Site icon Zed Press

بارەگای بارزانی ڕەخنەی توند لە “دیداری میری” دەگرێت و بێبەریبوونی خۆی لێ ڕادەگەیەنێت

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمیدا ڕەخنەی توندی لە شێوازی بەڕێوەچوونی کۆڕبەند و پانێڵەکانی ئەمساڵی «دیداری میری 2026» لە شاری هەولێر گرت و ڕایگەیاند کە ئەو دیدارە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە.

 

لە ڕاگەیێندراوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکرایەوە، هاتووە کە کۆڕبەندی میری لەم خولەیدا نەیتوانیوە بە شایستەیی ڕەچاوی فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی هێز و لایەنە جیاوازەکانی بەشەکانی تری کوردستان بکات لە بانگهێشتنامە و بابەتە پێشکەشکراوەکانیدا.

بارەگای بارزانی پێداگری لەسەر گرنگیی ئەم جۆرە کۆڕبەندانە کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە پێویست بوو لە دیدارێکی لەم ئاستەدا، نوێنەرایەتیی دۆزی گەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان بە شێوەیەکی گشتگیر و بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان ڕەنگ بداتەوە، نەک بە شێوازێک کە ببێتە هۆی نیگەرانی.

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا هۆشداری دراوە لە لێکەوتەکانی ئەم جۆرە مامەڵەکردنە و هاتووە: «ئەم جۆرە ڕەفتارانە نیگەرانیی خەڵکی تێکۆشەر و ڕەسەنی بەشەکانی تری کوردستانی لێکەوتووەتەوە و لە جیاتی نزیکبوونەوە، دەبێتە هۆی قووڵکردنی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی لە نێوان ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا.

 

ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەڵوێستە توندەی بارەگای بارزانی لە کاتێکدایە کە کۆڕبەندی ساڵانەی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI) لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەندین بەرپرسی باڵای ناوخۆیی، عێراقی و نێودەوڵەتی بەشدارن و تاوتوێی گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە دەکەن.

Exit mobile version