ئەوەی تا ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاندووە ئەوەیە ئەگەر ئێران لە خاکی خۆیەوە هێرش بکات، ئەوا ئیسرائیل وەڵامی دەداتەوە. واتە ئیسرائیل جەنگ ڕاناگەیەنێت، بەڵکو سەرەتا وەڵامێکی هاوشێوە دەداتەوە لە خاکی ئێران. ئایا لە پشتی پەردەوە ئیسرائیل بە نیازی چییە و بڕیاری چی دەدات؟ ڕوون نییە.
لە ئەگەری ئەوەی هەردوو وڵات بە یەک هێرشکردنە سەر یەکتر نەوەستان و بەردەوام بوون لە هێرشەکان، ئەوا مانای وایە بە ئەگەری زۆرەوە جەنگ ڕادەگەیەنرێت. چونکە ئێران دەوڵەتە و خاوەنی سوپایە، وەک حزبوڵا و حووسییەکان ناتوانێت شەڕێکی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراو بکات لەگەڵ ئیسرائیل، سوپا ناچێتە تونێل و ژێرزەمین و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان و شەڕی پارتیزانی بکات. بنکەی سەربازیی سوپای دەوڵەت، ناشاردرێتەوە هاوشێوەی شوێنی چەک و تەقەمەنییەکانی حەماس و حزبوڵا. واتە کاتێک گورز لە سوپای ئێران دەدرێت، ئەوا سەربازگەیەکی گەورە یان فڕۆکەخانە و بەندەرەکان دەکرێنە ئامانج، نەک خانوو و شوێنی بچووکی شاراوە وەک ئەوانەی غەززە و باشووری لوبنان. بۆردمانکردنی سەربازگەی گەورە و فڕۆکەخانە و شوێنەکانی پڕۆژەی ئەتۆمی، واتە دۆخی جەنگ.
بەپێی تێڕوانینی پسپۆڕەکانی بواری سەربازی، ڕێگرییەکی سەرەکی هەیە لەبەردەم هەردوو دەوڵەت کە بتوانن جەنگێکی تەقلیدی ئەنجام بدەن. بەو مانایەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران هاوشێوەی جەنگی عێراق و ئێران، یان ڕووسیا و ئۆکڕانیا نابێت. فاکتەری جوگرافی ڕێ بەوە نادات. لە جەنگێکی وادا، ئەستەمە هێزی زەمینی بەکاربێت، جەنگەکە زیاتر ئاسمانی دەبێت، واتە بە فڕۆکە و مووشەکی بالیستی.
سەبارەت بە مووشەکی بالیستی، ئەوا مووشەکەکان بە ئاسمانی سێ وڵاتدا تێدەپەڕن، عێراق و ئوردن و سووریا. ئەمەش وا دەکات ئەو سێ وڵاتە، بە تایبەت ئوردن ناڕەزایەتی دەرببڕێت و فشارێکی نێودەوڵەتی دروست بکات. لەوانەیە فشارکردن بۆ وەستاندنی جەنگەکە بەرز بێت و شەڕەکە زوو کۆتایی پێبێت. جگە لەوەی مووشەکەکان دەکرێت بە هەڵە بکەونە وڵاتانی ترەوە، بە تایبەت ئەوانەی ئێران، ئەمە ناڕەزایەتی گەورەی لێ دروست دەبێت. لە ڕووی چەندایەتییەوە ژمارەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران زۆر زیاترە لە هیی ئیسرائیل، لە ڕووی کوالێتییەوە ئەوانەی ئیسرائیل پێشکەوتووتر و بەهێزتر و وردترن. ئێران لەکاتێکدا دەتوانێت گورزی گەورە لە ئیسرائیل بدات کە بە یەک جار ژمارەیەکی زۆر مووشەک ئاڕاستە بکات، ئێران ئەم توانایەی هەیە. چونکە بە دڵنیاییەوە زۆربەی دەخرێنە خوارەوە بە سیستەمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل. ئێران سیستەمی بەرگرییەکەی بەراورد ناکرێت بە هیی ئیسرائیل.
سەبارەت بە فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەکانی ئێران ناگەنە ئیسرائیل. ئەوانەی ئیسرائیل دەگەنە ئێران، بەڵام بۆ وەشاندنی چەند گورزێک، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت بە بەردەوامی لە ڕێگەی فڕۆکەوە هێرش بکات، دەگوترێت پڕکردنەوەی فڕۆکەکان بە سووتەمەنی ڕێگرییەکی گەورەیە. بە تایبەت فڕۆکە ئیسرائیلییەکان ناتوانن فڕۆکەخانەکانی ئوردن و عێراق و سووریا بەکاربهێنن. بێگومان ئەمریکا دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. درۆنەکانی ئێران دەتوانن بگەنە ئیسرائیل، بەڵام کاتێکی زۆریان پێویستە، زیاد لە شەش سەعات، ناوچەکەش پڕە لە دژە مووشەکی ئەمریکا، جگە لەوەی ئیسرائیل خاوەن چوار جۆر لە پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگریین لە جیهاندا. درۆنەکانی ئیسرائیل دەتوانن لە ناو ئێران بدەن. هاوکات ڕێگریی سیاسی و یاسایی هەیە، چونکە فڕۆکەکانی هەردوو دەوڵەت دەبێت بە ئاسمانی سێ یان چوار دەوڵەتدا تێپەڕن.
