مایکڵ نایتس*
لە ڕووکەشدا، عێراق وا دەردەکەوێت کە تا ڕاددەیەك سەقامگیری بەدەستهێناوە. لە کۆتاییدا وڵاتەکە حکوومەتێکی کارای هەیە دوای ساڵێك لە بۆشایی سیاسی. توندوتیژی تیرۆرستی لە دوای داگیرکردنی لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە. تەنانەت میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیش، لە سەرچاوەیەکی درێژخایەنی گرژی بوون لەگەڵ واشنتۆن، هێرشەکانیان بۆ سەر شوێنە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە. لە وتارێکیدا لە ٤ی ئایاردا لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جەیك سولیڤان، ستایشی ستراتیژییەکی ئەمریکای کرد کە لەسەر “دوانە پایەی ڕێگریکردن و دیپلۆماسی” بنیات نراوە، بۆ کەمبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
کۆشکی سپی پێی وایە کە کەمکردنەوەی گرژی لە ئاستی ناوچەییدا پێویستە بۆ ئەوەی ڕێگە بدات ئەمریکا سەرنجی لەسەر کێبڕکێی خۆی لەگەڵ چین بێت.
وەکو لە وتارەکەی سولیڤاندا دەردەکەوێت، تیمی ئاسایشی نیشتمانی سەرۆك جۆی بایدن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی بێدەنگ وەک خواستێك بۆ خۆی دەبینێت بە عێراقیشەوە. هەرچەندە سولیڤان خێرا بوو لە زیادکردنی ئەو وتەیەک کە “ئاڵای سەرکەوتن لەسەر عێراق ناشهکێتەوە” و ئەمریکا هێشتا “ئەجێندایەکی فراوان”ی هەیە بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی بەغدا لە تاران، بەڵام پێوەری ڕاستەقینەی سەرکەوتنی ئەو بە ڕوونی کەمکردنەوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە زاڵن بەسەر حکوومەتی عێراقدا. کۆشکی سپی پێی وایە کە کەمکردنەوەی گرژی لە ئاستی ناوچەییدا پێویستە بۆ ئەوەی ڕێگە بدات ئەمریکا سەرنجی لەسەر کێبڕکێی خۆی لەگەڵ چین بێت. بەڵام ئەم جۆرە سیاسەتە لە عێراقدا موژدەی زیانبەخشی پێدەبێت لە ئایندەدا، چونکە خواستی ئەمریکا بۆ ئەم جۆرە ئارامییە لەلایەن هاوپەیمانەکانی تارانەوە دەقۆزرێتەوە بۆ تێکدانی سەقامگیرییە سیاسییەکەی.
سەرکەوتن بەسەر میلیشیاکاندا
عێراق لە ٢٠٠٣ەوە بە ژمارەیەك ساتەوەختی تاریکدا تێپەڕیوە، بەڵام لەوانەیە هیچیان وەکو ساتی ئێستا هیوابڕ نەبووبن. بەڵێ، عێراق حکوومەتێکی بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە کە کوتلەیەکی سیاسی و هاوپەیمانی نزیك لە ئێرانە. بەڵام ئەمە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە براوەی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، بزووتنەوەی پۆپۆلیستی موقتەدا سەدری پیاوی ئایینی شیعە، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا لە پەرلەمان کشایەوە. سەدرییەکان ئەم هەنگاوەیان دوای ئەوە گرتەبەر کە دەسەڵاتی دادوەری، کە لەلایەن سەرکردە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کۆنترۆڵکراوە، ڕێساکانی پێکهێنانی حکوومەتیان لە بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی تاران گۆڕی. لە ئەنجامدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بێ بایەخ کرا و دۆڕاوەکان بە سەرکەوتن پاداشت کران- تەنانەت دوای ئەوەی ئاژاوەیان گێڕا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی ماڵی سەرۆکوەزیران کرد.
