شوان کەلاری
ئەندامی پەرلەمانی عێراق
درۆ:
کاتێک درۆکردن وەک هۆکارێک بۆ خەڵەتاندن و سەرکەوتن بەکارهێنرا، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەردەوام بوون لەگەڵ درۆزناندا کارەسات و نەهامەتی دروست دەکات، ئاخر کورد و سەرکردایەتی کورد مامەڵە لەگەڵ درۆزنگەلێکی سیاسی و حوکمڕانی بێشعوردا دەکات، بۆیە حاڵمان بە ئێستا گەیشتووە، جاران دەگوترا (ملی خۆت لەسەر ڕاستی دابنێ)، ئێستا شەووڕۆژ خەریکی درۆکردنن، کەچی نەک خۆیان بە «مل شۆڕ» نازانن، بەڵکو درۆ بە عیبادەت دەزانن!
جاران کەسێک درۆی بکردایە زەرد هەڵدەگەڕا و تەریق دەبووەوە، ئێستا بەشێک لە سەرکردەکانی عێراق کاتێک قسەیەکی ڕاست دەکەن تەریق و سوردەبنەوە! بەڵێن دەدەن و بەڵێنەکەیان نابەنە سەر و درۆ دەکەن و پەشیمان دەبنەوە، ڕێککەوتننامەت لەگەڵ ئیمزا دەکەن و جێبەجێی ناکەن، نەک هەرئەوە، بەڵکوو دەستوور جێبەجێناکەن و درۆ دەکەن، هەر بەدرۆ و کلاواتیش مووچە و بودجەی هەرێمیان بڕیوە و خەریکن تاوانی بڕینەکەش دەخەنەوە سەرخۆمان! ژیان لەگەڵ دز و درۆزن زۆر زەحمەتە.
درۆن:
درۆنەکانی تورکیا و ئێران و ئەمریکا تەراتێنیانە لە عێراقدا، هەرئەوەندە نا، ئێستا درۆنی لۆک و تازە دەدەن بە عێراق بۆ ئەوەی (دژی خۆی بەکاری بهێنێت)، واتە درۆنەکانی عێراقیش خودی عێراق بۆردمان دەکەن، (پڕۆسەیەکی خۆکوژییە)!
بینیمان، درۆنێک خۆی کرد بە ژووری میوانەکەی مستەفا کازمیدا و تەقیەوە، دانەیەکی تریان نارد بۆ ماڵی محەمەد حەلبووسی لە ئەنبار، بۆ هەولێر تەنیا درۆن نانێرن، بەڵکوو (درۆن و کرۆز) دەنێرن، ئەوە نەبوو ماڵی شێخ باز و کەناڵی ئاسمانی (کوردستان٢٤)یان داوە بەر کرۆز، ئێران و تورکیا و عێراق پێکەوە بە درۆن لە کوردستان دەدەن؛ ئەنفالیان کردین، کیمابارانیان کردین، گوند و شارەکانیان ڕووخاندین، خاک و ئەرزەکانمانیان داگیرکردووە، مووچە و قووتی فەرمانبەرانمانیان بڕیوە، درۆنبارانمان دەکەن! وازمان لێ ناهێنن، (خوێنی باوکیان بەلامانەوەیە!)، هێشتاش (ڕەوە جاش) هەن لە نێو خۆماندا دەڵێن: خەتای حکوومەتی هەرێمە! یان خەتای ڕیفراندۆمەکە بوو! ئێ خۆ ئەنفالیان کردین و ژن و منداڵەکانمانیان فرۆشتە وڵاتانی عەرەبی و زیندەبەچاڵیان کردین ڕیفراندۆممان نەکردبوو! ئەی خۆ ئێستا گەڕاینەوە بۆ بەغدا و ڕێککەوتووین و سەربەخۆیانە نەوتیش نافرۆشین، ئەی بۆ مووچەمان دەبڕن و خەریکە لە برسا دەمانکوژن؟!
دزی هەمەجۆر:
عێراق گەندەڵترین و دزترین وڵاتی جیهانە، دوو ملیار و نیو دۆلار (سێ تریلیۆن و حەوت سەد و پەنجا ملیار دینار) لە ماوەی یازدە مانگدا «٢٠٢١-٢٠٢٢» لە بانک ڕاکێشرا و دزرا، بەڵێ ئەو مەبلەغە بە ڕۆژی ڕووناک بەکاشی لە بانک دەرهێنرا و دزرا، ئەم دزییە ناونرا (دزی سەدە – سرقە القرن)، ئەم جۆرە دزییە لە ئاستی جیهان نمونەی نەبووە، دەیان جۆری تری دزی و گەندەڵی لە عێراق هەیە، دزی لە پڕۆژەکان و لە دامودەزگاکانی دەوڵەت، ئەمە جگە لە پۆست فرۆشتن و بەرتیل خواردن، بڕۆ گوزەرێک بە نێو بەغدا و بابل و سەماوەدا بکە ئەوسا دەزانین بارودۆخی خزمەتگوزاری چۆنە؟ ئەوسا بۆت دەردەکەوێت عێراق وڵاتی (دز و درۆزن و پارەخۆر و ڕەشۆخۆر)انە، ئەوسا بۆت دەردەکەوێت کە کوردستان چەند ڕازاوە و پڕ لە خزمەتگوزارییە.
هەر دزی پارە و پوول نییە لە عێراق، بەڵکوو دزی کورسی و دەنگیش هەیە، جا ئەم جۆرە دزیەیان بە کادیر و تەکنیککاری غەیرە عێراقی و لە نێو عێراقدا ئەنجام دەدرێت، لەدەرەوەی عێراقەوە دێن و دەنگ و لیڤڵ و کورسی حزبێکی سەربەخۆیان بەرز دەکەنەوە، هیی حزبێکی تر دادەبەزێنن، دەنگی کورد دەدزن هیی عەرەب و تورکمان بەرز دەکەنەوە.
هەر ئەمە نا، جۆرێکی تر دزی و فزی لە عێراق هەیە کە زۆر جیاواز و سەیرە! مەسیحی لە مەسیحی دەدزن (مەسیحیان کردووە بە حەشد)، ئێزیدی لە ئێزیدی دەدزن، ئێزیدی لە ڕیزی دژە ئێزیدییەکاندایە! کورد لە کورد دەدزن، کوردمان هەیە قەفی شوارب و ڕیشی بەقەد دوو بەشەر دەبێت کەچی دزیویانە و خۆی فرۆشتووە بە دزەکان و دژی کورد و کوردستانە، تەنانەت شیعە لە شیعە دەدزن و سووننەش لە سووننە دەدزن.
بەڵێ عێراق سەیرە و بێخاوەنە و خەڵک و خاک و سەروەت و سامان و سیادەی لەبەردەم درۆن و هەڕاجکردندایە.