تەنیا ئەمریکا دەتوانێت سوپا بنێرێت بۆ وڵاتێکی دوور و جەنگێکی تەقلیدی بکات و هێزی زەمینی و دەریایی و ئاسمانیش بەکاربهێنێت بەبێ ئەوەی کێشەی لۆجستی و ڕێگری جوگرافی هەبێت، وەک لە عێراق و ئەفغانستان کردی.
سیناریۆی نزیک ئەوەیە لە دۆخێکی وادا ئێران زیاتر پشت بە حزبوڵا و حووسییەکان و ملیشیاکانی لە سووریا ببەستێت. میلیشیاکان دەتوانن تەنیا زیانی سنووردار و سەرئێشە دروست بکەن، ناتوانن هەڕەشەی جددی و گەورە لە ئیسرائیل بکەن. لە بەرانبەردا ئیسرائیل شار و ناوچەکانی ئەو میلیشیایانە کاول دەکات هاوشێوەی غەززە، ئەمەش بۆ دەیان ساڵ لێکەوتەی خراپی دەبێت لە هەموو بوارەکاندا، جگە لە ناڕەزایەتی ناوخۆ. بۆ نموونە جەنگی ئیسرائیل و حەماس، زیاتر لەسەر ئاستی فەرمی و میدیاکان جەنگە، لە ناوەڕۆکدا جەنگ نییە. پێش زیاد لە شەش مانگ ئیسرائیل جەنگی ڕاگەیاند، تا ئێستا ژمارەی ئەو سەربازانەی لە غەززە کوژراون ناگاتە ٢٧٠ سەرباز. لە کاتێکدا ئیسرائیل نزیکەی ١٧٠ هەزار سەرباز و ٤٦٥ هەزار یەدەگی هەیە. بۆ سوپایەکی لەم قەبارە و کوالێتییە، لە شەش مانگ جەنگ تەنیا ٢٦٠ سەربازی بکوژرێت، مایەی باس نییە و بە جەنگ هەژمار ناکرێت.
لە سیناریۆی ئەوەی لە ئێران و لوبنان و سووریا و غەززەوە مووشەک و درۆن ئاڕاستەی ئیسرائیل بکرێت و ئیسرائیل بکەوێتە بەردەم هەڕەشە و زیانی گەورە، ئەوا ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بە خێرایی جەنگەکە بوەستێنێت. ئەگەر نا، بەشدار دەبێت لە لێدانی ئێران و میلیشیاکانی. هەر بۆیە ئەمریکا هەوڵێکی زۆر دەدات جەنگێکی وا بەرپا نەبێت. لەم سیناریۆیەدا، ئیسرائیل زیانی گەورەی بەردەکەوێت، بۆیە دەستکراوە دەبێت و بە دڵنیاییەوە چەند غەززەیەکی تر لە لوبنان و سووریا دووبارە دەکاتەوە و ژمارەیەکی زۆر گەورە لە بەرەی بەرانبەر دەکووژێت، جگە لە گورزی ستراتیژی لە ناو ئێران.
خاڵێکی تر کە وا دەکات ئێران جەنگی نەوێت و ئیسرائیل ئامادەیە، ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران لە ناوخۆ دوژمنی زۆرە، لە کاتی جەنگێکی وادا عەرەبەکان و کورد و بەلوچ لە ئێران زۆرینەی پشتگیری ئیسرائیل دەکەن. لە لایەکی ترەوە، بەهۆی هەبوونی دیموکراسییەوە خەڵکی ئیسرائیل دەکرێت فشار لە حکوومەت بکەن جەنگ بوەستێنێت، لە ئێراندا ئەوە نییە. لەم ڕەهەندەوە ڕژێمی ئێران فشاری کەمتر لەسەر دەبێت لە کاتی جەنگێکی وادا.
وەک لەسەرەوە باسکرا، بەپێی زۆربەی پێدراوەکان، هەڵگیرساندنی جەنگ جارێ ئەگەرێکی نزیک نییە، تەنانەت ئەگەر ئێران وەڵامیش بداتەوە. چونکە ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕێگریکردن لەو جەنگە، خودی ئێرانیش زۆر دەترسێت بکەوێتە هەڵەیەکی ستراتیژییەوە. ئەگەر جەنگیش ڕووبدات ئەوا جەنگەکە بەهۆی ئەو هۆکارانەی ئاماژەیان پێدرا، جەنگێکی تەقلیدی نابێت و بەهۆی فاکتەری جوگرافییەوە، سنووردار دەبێت، یان هەر جەنگێک دەبێت لە نێوان ئیسرائیل و میلیشیا ئێرانییەکانی وەک حزبوڵا و حەماس و ئەوانەی سووریا، بەڵام بە شێوەیەکی توندتر و فرەوانتر لەوەی ئێستا هەیە.