دەسەڵاتی ڕاستەقینە سێ لۆردی جەنگن لە هەڕەمی چوارچێوەی هەماهەنگیدا کە هەریەکەشیان لەنزیکەوە وابەستەی ئێرانن؛
قۆرخکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی حکوومەتی عێراق دواتر لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە لە مێژووی ئەو وڵاتە لە دوای ٢٠٠٣وە وێنەی نەبووە. لە ئاستی دەسەڵاتی بێچاودێری حوکم دەکرێت بەجۆرێك کە عێراق لەسەردەمی ڕۆژگارەکانی سەدام حوسێنەوە بەخۆیەوە نەبینیوە. سودانی بوکەڵەیەکە: لەکاتێكدا سەرۆکوەزیران بەڕێوەبەرێکی بەئەزموونی کەرتی گشتییە و کەسێکی جدییە، بەڵام تەنیا بەناو عێراق بەڕێوەدەبات و لەلایەن هاوپەیمانەکانی تارانەوە بەئاشکرا لە بەغدا بێڕێزی پێدەکرێت. دەسەڵاتی ڕاستەقینە سێ لۆردی جەنگن لە هەڕەمی چوارچێوەی هەماهەنگیدا کە هەریەکەشیان لەنزیکەوە وابەستەی ئێرانن؛ ئەوانیش قەیس خەزعەلی تیرۆریستی دەستنیشانکراوی ئەمریکا و سەرۆکی هێزی میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەقە کە لەلایەن ئێرانەوە ڕاهێنراوە؛ نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق؛ هەروەها هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر کە لە لایەن ئێرانەوە دامەزراوە.
ئەم سێ سیاسەتمەدارە ساڵانێکی زۆر لەلایەن چەقۆکێشە نایارەکانیانەوە کەمێك کۆنتڕۆڵکرابوون. لەماوەی داگیرکاری ئەمریکا لە ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١ و دووبارە لەماوەی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩دا، واشنتۆن بەوریاییەوە کاری دەکرد بۆ ڕێگریکردن لە میلیشیاکان لە کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەیەکی زۆری باڵەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت. خۆپیشاندەرانی عێراقی هەروەها کاریگەریان لە کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن گروپەکانی سەر بە ئێراندا هەبووە، خۆپیشاندانە بەرفراوانەکەی ٢٠١٩، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی کۆنتڕۆڵکراوی لەلایەن میلیشیاکانەوە، ڕوخاند. هەروەها لە دوایین هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، سەدر هەوڵیدا زۆرینەی تائیفی و فرەنەتەوەیی کۆبکاتەوە بۆ پێکهێنانی کابینەیەك کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەخۆنەگرێت.
ئەمڕۆ هەموو ئەو سەرچاوانەی ئۆپۆزسیۆن شکستیان هێناوە. سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردن لەلایەن سەدر بەهۆی دەستتێوەردانی دەسەڵاتی دادوەرییەوە شکستی هێنا، و بزوتنەوەکەی ئێستا لە دەرەوەی دەسەڵاتە و برینەکانی دەلێسێتەوە. هەروەها میلیشیاکانی سەر بە ئێران هیچ ترسێکیان لە خۆپیشاندەرە ترسنۆك و بێهیواکانی گەنجان نییە. هاوکات، ئەمریکا بەهۆی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکەی لەگەڵ چین سەرقاڵ بووە و ئامانجەکانی کەمکردووەتەوە بۆ شتی سادەی وەکو کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بێگوێدانە زەرەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە ئایندەدا.
خراپ بەکارهێنانی سیستەمەکە
کاریگەرییە خراپەکانی دەستبەسەرداگرتنی حکوومەتی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە لە ئێستاوە ڕوونە. ئێستا کوتلەکە دەسەڵاتی ئازادی هەیە بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی بەرفراوانی وڵات و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی دەوڵەتی عێراق و سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان. باڵادەستبوونی هیچ نیشانەیەکی نزمبونەوەی پێوە دیارنییە: چوارچێوەی هەماهەنگی ئێستا زاڵە بەسەر کابینەی وڵاتەکەدا و تاکو هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە بڕیارە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا ئەنجامبدرێت.
