Site icon Zed Press

یەکگرتووی ئیسلامی بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەکات

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە فەرمی بڕیاری خۆی لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا ناکەن. یەکگرتوو جەختی کردووەتەوە کە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستی بە تەبایی و سازانی سەرجەم لایەنەکان هەیە.

 

یەکگرتووی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە ئەوان لە بنەڕەتدا لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەستبەکاربوونی شەرعی دامەزراوەکاندان، بەڵام پێیان وایە هەنگاوێكی لەم شێوەیە بەبێ هەبوونی ڕێککەوتنێکی گشتی و کۆدەنگی نیشتمانی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا، ناتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت و قبووڵکراو نییە.

 

میدیای فەرمی یەکگرتووی ئیسلامی دووپاتی کردووەتەوە کە ڕێڕەوی کاراکردنەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان نابێت ببێتە مایەی قووڵکردنەوەی زیاتری ناکۆکییە ناوخۆییەکان، بۆیە بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکەیان داوە تا ئەو کاتەی زەمینەیەکی گونجاو لەسەر بنەمای تەبایی سیاسی دێتە ئاراوە.

ئەم هەڵوێستەی یەکگرتوو هاوکاتە لەگەڵ بایکۆتی چەند لایەنێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، ئەمەش ئاڵۆزییەکی زیاتری خستووەتە بەردەم ڕێژەی یاسایی و سەرکەوتنی دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی بۆ دەدات.

 

Exit mobile version