Site icon Zed Press

یەکێتی: دان بەو حکومەت و پەرلەمانەدا نانێین کە لەم جۆرە دانیشتنانە بکەوێتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی و تونددا، بایکۆتی تەواوی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند و کۆبوونەوەکەی بە “نایاسایی و دوور لە پرەنسیپەکانی سازانی نیشتمانی” وەسف کرد. یەکێتی لە پەیامەکەیدا هۆشداری دەداتە هێزە سیاسییەکان و ڕای گشتی لە کەرتبوونی زیاتری ناوماڵی کوردی.

 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەنراوە فەرمییەکەیدا دەڵێ کە دەنگۆی بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیەی پەرلەمان، هیچ نییە جگە لە “هەوڵێک بۆ سەپاندنی فەرزی ئیرادەی لایەنێکی دیاریکراو” و دوورە لە بنەماکانی شەراکەتی ڕاستەقینە لە حوکمرانیدا.

 

حزبەکە جەختی لە باوەڕی قووڵی خۆی بە بنەماکانی سەروەری یاسا کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە بەستنی دانیشتنەکە بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختە و سازانی نیشتمانی، بە تەواوی نایاساییە و لەو ڕوانگەیەشەوە بە فەرمی داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی تری هەرێمی کوردستان کردووە کە بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا نەکەن و “نەبنە بەشێک لە ئاڕاستەیەکی تاکڕەوانە”.

 

لە توندترین پەیامی خۆیشیدا، یەکێتی بە ڕوونی ڕایگەیاندووە: “دان بە هیچ پەرلەمان و حکومەتێکدا نانێین کە دەرئەنجامی ئەو جۆرە کۆبوونەوە نایاساییانە بێت”، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە ئەگەر بەبێ ئەوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یان کابینەی نوێ پێک بهێنرێت، شەرعیەتی لای یەکێتی نابێت.

ئەم هەڵوێستە توندەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای ئەوە دێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان داکۆکی لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە دەکات، ئەمەش ئاسۆی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی دۆخێکی نادیار و ئاڵۆز کردووەتەوە.

 

Exit mobile version