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە گرووپەکە تا ڕادەیەك کردەوەکانی دەسەڵاتی دادوەری ئاراستە دەکات کە لە دوای ڕووخانی سەدامەوە وێنەی نەبووە. باڵاترین دادوەری عێراق، فایەق زێدان، هاوپەیمانێکی نزیکی لۆردانی جەنگە کە لە لوتکەی چوارچێوەی هەماهەنگیدان. لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا، دادگای باڵای فیدڕالی دەستوەردانی یەکلاکەرەوەی لە سیاسەتی وڵاتەکەدا کردووە بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی میلیشیاکان. ڕێك لەو ساتەدا کە چوارچێوەی هەماهەنگی پێویستی بوو بۆ ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١، دادگا یاساکانی پێکهێنانی حکوومەتی گۆڕی، بڕیاریدا کە سەدر پێویستی بە زۆرینەی سەرووی دوو لەسەر سێی پەرلەمان هەیە، نەك زۆرینەیەکی سادە، بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
چوارچێوەى هەماهەنگى دەسەڵاتى کۆنتڕۆڵنەکراوى بۆ چەسپاندنى خۆی لە دامەزراوەکانى ترى دەوڵەتى عێراقدا بەکاردەهێنێت. دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، فڕۆکەخانەی بەغدا، دەزگاکانی دژە گەندەڵی، و پۆستە گومرگییەکان هەموویان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ەوە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپەوە.
گرووپەکانی سەر بە ئێران کۆمپانیایەکی سەر بە دەوڵەتیان دامەزراندووە، کە چالاکانە سەروەت و سامانی دەوڵەتی بەخۆیەوە چەسپاندووە
هەروەها تاقمەکانی سەر بە ئێران کاریگەریی فراوانبوونی خۆیان لەناو ئەو دامەزراوانەدا وەکو هەوڵێك بۆ بێدەنگکردنی نەیارانی ناوخۆیی خۆیان بەکاردەهێنن. بۆ نموونە، دوای کۆنترۆڵکردنی ڕێکخەری کاروباری میدیای عێراق، کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیا، لە کانونی دووەمدا، پلانیان داڕشت بۆ دەرکردنی ڕێسای ناوەڕۆکی دیجیتاڵی توند کە بەڵێن دەدات ئازادی ڕادەربڕینی عێراقییەکان بکوژێنێتەوە. ئەو ڕێسایانە، کە دەڵێت پێویستە چالاکانی سۆشیال میدیا ڕوو لەو دۆمەینانە بکەن کە حکوومەتی عێراق خاوەندارێتییان دەکات، و پێناسەی ناڕوون بۆ ناوەڕۆکی نەگونجاو لەخۆدەگرێت کە خزمەت بە پاساودانی سانسۆر دەکات، ڕەخنەی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لێکەوتەوە بەهۆی پێشێلکردنی دەستووری عێراق.
پاشان، چوارچێوەی هەماهەنگی، سەرچاوەکانی دەوڵەتی عێراق لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی خۆی تاڵان دەکات. گرووپەکانی سەر بە ئێران کۆمپانیایەکی سەر بە دەوڵەتیان دامەزراندووە، کە چالاکانە سەروەت و سامانی دەوڵەتی بەخۆیەوە چەسپاندووە و هەمان ڕێگای سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەکاردەهێنن. جگە لەوەش ئەم گرووپانە سەرپەرشتی فراوانکردنی لەڕادەبەدەری بودجەی عێراقیان کردووە وەکو هەوڵێك بۆ کڕینی پشتیوانی خەڵك و چەسپاندنی دەسەڵاتیان.
