Site icon Zed Press

بەرماڵەکە و کلیلەکە و هەندێک شتی دیکەش

لەو ڕۆژانە، ڤیدیۆی ڕێبەرێکی سەلەفیم بینی، بەرماڵەکانی مزگەوت هەراج دەکات بۆ فرۆشتن. هەندێک ترش و خوێشی پێدا دەکات، بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵك و پەلەکردن لە کڕینی. زۆر نەبوو هەر 650 دۆلارێک بوو. ئینجا، ئاگاداریشی کردنەوە، بەر لە دەرچوون لە مزگەوت بڕیار بدەن، ئەگینا دوایی ژنەکانیان پەشیمانیان دەکەنەوە، وەک ئەوەی ژن لە بەرەی شەیتان بن. ئەها بیری نەچووە، بە مانگانە و قیستیش دەبێت، بە کەیفی خۆت لە مانگێکدا هەر چەندێک بدەیت کێشە نییە، وەکوو دایکی خۆی کە تا ئێستا 300 دۆلاری داوە. خۆ دەوڵەمەندێک شەش بەرماڵی کڕیون، ئەگەر خێرا نەبن، هەمووی دەفرۆشرێت. لە هەمووش خۆشتر مزگەوتەکەش ناوی بەهەشتە.

 

بەو ڕووداوە، کلیلەکەی خومێنیم هاتەوە بیر. ئەویش لە جەنگی عێراق/ئێراندا، کلیلی بەهەشتی دەفرۆشتە سەربازەکان لە بەرانبەر ڕۆیشتن بۆ بەرەکانی جەنگ و شەڕی بەعسییە کافرەکان. ئەم بازرگانییەش ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لەوەی خەڵك بەهەموو توانایانەوە خۆیان بگەیەننە بەرەکانی جەنگ و بەهەشت بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

هەر لەناو هەمان پانتایی مەزهەبی شیعیی، لەو دواییانە، ئەو دەنگۆیەش بڵاو بووەوە، کە چەکدارە یەمەنییەکان لە پارێزگای مەئریب بینیویانە کوژراوەکانی حووسییەکان کلیلییان کراوەتە مل و زانیویانەتەوە کە عەبدولمەلیک حووسی کلیلەکانی بەسەردا دابەش کردوون، هەروەها پاسپۆرتیشی بۆ کردوون بە واژۆی خۆی، بۆ ئەوەی بەبێ وەستان لە کۆنتڕۆڵ بڕۆنە بەهەشت.

 

ئەمە هەر پەیوەندی بە شیعە و سووننەی موسوڵمانەوە نییە، بەڵکو لە زەمانی دەسەڵاتی کەنسیەی کاسۆلیکیش، قەشەکان چەکی لێخۆشبوونیان دەفرۆشت. ئەم چەکە وەکوو بەڵگەنامەیەک وابوو بۆ کڕینی زەوی لە بەهەشت. ئیدی هەر کەسێک بەپێی توانای ماددی خۆی چەند مەترێکی لە بەهەشت دەکڕین. ئیدی خەڵك ساڵێک کەسابەتی دەکرد بۆ ئەوەی بتوانن چەند مەترێک بکڕن. ڕۆژێکییان کابرایەکی جوو چووە بەردەم کەنیسە و گوتی: هەموویم دەوێ. گوتیان ئاخر بۆت ناکڕدرێت، گوتی حەقتان چییە من هەموویم دەوێت. کە چووە بەردەم قەشە گەورەکە، گوتی مەبەستم بەهەشت نییە، مەبەستم زەوییەکەی دۆزەخە، هەموویم دەوێت. نرخەکەشی چەندە دەتاندەمێ، بەڵام دەبێت هەمووتان لەسەر بەڵگەنامەکە واژۆ بکەن. گوتیان باشە، کۆبوونەوەیەک دەکەین و ئاگادارت دەکەینەوە. قەشەکان، خەنی بوون و گوتیان گەمژەیەکمان کەوتووەتە بەردەست و دۆزەخی دەوێت. بانگیان کرد و نرخەکەیان بۆ دیاری کرد و تەواوی زەوی دۆزەخیان بە جووەکە فرۆشت و بەڵگەنامەکە یا سەنەدەکەشیان بۆ ئامادە کردبوو و دایانە دەستی.

