دادگەی لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، سکاڵایەکی یاسایی دژی محەممەد مەحموود محەممەد، سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان جووڵاندووە و فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکردووە. بەپێی نووسراوەکەی دادگە کە لەژێر ناونیشانی “فەرمانی دەستگیرکردن” ئاراستەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان کراوە، ڕێگە بە هێزەکان دراوە سەرۆکی حیزبەکە دەستگیربکەن و بیدەن بە دادگە، ئەوەش بەهۆی ئامادەنەبوونی لە ڕۆژی دادگەییکردنیدا دوای ئەوەی لە بنکەی پۆلیسی تەکیە سکاڵای لەسەر تۆمار کرابوو.
تۆمەتی ئاراستەکراو بۆ سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکرات، کە نیشتەجێی گوندی گوڵەخانەیە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، پەیوەستە بە “زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و زەویوزاری دەوڵەت”. دادگە بۆ ئەم مەبەستە پشتی بە مادەی 11 لە یاسای ژمارە سێی ساڵی 2018 بەستووە، کە تایبەتە بە ڕووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی. بەپێی دەقی ئەم مادە یاساییە، هەر کەسێک تاوانی “زەوتکردن، بەکارهێنان و دەستبەسەرداگرتنی بیناکانی دەوڵەت”ی بەسەردا ساغببێتەوە، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردنی دارایی لە نێوان سێ ملیۆن بۆ 15 ملیۆن دینار سزا دەدرێت، هاوکات دەبێت لەسەر خەرجیی خۆی زێدەڕۆییەکەش لابدات.
لە بەرانبەردا، د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە کێشەکە پەیوەندی بە بارەگایەکی حیزبەکەیانەوە هەیە لە ناحیەی تەکیەی سنووری قەزای چەمچەماڵ، کە لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 1991ـەوە تێیدان و چۆڵی ناکەن. گوتەبێژی حیزبەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا داوای ڕادەستکردنەوەی ئەو بارەگایە دەکرێت بە مەبەستی پێدانی بە وەبەرهێنەرێک بۆ ئەوەی بکرێتە شوێنێکی بازرگانی. ناوبراو بە توندی بەرگری لە مانەوەیان لەو شوێنەدا کرد و گوتی: “بارەگاکە لە ڕژێمی بەعس وەرگیراوەتەوە، کێ خۆی بە میراتگیری بەعس دەزانێت با داوای بکات”.
هاوکات گوتەبێژی حیزبی سۆسیال دیموکرات ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ موڵکەکانی دوای بەعس گرت و ڕایگەیاند، لە ساڵی 1991ـەوە هەزاران خانوو و شوێن کە لایەنەکان یان هاووڵاتییان دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو دەستیان بەسەردا گرتبوو، بەناوی ئەو کەسانەوە تاپۆ کراون کە تێیدان، بەڵام تەنها داوای چۆڵکردنی بارەگاکانی ئەوان دەکرێت. ئەو جەختی کردەوە کە تەنها کاتێک ئامادەن بارەگاکە ڕادەست بکەنەوە کە تەواوی ئەو موڵک و خانووانەی تریش بە هەمان شێوە ڕادەست بکرێنەوە.