تاڵانکردنی دەوڵەت
سیاسەتمەدارانی سەر بە میلیشیاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ماوەیەکی درێژە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کۆمپانیایەك دەدەن کە بتوانێت زەوی حکوومەت و سەروەت و سامانی گشتی دیکە کۆبکاتەوە. مۆدێلی ئەوان بۆ ئەم هەوڵە گەورە کۆمپانیای خاتەم ئەل-ئەنبیائی سەر بە سوپای پاسدارانە کە کاریگەریی ئابووری و سیاسی بەرفراوانی لە ئێراندا بەدەستهێناوە بەهۆی پێبەخشینی زیاتر لە ١،٢٠٠ گرێبەستی بیناسازی بە بەهای زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلار لەوکاتەوەی لە ساڵی ١٩٩٠ دامەزراوە. کۆمپانیای خاتەم ئەل-ئەنبیائیش لەلایەن ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر وەک بازرگانی درێژکراوەی سەر بە سوپای پاسداران.
هەرکاتێك کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ لەم ساڵانەی دواییدا هاتبێت، میلیشیاکانی سەر بە ئێران پرسیاریان لە هەریەکێك لەو کاندیدە دیاریکراوانە کردووە، کە ئایا پشتگیری لە دروستکردنی کۆمپانیایەك دەکەن بەو ئاراستەیەدا. لە ساڵی ٢٠١٨دا سەرۆكوەزیرانی ئەوکاتی عێراق عادل عەبدولمەهدی بەڵێی کرد و پشتگیری میلیشیاکانی وەرگرت بۆ دەستنیشانکردنی وەك سەرۆكوەزیران، بەڵام حکوومەتی ئەمریکا ڕێگری لە پێکهێنانی کۆمپانیاکە کرد. کاتێک مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران لە ساڵی ٢٠٢٠ وەك سەرۆکوەزیرانی جێگرەوەی نیوە خول پۆستەکەی وەرگرت، پشتگیری سیاسیی هەبوو بۆ ئەوەی پێکهێنانی کۆمپانیاکە ڕەتبکاتەوە و دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢دا جارێکی دیکە ڕەتیکردەوە و هاوپەیمانەکانەکانی تارانیش وایانکرد کازمی باجی ئەو کارەی بدات و نەیانهێشت خولێکی دیکەی چوار ساڵی وەربگرێت. دواجار میلیشیاکانی سەر بە ئێران ڕێگەی خۆیان گرتەبەر بۆ جێگرەوەی کازمی و سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سودانیان دانا کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا پێکهێنانی “کۆمپانیای گشتی موهەندیس بۆ بیناسازی، ئەندازیاری و بەڵێندەرایەتی میکانیکی و کشتوکاڵی و پیشەسازی” ڕاگەیاند. ناوی کۆمپانیاکە بەناوی ئەبو مەهدی موهەندیس کە لە لیستی تیرۆری دەستنیشانکراوی ئەمریکا دابوو ناونراوە، کە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکاوە کوژرا، ئەمجارە، ئەمریکا هیچی نەکرد.
كۆمپانیای گشتی موههندیس، کۆنتێنەرێکی بەتاڵە کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەتوانن لە ڕێگەیەوە کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ئابووری عێراقدا بچەسپێنن.
هیچ ڕێکخراوێك وەکو کۆمپانیای گشتی موهەندیس پێشتر لە عێراقدا بوونی نەبووە. هەر وەکو لە ماددەکانی دامەزراوەکەدا دیارە، کۆمپانیاکە بەفەرمی لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، ئەو هێزە یەدەگەی عێراق کە لەماوەی شەڕی دژی داعشدا سەریهەڵدا و لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیی و تیرۆریستەکانی تری سەر بەئێرانەوە سەرکردایەتی دەکرێت. بنەمای کارکردنی بەشێوەیەکی کاریگەر بێ سنورە: دەتوانێت لەهەر پنتێك کار بکات، وەکو لە ناوە تەواوەکەیەوە دیارە، و لە بنەڕەتیشدا کۆنتێنەرێکی بەتاڵە کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەتوانن لە ڕێگەیەوە کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ئابووری عێراقدا بچەسپێنن. بۆ کۆمپانیایەکی سەر بە دەوڵەتیش کۆمپانیا نوێیەکە بە شێوەیەکی ناوازە دەتوانێت زەوی و سەرمایەی دەوڵەت و کارگەکانی دەوڵەت بەخۆڕایی وەربگرێت، هەروەها دەتوانێت کاری بنیاتنان و ڕووخاندن بەبێ ڕەزامەندی کابینە و پەرلەمان ئەنجام بدات.
