ئەمڕۆ پێنجشەم، ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٥، نووسینگەی خانمی یەکەمی عێراق، دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان “عەجاج تکریتی” ڕاگەیاند و ئاماژەی کرد، تاوانبار بە هەوڵی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و نووسینگەی خانمی یەکەمی عێراق دەستگیر کراوە.
عەجاج تکریتی، سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرەسەلمان و لەناو کورد بە “جەلادەکەی ئەنفال” یان “جەلادەکەی نوگرەسەلمان” دەناسرێت و بەگوێرەی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، یەکێک لە ترسناکترین پیاوانی بەعس بووە لە بەرانبەر قوربانییانی ئەنفال و زیندانیکراوانی نوگرەسەلماندا.
دوابەدوای دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی، هەر ئەمڕۆ پێنجشەم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، “دەستگیرکردنی تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی) کە یەکێک بووە لە تاوانبارانی زیندانی ترسناکی نوگرەسەلمان، هەواڵێکی خۆشە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان و هەڵەبجە و تەواوی خەڵکی کوردستان”.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی، کە بەتایبەت قسەی بۆ زێدپرێس کرد، چیڕۆکی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی، بۆ دوای سەردانەکانی چەند مانگ لەمەوپێشی چالاکانی بواری جینۆساید و کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال، بۆ زیندانی نوگرەسەلمان دەگەڕێتەوە.

سەرچاوەکە بۆ زێدپرێس گوتی: “لەکاتی سەردانیکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان و چەمچەماڵ بۆ نوگرە سەلمان، کارمەندێکی سەر بە ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق، چووەتە لای کەسوکاری قوربانییان و پێی ڕاگەیاندوون، کە ئەو شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوونی عەجاج دەزانێت”.
یەکەم سەرەداوی دۆزینەوەی جەلادەکەی نوگرە سەلمان لێرەوە دەست پێدەکات.
عەجاج ئەحمەد حەردان لە بنەڕەتدا خەڵکی تکریتە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، هەمان عەشیرەتی تاوانبار سەدام حوسێن سەرۆکی پێشووی لەسێدارەدراوی عێراق.
لەوکاتەوە، چالاکانی جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان، ڕاستەوخۆ دەست بە بەدواداچوون دەکەن و دواتریش پەیوەندی بە ڕاوێژکارێکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقەوە دەکەن و لە ڕێگەی ئەوەوە، زانیارییەکان بە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار دەگەیەنن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ژمارەیەک سکاڵاکار لە گەرمیانەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، ژمارەیەک سکاڵاکاری دیکە لە چەمچەماڵەوە چوونەتە پارێزگای سەماوە و سکاڵای یاساییان لە دژی عەجاج تکریتی تۆمار کردووە و لەلایەن دادگەی سەماوەوە، پاڵپشت بەو سکاڵایانە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.
لە دوای دەستگیرکردن و لە دەستپێکی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، عەجاج ئەحمەد حەردان، ڕاستەوخۆ دانی بە ناسنامەکەی خۆیدا ناوە، کە ئەو، عەجاج تکریتییە.
هەندێک زانیاری ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، عەجاج تکریتی ڕاستەوخۆ بەرەو سووریا هەڵاتووە و دواتر لەگەڵ تێکچوونی دۆخی سووریا، بەرەو عێراق گەڕاوەتەوە و هەر لە پارێزگای سەماوە نیشتەجێ بووە، تاوەکوو کاتی دەستگیرکردنی.
عەجاج تکریتی، باوکی سێ کوڕ بووە. دوو لە کوڕەکانی، هەر دوای ڕووخانی بەعس، پەیوەندییان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەوە کردووە و لە شەڕێکدا لە سنووری پارێزگای سەلاحەددین کوژراون. کوڕەکەی دیکەی، لەگەڵ باوکی بەرەو سووریا ڕایکردووە و هەر لەگەڵ خۆی ماوەتەوە.
وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە دەڵێ: “تاوانبار عەجاج، یەکێک بوو لەو تاوانبارە ترسناکانەی کە بەرپرس بوو لە زیندانی ترسناکی نوگرەسەلمان و دەستی بەخوێنی پاکی سەدان کوردی ئەنفالکراوی گەرمیان و هەڵەبجە سورە کە لەو زیندانییە ترسناکە لەچوارچێوەی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال، بێتاوان زیندانی کرابوون”.