Site icon Zed Press

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی گوتەبێژەکەیەوە، سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان دەکات و دەڵێ، ئەم هێرشانە سەقامگیری و داهاتوو و ئابووریی عێراق دەخەنە مەترسییەوە.

 

تامی بروس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ڕۆژی ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥، ڕاگەیەندراوێکی بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە، کە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەئامانج دەگرن.

 

گوتەبێژەکە دەڵێ: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنیانە دەکات کە لە ١٤ی تەممووزەوە کێڵگە نەوتییەکانیان لە هەرێمی کوردستان بە ئامانج گرتووە”.

 

زیاتر دەڵێ: “ئەم هێرشانە سەقامگیریی و داهاتووی ئابووریی عێراق دەخەنە مەترسیەوە. ئەرکی حکوومەتی عێراقە کە خاک و تەواوی هاووڵاتییانی بپارێزێت”.

 

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەم هێرشانە ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانە دەکاتە ئامانج کە لەگەڵ عێراق لە کاردان بۆ وەبەرهێنان لە داهاتووی عێراقدا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە پابەندبوونی خۆی بە هاوبەشانمان لە سەرانسەری عێراق کە کاردەکەن بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر و فیدڕاڵی و سەروەر”.

Exit mobile version