هەر زوو دوای دامەزراندنی، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، کۆمپانیای گشتی موهەندیس ١.٢ ملیۆن دۆنم زەوی حکوومەتی لەسەر سنوری سعودیە بە بەلاش وەرگرت. بەخششەکە لە میدیادا راگەیەندرا، بەڵام بەپڕۆسەی ئەو کاغەز و کاغەزکاری و ڕۆتیناتەدا نەڕۆیشت کە عادەتەن بۆ وەرگرتنی ئەو جۆرە پڕۆژانە پێویستن. پڕۆژەکە بەناو بۆ چاندنی دار و کشتوکاڵە، بەڵام ئەگەر هەر بۆ تێگەیشتن بیپێوین ئەوا ناوچەکە هێندەی نیوەی ڕووبەری لوبنانە و ٥٠ جاریش لە گەورەتیرن پڕۆژەی کشتوکاڵی لە عێراقدا گەورەترە. زەویەکە لەڕووی ستراتیژییەوە لە ناوچەیەك هەڵکەوتووە کە میلیشیاکانی عێراق چەندین جار لەوێوە درۆنیان بۆ سعودیە و ئیماڕات لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە هەڵداون. هەروەها ئەمەش لەوانەیە یەکەم نمونەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی نیشتەجێبوون بێت کە هێزێکی حەشدی شەعبی بە نایاسایی دەستی بەسەر پارچە زەوییەکی خانوبەرەی نایابدا لە ڕۆژئاوای بەغدادا گرت بەناوی کۆمپانیای گشتی موهەندیس لە ٢٤ی نیساندا، کە بە سادەیی دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی گەورەیە لە ناوەندی مێژوویی بەغدا بە قەبارەی ٢٠ بلۆکی شاری نیویۆرك، یان تەواوی گۆڕەپانی کۆشکی بەکینگهام [کۆشکی نیشتەجێبوونی پادشایەتی بەریتانیا لە لەندەن]، یان کۆشکی سپی ئەمریکا.
گەشەسەندنی بەردەوامی کۆمپانیای گشتی موهەندیس گورزێکی توند لە عێراق دەکات. هەروەها هیواکانی ئەمریکا بۆ داهاتووی ئابووری وڵاتەکە پووچەڵ دەکاتەوە. لە ٣١ی ئایاردا، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باڵیۆز باربارا لییف، بە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ڕاگەیاندووە، “گەشەی ئابووری بۆ یەکەمجارە بە بەڕاستی و ڕوونی” لە عێراقی ئەمڕۆدا دیارە. ئەم هەلە لە بێشکەدا دەخنکێت ئەگەر میلیشیا بەهێزەکان بتوانن دەسەڵاتە ئابوورییە نوێیەکەیان بەکاربهێنن بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەر پیشەسازییەکی هیوابەخش و خۆسەپاندنیان بەسەر گرێبەستە حکومییەکان و ترساندنی وەبەرهێنەرانی بیانی.
خەرجییەکی زۆر
میلیشیاکانی سەر بە ئێران داهاتی دەوڵەتیش بۆ قایمکردنی دەسەڵاتی خۆیان بەکاردەهێنن. یەکەم پڕۆژە یاسای بودجەی حکوومەتی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی گەورەترین پڕۆژە یاسایە لە مێژووی عێراقدا: پێشنیاری خەرجیەکی ١٥٠ ملیار دۆلاری دەکات، کە بەنزیکەیی لەسەدا ٥٠ زیادیکردووە بە بەراورد لەگەڵ دوایین بودجەی پەسەندکراوی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا. حکوومەتەکە بەڵێنی داوە ئەو ئاستی خەرجییە بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو بەردەوامی پێبدات کە هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥.
