دوای کشاندنەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە گەڕی سێیەمی هەڵبژاردندا، فەرهاد ئەترووشی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
لە گەڕی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا، هیچ کام لە ڕێبوار کەریم ئەندامی فراکسیۆنی بەرەی هەڵوێست و شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنن و پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان مسۆگەر بکەن، دوای کشاندنەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا لە کێبڕکێیەکە، لەلایەن پارتییەوە فەرهاد ئەترووشی دەستنیشان کرا و توانی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بباتەوە و پۆستەکە بەدەست بهێنێت.
لە گەڕی سێیەمی کێبڕکێیەکەدا، فەرهاد ئەترووشی ١٧٨ دەنگ، ڕێبوار کەریم ١٠٤ دەنگ و ١٢ دەنگی پووچەڵیش هەبوون.
دوای یەکلابوونەوەی پۆستەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی فەرهاد ئەترووشی کرد و ڕایگەیاند: “بەبۆنەی هەڵبژاردنتان و بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران، پیرۆزبایتان لێدەکەم و هیوادارم لەم ئەرکە گرنگەتاندا سەرکەوتووبن”.
هاوکات مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و ڕپیرۆزبایی لە هەریەک لە هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان جێگری یەکەم و فەرهاد ئەتروشی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و هیوای خواست: “هەڵبژاردنی دەستەی تازەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران هەنگاوێک بێت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی برایەتیی و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق”.

