Site icon Zed Press

ڕەوتی هەڵوێست بە فەرمی د. سارا موحسین و سازگار فایەقی دوورخستەوە

ئەمڕۆ چوارشەم، ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ڕەوتی هەڵوێست نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڕیاری دوورخستنەوەی هەردوو پەرلەمانتار (د. سارا موحسین و سازگار فایەق) لە ڕیزەکانی ڕەوتەکەی ڕاگەیاند. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە ئەو دوو پەرلەمانتارە پێچەوانەی بڕیاری فەرمی حزبەکەیان، بەشدارییان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا کرد.

 

ڕەوتی هەڵوێست لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕەخنەی توندی ئاراستەی ئەو دوو پەرلەمانتارە کردووە و چەندین خاڵی گرنگی لەسەر هۆکاری دوورخستنەوەکەیان خستووەتە ڕوو. ڕەوتەکە ڕایگەیاندووە کە چوونی سارا موحسین و سازگار فایەق بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان “لە دەرەوەی بڕیاری فەرمی ڕەوتی هەڵوێست” بووە، کە پێشتر بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی دابوو.

هەر لە پەیامەکەدا هاتووە کە ئەم دوو پەرلەمانتارە بە هەردووکیان تەنها (هەزار) دەنگیان هێناوە و لە ڕێگەی سیستمی کۆتاوە سەرکەوتوون بۆ پەرلەمان، بەڵام ئێستا ناپاکییان لە بنەماکانی حزبەکە کردووە. ڕەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوە کردووە کە دروشمی سەرەکی ئەوان لە کاتی بانگەشەدا “تەسلیم نەبوون بوو بەم دەسەڵاتە”، بەڵام ئەم پەرلەمانتارانە “دەنگی خەڵکی ناڕازییان برد و تەسلیمی دەسەڵاتیان کردەوە.”

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بە توندی هێرش کراوەتە سەریان و هاتووە: “زۆر کەس بوون بە مێژوو، پۆست و پارەیان دەستکەوت، بەڵام متمانە و کەسایەتی خۆیان لەدەستدا”.

ئەم بڕیارە توندەی ڕەوتی هەڵوێست دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ چوارشەم، بە دەستپێشخەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ساز کرا و جگە لە پەرلەمانتارانی پارتی، ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێست ڕیزەکانی حزبەکانیان جێهێشت و لە دەرەوەی بڕیاری فەرمی حزبەکانیان، بەشدارییان لە دانیشتنەکەی پەرلەمان کرد، بەوەش بوونە هۆی تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکە.

Exit mobile version