ئەو ئاستە بەرزەی خەرجی ئاگادارییەکانی ئەمریکا و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهان پشتگوێ دەخات کە داوایان لە عێراق کردووە ڕێژەی هەڵاوساوی کەرتی گشتی بچوك بکاتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵدەدات نیازپاکی باڵە سیاسییەکانی عێراق و خەڵکەکەی بەو خەرجییە زۆرانە بکڕێت، لەنێویاندا دابینکردنی لانیکەمی ٧٠١،٠٠٠ هەلی کاری حکومی کە دەکاتە زیادکردنی لە سەدا ١٧ی فەرمانبەرانی حکوومەت لە تەنیا ساڵێکدا. بۆ نمونە، مووچەخۆرانی حەشدی شەعبی لە ١٢٢،٠٠٠ بۆ ٢٣٨،٠٠٠ ئەندام زیاد دەکرێن، کە دەکاتە زیادەی لە سەدا ٩٥ی ژمارەی ئەو میلیشیایانەی لە لایەن دەوڵەتەوە پارە وەردەگرن لە وڵاتێکدا کە کەمترین ڕێژەی توندوتیژی لەماوەی دوو دەیەدا بەخۆیەوە دەبینێت.
به پێی پێشبینی رێكخراوی دراوی نێودهوڵهتی، عێراق لە چەند ساڵی داهاتوودا تووشی “مەترسی گەورەی سەقامگیری ئابووری دەبێت”.
لەڕێگەی بارگرانکردنی دەوڵەت بە مەرجەکانی پێدانی مووچە، چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێگە خۆشدەکات بۆ ناسەقامگیری لە داهاتوودا. سەرەڕای نرخی ئەمڕۆی نەوت، کە بەرمیلی بە نزیکەی ٧٥ دۆلارە، ئەو ڕێژە زۆرەی خەرجی زۆربەی ئەو ١١٥ ملیار دۆلارەی یەدەگی عێراق وشك دەکات لەماوەی نیو دەیەدا/٥ ساڵ. ئەگەر نرخی نەوت بشکێت، بەغدا تەنانەت زووتر ئیفلاس دەبێت. کاتێك بەغدا ساڵی ٢٠١٤ یەکەمجار خۆی لەناو قەیرانی داراییدا بینیەوە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خێرا کۆمەکیان کرد، چونکە وڵاتەکە گرنگ بوو بۆ شەڕی دژی داعش. بەڵام حکوومەتی عێراق ناتوانێت پشت بەو خێرومەندانە ببەستێت لە ئایندەدا. لە ٣١ی ئایاردا، رێکخراوی دراوی نێودەوڵەتی زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا بە پێشبینکردنی ئەوەی کە عێراق لە چەند ساڵی داهاتوودا تووشی “مەترسی گەورەی سەقامگیری ئابووری دەبێت”. بە دەستەواژەی سادەتر، ئەوە مانای نەدانی مووچەی فەرمانبەران و وەبەرهێنەران و هەڵاوسان و خۆپیشاندان و ناسەقامگیری و لێشاوی پەنابەرانە کە بۆ ئەوروپا دێت.
کارامەیی
بۆ ئەمریکا، ئەو بێدەنگییە ڕواڵەتییەی لە عێراقدا هەیە دەتوانرێت هەڵگەڕێتەوە بۆ ئارامی پێش زریانەکە. ئەوە یەکەمجار نییە واشنتۆن پێی وایە لەسەر هێڵە ڕاستەکەی سەقامگیرییە بۆ عێراق: دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ کە هەڵبژاردنەوەی مالیکی بۆ خولی دوومی کارەساتبار بەخۆیەوە بینی، ئەمریکا هەوڵیدا دەست لەو وڵاتە بشوات. پاشانیش، هەر وەکو ئێستا، میلیشیاکانی سەر بە ئێران توانیان پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە بەرژەوەندی خۆیان بشێوێنن و لەدەرەئەنجامدا دەسەڵاتی بەغدایان بە گەندەڵی و هەژمونی میلیشیاکان و خزمخزمێنەی سیاسی لاواز کرد. دوای کشانەوەی ئەمریکا لە کانونی یەکەمی ٢٠١١دا، عێراق ئارام دەردەکەوت، بەڵام دامودەزگا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لەناوەوە بۆگەنی دەکرد. دوای دوو ساڵ و نیو، ئەمریکا بەناچاری گەڕایەوە عێراق بۆ ئەوەی شەڕێکی خوێناوی بکات دوای ئەوەی داعش یەك لەسەر سێی وڵاتەکەی گرت. واشنتۆن ناتوانێت ڕێگە بە مێژوو بدات خۆی دوبارە بکاتەوە.
