Site icon Zed Press

مەسرور بارزانی پەیامێکی بەپەلە ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی و لە پەراوێزی کردنەوەی حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هایتێکس، پەیامێکی بەپەلەی ئاراستەی هێز و لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردن کرد و داوای لێکردن بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە.

 

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانی و یاساییە بەرانبەر بە دەنگدەران و گەلی کوردستان. ئاماژەی بەوەش دا کە ناکرێت لەوە زیاتر هەنگاوەکانی دەستبەکاربوون و کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دوا بخرێن، چونکە پەرلەمان تاکە دەزگای شەرعی و نیشتمانیی گرنگە بۆ یاسادانان و چاودێریکردنی کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

 

بەپێی گوتەی سەرۆکی حکومەت، دانیشتنی پەرلەمان و کاراکردنەوەی یەکەم هەنگاوی بنەڕەتییە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. ئەو داوای لە پەرلەمانتاران کرد کە هەست بەم بەرپرسیاریەتییە بکەن، کۆتایی بە بایکۆت بهێنن و بگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمان تاوەکو پڕۆسەی سیاسی ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت.

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیران هۆشداری دا کە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەن حزبەکان بەرژەوەندیی گشتی بخەنە پێش بەرژەوەندیی حزبی و تاکەکەسی، و ڕایگەیاند کە حکومەت دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ کردووە، بەڵام پێویستە هەنگاوی خێرا بنرێت چونکە کات لە بەرژەوەندیی پڕۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمدا نییە.

Exit mobile version