مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان، ڕۆژی ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بڵاوکردەوە. لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە: “لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەشێوەیەک پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار بەڕێوەچوو کە لە دەرەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەسەنکراوى ئەنجوومەنەکە بوو، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەران بێ گوێدانە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن بەرنامەى کۆبوونەوەى دیاریکردبوو کە ئەمەش پێشێلکردنى یاسایە”.
زیاتر هاتووە: “هەروەها ئەو کاندیدەى کە دیاریکرابوو بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لە دەرەوەى ئالیەتى کوردستانى بوو، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقى گەلى کوردستانە نەک حزبێک بەڵام ئەم کاندیدە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێک دیاریکرابوو و چەند لایەنێکى پێکهاتەکانى دیکەى عێراق پەسەندیان کردووە”.
مەکتەبی سیاسی پارتی هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، “ئەو شێوازە هەڵبژاردنە” ڕەتدەکاتەوە و دەڵێ: “کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەین”.
لەو ڕوانگەیەشەوە دەڵێ: “هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش فراکسیۆنى پارتیمان بایکۆتى بەشدارى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى کرد کە دەبووایە دواى بایکۆت کردنەکە ناوى کاندیدى پارتیمان لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەکە لادرابایە. لەئێستاشدا بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، هەردوو فڕاکسۆنى پارتیمان لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکومەتى فیدراڵى عێراق دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان”.
ڕۆژی ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆماری عێراق بەڕێوەچوو، هەریەک لە نزار ئامێدی بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، د. فواد حوسێن بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و موسەنا ئەمین بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی پۆستەکە دەکرد، بەڵام لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پاشەکشەی بە بەربژێرەکەی کرد و لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا، نزار ئامێدی بە بەدەستهێنانی ٢٢٧ دەنگ لە بەرانبەر تەنیا ١٥ دەنگدا بە سەر موسەنا ئەمیندا سەرکەوت.

