ئەمڕۆ شەممە، ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، د. مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پەیامێکی پێوەست بە دۆسیەی شەڕەکەی لالەزار و ئەو دوو ڕاگەیەندراوە بڵاوکردەوە، کە پێشتر بەناوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە بڵاوکراونەتەوە.
ڕۆژی هەینی ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئاسایشی سلێمانی ڕێگر بوون لە سەردانیکردنی سەرۆکی دەستە بۆ لای دەستگیرکراوانی لالەزار و هاوکات ئاسایش زانیاری لەمەڕ بەشێک لە دەستگیرکراوان و بێسەروشوێنکراوانی شەڕەکەی لالەزار لەلایەک و زانیاری لەمەڕ ژمارەیەک لە کوژراوانی شەڕەکە لەلایەکی دیکە دەشارێتەوە.
هەر لە هەمان ڕاگەیەندراودا، گومانی ئەوە نەشاردراوەتەوە، کە ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان خرابنە ژێر باری ئەشکەنجەدانەوە، ئەوەش بە ئامانجی وەک بەزۆردانپێداناندا.
لە بەرانبەر ئەو ڕاگەیەندراوەدا، ئەمڕۆ شەممە، ڕاگەیەندراوێکی دیکە بەناوی ” بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ”ەوە بڵاوکرایەوە و تێیدا ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوی یەکەم ڕەت دەکەنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەو ڕاگەیەندراوە گوزارشت لە هەموو دەستە ناکات، بەڵکوو ڕای لایەنێکی سیاسییە کە دەیەوێ ئەجێندای خۆی بەسەر دەستەکەدا بسەپێنێت.
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستەکە، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەتایبەت ئەندامانی پشت ڕاگەیەندراوی یەکەم، خۆیان لە بەرانبەر ڕووداوەکانی سنووری هەولێر و دهۆک نەبان کردووە، لەناویاندا ئاماژەیان بە شەڕ و پێکدادانی خورشید هەرکی و هێزەکانی ئەمنییەکان، پەلاماردانی مافپەروەر و چالاکی مەدەنی شوان سابیر و دۆسیەی هونەر ڕەشید ئاغا.
دوابەدوای بڵاوکردنەوەی هەردوو ڕاگەیەندراوەکە، هەر ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، د. مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێکی بەناوی خۆیەوە لەمەڕ دۆسیەی لالەزار و هەردوو ڕاگەیەندراوەکەی پێشوو بڵاوکردەوە.
د. مونا یاقۆ لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان لە بەرانبەر هیچ ڕووداوێکدا بێدەنگ نەبوون و خۆیشی وەک کەسایەتییەکی ئەکادیمی و بێلایەن کاری کردووە. هیوایش دەخوازێت “کێبڕکێ لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ دەستەکەمان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بێت، نەک ئەوەی دەسته بکرێتە لایەنێک لە هەر ململانێیەکی سیاسیدا”.
دەقی پەیامەکەی د. مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ:
دەربارەی دەرکردنی دوو بەیاننامەی جیاواز بە ناوی دەستەوە، سەبارەت بە ڕوداوەکانی لالەزار، دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە:
- من ئەکادیمستێکی سەربەخۆم، لە هیچ قۆناغێکی ژیانمدا سەر بە هیچ حزبێك نەبووم، هەر لە سەرەتاوە ئامانجم لە کارکردن لە دەستەی مافی مرۆڤ، پراکتیزەکردنی پسپۆڕییەکەم و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بوو دوور لە حیساباتی سیاسی.
- لە ماوەی چوار ساڵ زیاتر لە کارکردنم لە دەستە، بە پەرۆش بووین بۆ جێگیرکردنی پرەنسیپی یەکڕیزی، و کارکردن بە شێوەیەکی تەواو بێلایەنانە، بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بەدواداچوونی کێشەکان لە شارە جیاجیاکانی هەرێمدا.
- کارەکانمان لە سەر بنەمای بانگەشەی میدیایی یا شوێنکەوتنی خواستەکان نەبووە، بەڵکوو لە سەر بنەمای چاودێریکردنی مەیدانی جددی بووە، زۆر جار دیدار و سەردانەکانمان دوور لە چاوی کامێراکان بووە، چونکە ئامانجی سەرەکیمان هەمیشە دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بووە، نەك تۆمارکردنی هەڵوێستی کەسی و قارەمانێتی. لەسەر بنەمای قەناعەتێکی پتەو، پێوەرە سەرەکییەکەمان ڕازیکردنی ویژدانمانە بووە نەك هیچ لایەن و کیان و تاکێك.
4- لە بەرانبەر هیچ ڕووداوێکدا بێدەنگ نەبووین، بەڵکوو دەستمانکردووە بە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕاپۆرت و نووسراو و تێبینییەکانمان بابەتییانە و شەفافانە بۆ ناردوون.
بۆیە نابێت جددیەتی کارەکانمان تەنها بەو شتانە بپێورێت کە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا بڵاودەکرێنەوە.
5- کاتێك ڕووداوەکانی لالەزار ڕوویدا، من لە مۆڵەتی فەرمی بووم، و هاوکارەکانم ڕاسپارد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بابەتەکە بکەن.
ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەڕانەوەم بۆ سەر کارەکەم، دەستپێشخەری داواکارییەکی فەرمیم کرد بۆ سەردانی گیراوانی سلێمانی، بە پلەی خۆم وەک سەرۆکی دەسته و کەسایەتییەکی سەربەخۆ، هەروەها لەبەرئەوەی ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان داوای ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەو بابەتە کردبوو. هەروەها ئەمەش لە وەڵامی داواکارییەکانی بنەماڵەی دەستگیرکراوەکاندا بوو، بێئەوەی پەیوەندی بە لایەنی حزبییەوە هەبێت. هەروەها هەماهەنگییەك ئەنجامدرا لەگەڵ هاوکارانێك کە پاشخانی سیاسی تایبەتیان هەیە بۆ ئاسانکردنی ڕێکخستن و ڕێکارەکان.
لە کۆتاییدا
ڕێز و حورمەتی خۆمان بۆ هەموو هاوکاران و هەموو لایەنە حزبییەکان دووپات دەکەینەوە. ئێمە ئەوەی ڕوویدا لە زووترین دەرفەتدا پێکەوە باسی دەکەین، وەک داب و نەریتی خۆمان له دەسته، هەروەها پابەندبوونمان بۆ بەهێزکردنی کردەوەی هاوبەش دووپات دەکەینەوە، هیوادارین کێبڕکێ لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ دەستەکەمان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بێت، نەک ئەوەی دەسته بکرێتە لایەنێک لە هەر ململانێیەکی سیاسیدا.
ئەو متمانەیەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەموو سکاڵاکاران بەدەستمان هێناوە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی عێراق، نوێنەرایەتی سەروەت و سامانێکی بەنرخ دەکات کە لە هیچ بارودۆخێکدا بەفیڕۆ نادرێت.
پڕۆفیسۆر د. مونا یاقۆ
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥

