Site icon Zed Press

حکوومەتی هەرێم جیاوازی لە نێوان شارەکاندا دەکات

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، پاڵپشت بە ناوەڕۆکی دوو نووسراو، ئاماژە بەو جیاوازییە دەکات کە حکوومەتی هەرێم لە نێوان شار و دەڤەرەکاندا دەیکات.

 

د. ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، دوو نووسراوی بڵاوکردووەتەوە، کە داواکاری هەریەک لە هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ دابینکردنی ئامێرێکی دیاریکراوی پزیشکی لەخۆدەگرن، بەڵام نووسراوەکەی هەڵەبجە ڕەتکراوەتەوە و نووسراوەکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پەسند کراوە.

 

نووسراوی یەکەمیان بە ژمارە (١٦٧٦١) لە ڕێککەوتی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بە واژۆی د، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی کراوە.

لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا، ڕەزامەندی پیشاندراوە بە تەرخانکردنی بڕی یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار بەمەبەستی کڕینی ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلە (ESWL) بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری ئاشتی لە سۆران.

 

نووسراوی دووەمیان بە ژمارە (٨٣.٢) لە ڕێککەوتی ٩ی تەممووزی ٢٠٢٥، بە واژۆی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی کراوە و تێیدا هاتووە، سەبارەت بە ناوەڕۆکی نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، “بەهۆی بارودۆخی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا ئەم جۆرە خەرجییە ڕاگیراوە”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەکانی نووسراوەکاندا، نووسیویەتی: “كە دەڵێم هیوادارم بە یەك چاو سەیری هەموو شارەكانی كوردستانمان بكرێت مەبەستم ئەمەیە”.

 

ئەوەیشی ئاشکرا کردووە، کە تەندروستی هەڵەبجە بۆ کڕینی هەمان ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلە، داوای تەنیا یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دیناری کردووە، کە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام بۆ کڕینی هەمان ئامێر، بڕی یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەرخانکراوە.

 

بەو پێیەیش، ئەو پارەیەی بۆ کڕینی هەمان ئامێر لە سۆران تەرخانکراوە، بڕی ٤٠٠ ملیۆن دینار زیاترە، لەو بڕەی تەندروستی گشتی هەڵەبجە، بۆ کڕینی هەمان ئامێر لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە داوای کردووە، بەڵام داواکارییەکەیان ڕەت کراوەتەوە.

 

Exit mobile version