 

کابرای جوو ڕۆژی دواتر چووە ناو خەڵك گوتی، هێی خەڵکینە، پێویست ناکات بچن زەوی لە بەهەشت بکڕن، من هەموو زەوییەکەی دۆزەخم کڕیوە، ئەوەش سەنەدەکە، ئەگەر باوەڕ ناکەن. ناهێڵم یەک بەشەر پێ لەسەر خاکی من لە دۆزەخ دابنێت. بۆخۆم بەتەنیا لەوێ دەبم.

 

زۆری نەبرد، کەس نەچوو بەهەشت لە قەشەکان بکڕێت. قەشەکان تەنگاو بوون. داوایان لە جووەکە کرد بەڵگەنامەکەیان بداتەوە و پەشیمان بوونەتەوە لە فرۆشتی هەموو زەوییەکەی دۆزەخ، چەندیش پارەی بوێت دەیدەنەوە. بەو جۆرە جووەکە دۆزەخی بە قەشەکان فرۆشتەوە بە دەقات قازانج. داواشیان لێکرد دەبێت لەبەردەم خەڵك ڕایبگەیەنێت کە زەوییەکەی دۆزەخی فرۆشتۆتەوە بە کەنیسە، هەڵبەت بۆ ئەوەی قەشەکان جارێکی دیکە بتوانن چەکی لێخۆشبوون بفرۆشن. ئەو ساختەچییاتییەی قەشەکان هەر بەردەوام بوو تا مارتن لۆسەر ئەو کێشەیەی دژ بە کەنیسەی کاسۆلیک وروژاند و دژی وەستایەوە، بۆ ئەوەی دواتر سەردەمی چاکسازی دەست پێ بکات.

 

یەکێک لەو مەلایانەی کە لە ئەوروپاش دادەنیشێت، ناوی کەسێک بە مولحید دەبات، چونکە گوتوویەتی کەی رەوایە لەبەرامبەر نوێژکردن موچە وەربگرن. مەلاکەش پێی دەڵێت، ئێوەی مولحید دەتانەوێت مەلا چاوی لەدەستی ئێوە بێت، یان بچێت تا ئێوارە لە پیتزا کار بکات، چۆن خاوەن کارەکە دێڵێت بچێت نوێژەکەی بکات؟!

 

ئەمانە هەمووی لەلایەک ئیستیغلالکردنی ئەو دەسەڵاتە ڕۆحییەیە کە ئەو مەلایانە کەوتووەتە دەستیان و بە دڵنیایی قەشەکانی کەنیسەی سەدەکانی ناوەڕاست ئاسا، ئامادە نین ئاوا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو دەسەڵاتە ببن، کە لە بنەڕەتیشدا هەندێک لە بیرمەندە موسوڵمانەکان پێیان وایە ئیسلام وەکو مەسیحییەت پیاوی ئایینی نییە و ئەوەی ئێستا دەیبینین پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە.

لەڕاستیشدا، هەژموونی ڕۆحی بەسەر خەڵکدا، زۆر ترسناکترە لەو هەژموونە سیاسی و ئابوورییەی کە دەستەبژێری سیاسی و ئابووری هەیانە بەسەر خەڵکدا. دەستەبژێرە ئایینییەکە لەڕێی نوێنەرایەتیکردنی خواوە، هەوڵ دەدەن خۆیان دەوڵەمەند بکەن، یا هەر هیچ نەبێت پارێزگاری لەو دەسەڵاتە ڕۆحییە و مووچە و جێگا و ڕێگاکانیان بکەن، لە هەمان کاتیشدا وەک ئەوەی لە کوردەواری دەڵێن (نانی گەوری بخۆن و سەڵەواتیش لە گەوری بدەن).

 

ئەو بازرگانییەی بەناوی ئایینەوە دەکرێت، بە فرۆشتنی بەرماڵیشەوە، بازرگانی کردنێکی ڕووت و ئابڕووبەرانەیە بەناوی ئایین. ئەگەر دەسەڵاتێکی نیشتمانیی لە هەرێم هەبێت، دەبێت ئەو گاڵتەجاڕییە ڕابگرێت. ئەوە چش لەوەی کە ئەوانە هۆکاری سەرەکی هێنانی کەلتوورێکی نامۆن بە دینداری و خواناسیی کوردەواری، کە سەدان ساڵە پێڕەوی لێ دەکرێت و وردە وردە ئەو دیندارییەی بە مۆرکی کوردەواری لە ئاوابووندایە.

Exit mobile version