د. سەردار عەزیز توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی ڕایگەیاند: “ئێران دەیەوێت تەسلیم بێت، بەڵام کۆمەڵێک ڕێگر لە بەردەمیدا هەیە. یەکەم، بۆ ئێران وەرچەرخانێکی وەها ئاسان نییە. بیهێنە بەرچاوی خۆت، هێشتا خامنەیی نەنێژراوە، ئەوان ئامادەبوون لەگەڵ بکوژەکەیدا دابنیشن، بەبێ ئەوەی تەنانەت ئاماژەشی پێبدەن. دیارە یان ناتوانن بینێژن یان ناوێرن بینێژن، یان ناوێرن گردببنەوە یان نایانەوێت نمایشی بکەن کە کێ ماوە و کێ کوژراوە”.
ڕوونی دەکاتەوە: “ئەوەی ئێران دەیەوێت ئەوەیە کە پێش ئەوەی ئەتۆمە پیتێنراوەکەی تەسلیم بکات دڵنیاییەک وەربگرێت. بەڵام هەرچەندە تەماشای مێژوو دەکات هیج دڵنیاییەک بوونی نییە. ڕۆژئاواییەکان پەیمانیان بە قەزافی دا ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەسلیم بکات ئەوا ڕێگەی لێدەکەنەوە هەتا بێتەوە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی. بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست بوو. ئەزمونی ئۆکرانیاش کە پەیمانیان پێدا گەر دەستبەرداری ئەتۆمی بێت دەیپارێزن، وەها دەرنەچوو”.
زیاتر دەڵێ: “ئێران نمونەیەکی نییە کە وڵاتێک دەستبەرداری ئەتۆمی بووبێت و باش مامەڵە کرابێت. بۆیە داوای دڵنیایی دەکات لە لایەک کە هیچ متمانەیەکی پێی نییە”.
د. سەردار عەزیز، ئاماژە بەوەش دەکات: “نەبوونی توانا، نەبوونی متمانە، لە هەمان کاتدا ناچاربوون بە تەسلیم ئەو دۆخەیە کە ئێران تیایدا دەژی. ئێران ئێستا لە بیری ئەوەدایە کە چۆن ڕژێمێک بمێنێتەوە، کە لە ناوەوە و دەرەوە نەخوازراوە. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. ئێستا ئەمریکا چاوەڕێی وەڵامە. وەڵامیش ئاسان نییە. چونکە بژاردەی شەڕ و ئاشتی وەک یەکە”.

