتێ سکرتێری گشتی ناتۆ، ئەمڕۆ دووشەم، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی پێوەست بە یاساییبوونی هێرشەکانی واشنتن بۆ سەر ئێران دەوروژێندرێن، گوتی: “من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە ئەوەی ئەمریکا کردوویەتی، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە”.

 

ڕۆتێ، جەختی کردەوە: “نابێت ڕێگە بە تاران بدرێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت”.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، “گەورەترین ترس”ی ئەوەیە کە ئێران دەستڕاگەیشتن بە بۆمبێکی ئەتۆمی مسۆگەر بکات و ئەوەش گرتنی گەرووی ئیسرائیل، ناوچەکە و پانتاییەکی فرەوانتر دەبەخشێت.

 

دوو ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە لاهای دەبەسترێت، سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتەکانی هاوپەیمانییەکە کۆدەکاتەوە؛ بۆ یەکەمجار لەلایەن هۆڵەنداوە میوانداری دەکرێت.

 

چاوەڕوان دەکرێت دۆسیەی ئێران لە لوتکەی ناتۆدا لە پێشەوەی کارنامەکەدا بێت. بەو شێوەیەش ڕينگە بەشێکی زۆری سەرنجەکانی لوتکەی ئەم هەفتەیەی ناتۆ لەسەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بێت، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا.

 

لەوبارەیەوە، ڕۆتێ گوتی: “ئێمە لە ساتەوەختێکی مێژوویی ڕاستەقینەدا کۆدەبینەوە، لەگەڵ ئالنگاری بەرچاو و گەشەسەندوو لەسەر ئاسایشەکەمان.” زیاتر گوتی: “لەگەڵ مەترسیداربوونی جیهان، سەرکردەکانی هاوپەیمانان بڕیاری بوێرانە دەدەن بۆ بەهێزکردنی بەرگری بەکۆمەڵمان، ئەمەش ناتۆ دەکاتە هاوپەیمانییەکی بەهێزتر و دادپەروەرتر و کارتێکەرتر”.

 

 

لەلایەکی دیکە، سکرتێری گشتی ناتۆ، ڕەتیکردەوە هەڵوێستی دووفاقانەی هەبێت لەسەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و گوتی: “بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنەدا نیم”.

 

ڕۆتێ، ڕەتیکردەوە، هاوپەیمانی سەربازیی مامەڵەیەکی دووفاقییانە بکات و ڕەخنە لە ئەمریکا نەگرێت لەسەر کردەوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

Exit mobile version