بەیانی ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، كچێكی ئێزدی لەخەو هەڵدەستێ و ڕۆژەكانی ٢٠ ساڵەی تەمەنی بەڕێ دەكات، بەڵام لەكاتژمێر ١٠:٣٠ بۆ ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ، ژیان و خەون، ئامانجەكانی ئەوكات بە با دەچن، بینەری هێرشی نامرۆڤانە و داگیركردنی خانسووری گوندەكەی لەلایەن داعش دەبێت، داعش كۆمەڵكوژی دەست پێدەكات. ئەمیرە عەتۆ، ئەو كچەیە کە ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە و دوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر ڕووداوەكە، هێشتا دیمەنەكانی هەر لەبەرچاوە.
ئەمیرە عەتۆ، لەگەڵ دایك و باوكی، لەدەست داعش بە هەزار حاڵ و زەحمەتی ڕزگاریان دەبێت، بەرەو چیای شەنگال ڕادەكەن، بەڵام بەر لەوەی دەست بە ڕاكردن بكەن، بینەری كوشتنی ژن و منداڵ و پیاوانی بەتەمەن لەلایەن داعشەوە بوون، پاشان لە چیای شنگال، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە دۆخێكی سەخت دەژین. ئەمیرە ئەتۆ، سەیرێكی دەوربەری خۆی دەكات، خەونی چی و داهاتووی چی، نە ئاو هەیە نە نان، ئەوەی هەیە بڕێكی كەم لە نان و ئاوە.
ئەمیرە دەڵێت: منداڵ لەسەر ئەو چیایە لە بێ شیری و بێ نان گیانی لەدەست دەدا، كەس نەبووە بتوانێت هیچ بكات، لەسەر ئەو چیایە لەگەڵ خێزانەكەم دەڕۆیشتم بە دەموچاوێكی تۆزاویی و لەشێكی ماندوو، تەرمی منداڵەكانمان دەبینی.
چیرۆكی كۆڵنەدان
دوای ماوەیەك خەڵكەكەی سەر چیای شنگال ڕەوانەی كەمپەكان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەكرێن، ئەمیرە، بە دەروونێكی رووخاو، ماندوو، سەروقژێكی شێواو، دەموچاوێكی ڕەنگ زەرد، لەگەڵ خێزانەكەی ڕوو لە كەمپی بێرسڤی دوو لە زاخۆ دەكات.
لە بەختی ئەمیرە و ئێزدییەكان دوای هەفتەیەك لەمانەوەیان لە كەمپەكە باران دەبارێت و كەمپەكان دۆخیان تێكدەچێت و ئاو دەچێتە ناو چادرەكانەوە.
بەڵام ئەمیرە بڕیار دەدات لەو دۆخە ڕزگاری ببێت و خەون و ئامانجەكانی بەدەست بهێنێت، بەوشێوەی خۆی لە ڕابردوو پلانی بۆ داناوە، بۆیە دەست دەكات بە وەرگرتنی ڕێنوێنی دەروونی و كۆمەڵایەتی لەلایەن دكتۆر و توێژەرەكان، بەشداری چەندین خول و ڕاهێنان لە بواری مرۆیی دەكات، زیاتر لە ٣٥٠ بڕوانامەی ڕێزلێنان و سوپاسنامە وەردەگرێت، بەردەوام دەبێت و خوێندنەكەی خۆی تەواو دەكات.
لەگەڵ ئەوەش ئەمیرە عەتۆ كۆمەڵێك نازناوی پێ دەبەخشرێت، لەوانە باڵوێزی ئاشتی، باڵوێزی منداڵان و ڕۆشنبیری.
شاجوانی زاخۆ
چیرۆكی سەركەوتنەكانی ئەمیرە عەتۆ بەردەوام دەبێت و لەپاڵ هەموو كارە مرۆییەكانی، بەشداری ڕێوڕەسمی هەڵبژاردنی شاجوانەكانی عێراق دەكات، لە بەغدا ساڵی ٢٠٢١دا، نازناوی شاجوانی زاخۆ بۆ ٢٠٢١ وەردەگرێت، ئەمەش زیاتر هانی دەدات، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە كاری مرۆیی و یارمەتی زیاتری خەڵكەكەی بدات، هەر بۆیە لەناو كەمپەكەدا، كتێبخانەیەك دەكاتەوە و یارمەتی خەڵكەكەی دەدات.
لەگەڵ هەموو ئەو كارانەدا، عەتۆ، درێژە بە خوێندنەكەی دەدات و بەردەوام دەبێت، بەكالۆریۆس لە كارگێڕی و سەركردە بەدەست دەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا دڵی ئاوی نەخواردووەتەوە، هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر دەدات، لە ٢٠٢٣دا، لە لەندەن، ماستەری لە زانستی دەروونناسی و ڕاوێژكاری بەدەست دەهێنێت، ئێستاش قوتابی دكتۆرایە.
داعش كاتێك هێرشی كردە سەر شنگال، زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی كۆمەڵكوژ كرد، شەش هەزار و ٤١٧ ئێزدی ڕفێندران و ژمارەیەکیان دواتر ئازاد کران. تا ئێستا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا، ١١٩ گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، کە ڕووفاتی قوربانییانی ئێزدی لەخۆدەگرن و تەنیا ٥٠ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە.
ئا: زریان