کەمکردنەوە کاتییەکانی ڕووداوی هێرشی بچوك بچوك بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا کە بە دیواری گولەنەبڕ دەورەدراون، نابێت پێوەرێکی سەرەکی واشنتۆن بێت بۆ سەرکەوتن لە عێراقدا. شوێنە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا کە بە چڕی پاسەوانی دەکرێن، بە تێچووی زۆر گەورە دروستکراون، بە وردی بۆ ئەوەی ڕێگە بە دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان بدەن بەرگری لە بەرژەوەندی و بەهاکانی ئەمریکا بکەن سەرەڕای هەراسانکردنی دوژمن.
فایق زەیدان، زۆر نیگەران بوو کاتێك سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە مانگی شوباتدا نامەیەکیان بۆ بایدن نارد و ناوی زەیدانیان وەکو ئامانجێکی ئەگەری سزاکان ناوبرد.
ئەمریکا پێویستی بە ناردنی سەرباز یان ملیارەها دۆلار نییە بۆ ئەوەی ڕەوتە مەترسیدارەکانی عێراق پێچەوانە بکاتەوە. توانا دارایی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هێشتا دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کردەوەی بەرپرسانی عێراق هەبێت- کە زۆربەیان خواست و بەرژەوەندی سیاسی باڵایان هەیە لە بازرگانی و بانکی نێودەوڵەتیدا. بۆ نموونە بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، فایق زەیدان، زۆر نیگەران بوو کاتێك سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە مانگی شوباتدا نامەیەکیان بۆ بایدن نارد و ناوی زەیدانیان وەکو ئامانجێکی ئەگەری سزاکان ناوبرد. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستی بە بەکارهێنانی ئەو جۆرە گوشارانە هەیە، سەرەتا بە شێوەی کەسە تایبەتەکان، بۆ ئەوەی ئاماژە بە نیگەرانییەکانی خۆی بکات سەبارەت بە دۆخی دەسەڵاتی دادوەری عێراق و سەرکردایەتییە سەرەکییەکەی.
مەترسییەکی ڕاستەقینە هەیە کە عێراق ببێتە جۆرێك لە دیکتاتۆریەتی دادوەری، کە تێیدا حکوومەتەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری نوێنەرایەتی چەکوشێکی هەمیشەیی دەکات کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەکاریدەهێنن. بەرپرسانی ئەمریکی زانیاری هەواڵگری بێ ڕکابەریان لەسەر پەیوەندییەکان و بەرژەوەندییە داراییەکانی بەرپرسانی گەندەڵ لە عێراقدا هەیە و پێویستە ئەم زانیاریانە زیاتر بەکاربهێنن بۆ دەرکردنی هۆشداریی تایبەتی توند بۆ بەرپرسانی بەغدا بۆ پێداچونەوە بە ڕەفتارەکانیان.
هەروەها واشنتۆن دەبێت بەڵێنەکەی بەباشی بەکاربهێنێت بۆ پشتیوانیکردنی بەها دیموکراسییەکان و مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا. لە وتارێکیدا لە مانگی ئایار، سولیڤان جەختی لەوە کردەوە کە پشتگیریکردن لە بەهاکانی ئەمریکا یەکێکە لە پێنج پایەکانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیدارەی بایدن. ئەمڕۆ لە عێراقدا، ئەمە بە واتای پاشەکشێ پێکردنی بەغدایە لەو کۆتوبەندە توندانەی خستویەتە سەر بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری و تەنزی سیاسی- کە هەموویان نیشانەی بنیاتنانی دیکتاتۆرییەتن لە وڵاتەکەدا.
