مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکدا ڕوودەدات کە دۆخی ناوچەکە هێشتا هەستیارە، و بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی سیستەمێکی بەرگری، بە تایبەتی لە کاتێکدا هەرێم بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی و درۆنی بووەتەوە، مایەی نیگەرانییە.
سەرۆکی حکومەت دەڵێت هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم قۆناغەدا زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی و درۆنی بووەتەوە.
لە هەمان کاتدا، مەسرور بارزانی جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە هیچ شەڕ و ململانێیەکی ناوچەیی. بە گوتەی ئەو، هەرێم هاوپەیمانی ئەمریکایە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەموو دراوسێکانی، لەوانەش کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەبێت.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە کە گفتوگۆ و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەیە و لەو گفتوگۆیانەدا هەمیشە دووپات کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە شەڕ و ململانێیەکان و نابێتە هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک.
لە بەشی دیکەی لێدوانەکانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی بوونی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت بوونی ئەو گرووپانە بۆ ساڵانێکی زۆر دەگەڕێتەوە و پەیوەندیی بە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە هەیە.
مەسرور بارزانی لەبارەی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیشەوە، پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، دەربڕیوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، داماڵینی چەکی میلیشیاکان و چارەسەرکردنی کێشە نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا.
ئەو هەروەها گوتوویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق.
لە ناوخۆی هەرێمیش، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کردووە.