واشنتۆن دەبێت پشتیوانی لە ڕۆژنامەگەری بنکۆڵکاری بکات و یارمەتی پاراستنی ئەو جۆرە هەوڵانە بکات بە پێگە باشەکەیەوە. ئەمریکا هەروەها دەتوانێت توانا هەواڵگرییە داراییەکانی بەکاربهێنێت بۆ دۆزینەوەی ئەو پارەیەی لە دەرەوەی وڵات لەلایەن گەندەڵکارانەوە شاردراوەتەوە و ئەو پارەیە نەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق. بۆ نموونە، دەتوانێت یارمەتی دەسەڵاتدارانی عێراقیش بدات بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی ڕاستەقینەی پشت “دزیی سەدە”ی ١.٥ ملیار دۆلارەکە، کە تێیدا بەرپرسانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی، هەژمارێکی باجی حکوومەتی عێراقیان خاڵیکردەوە لە ڕێگەی دزینی دەفتەری چەک و نووسینی سەدان چەک بۆ خۆیان. ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی دەوڵەتێکی عێراقی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و کارای له ڕووی ئابوورییەوە دەوێت، پێویستە سەرکردایەتی و پاڵپشتی لێکۆڵینەوەکان بکات بۆ بەدواداچوونی پارە دزراوەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق- نەك ئەوەی تەنیا گوێبیستبونی کەیسەکانی وەکو ئەمانە، دوای ئەوەی لە هەواڵەکان بڵاودەکرێنەوە.
کۆمپانیای گشتی موهەندیس لە ئێستاوە بۆتە بابەتی لێکۆڵینەوەی وردی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و نووسینگەی ڕێکخەری دژە گەندەڵی جیهانی ئەمریکا،
لە هەمووی خێراتر، پێویستە ئەمریکا کار بکات بۆ پەراوێزخستنی کۆمپانیای گشتی موهەندیس لە ئابووری عێراق پێش ئەوەی دیمەنی وەبەرهێنانی وڵاتەکە پیس بکات. کۆمپانیاکە نوێنەرایەتی هەوڵێك دەکات بۆ زەوتکردنی سەروەت و سامانی وڵاتێکی پیشەسازی گەورە بۆ سوودی دارایی ئەوانەی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان لەگەڵ پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ، کە سوودمەندی سەرەکی کۆمپانیاکەن. ئافەرین بۆ حکوومەتی ئەمریکا کە کۆمپانیای گشتی موهەندیس لە ئێستاوە بۆتە بابەتی لێکۆڵینەوەی وردی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و نووسینگەی ڕێکخەری دژە گەندەڵی جیهانی ئەمریکا، بەڵام ئەمە پێویستی بە وەرچەرخانێك هەیە بۆ خزاندنیان بۆ ناو لیستی سزاکان.
ئەمریکا دەتوانێت خۆی بخانە سەر ڕێڕەوە ڕاستەکەی مێژوو لە عێراقدا ئەگەر بە هێزێکی پڕ وزەوە بەردەوام بێت لە پاشەکشێپێکردنی زیادەڕەوییە هەرە خراپەکانی میلیشیاکان کە لە پشت حکوومەتی ئێستاوە وەستاون. تەنانەت لەناو کێبڕکێیەکانی لەگەڵ چین و شەڕی ئۆکرانیادا، واشنتۆن هێشتا دەتوانێت دەنگ و توانا دارایی و هەواڵگرییە بێهاوتاکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ لاوازکردنی هێزەکانی دژە دیموکراسیی و دەرفەتیش بدات بە گەنجان و چاکسازیخوازان و لێکۆڵەرانی دژە گەندەڵی عێراق بۆ بەرگریکردن لەو دیموکراسییە ناسکە کە هێشتا بە ئاستەم لە عێراقدا بوونی هەیە.
لە ئینگلزییەوە: محەمەد عەبدوڵا
- گۆڤاری فۆڕن ئەفەیەرس، ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