Site icon Zed Press

هەفتەیەکی ئاڵۆز و ترسناک بەڕێوەیە

١. ماوەی هەفتەیەک بۆ دە ڕۆژە، بە تایبەت دوای گوتارە گرنگەکەی نەتانیاهۆ لە کۆنگرێسی ئەمریکا، ئیسرائیل تەسعیدێکی زۆر گەورەی کردووە. بۆ یەکەم جار هێرشیکی توند و کاریگەری کردە سەر یەمەن. کەسی یەکەمی باڵی سەربازی حزبوڵای کوشت، کەسی یەکەمی حەماسی کوشت لەناو تاران، کە لێدانەکە ئەوەندەی لە ئێران بوو، لە حەماس نەبوو. ئەمڕۆش بە فەرمی کوژرانی کەسی یەکەمی باڵی سەربازیی حەماسی ڕاگەیاند.

 

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

٢. ئێران هەر دەبێت وەڵام بداتەوە. کێشەکە لەوەدایە ئەگەر ئەمجارە وەڵامەکەی وەک جارەکانی پێشوو بێت و نەگاتە ئاستی هێرشەکانی ئیسرائیل، کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لە سەر هەژموون و پێگەی ئێران لە ناوچەکە و لای میلیشیاکانی. ئەگەر وەڵامەکەی لە ئاستی هێرشەکانی ئیسرائیل بێت، ئەوا ئەگەر زۆرە جەنگ ڕووبدات کە ئێران هەموو شتێک دەکات بۆ خۆپاراستن لەوە. کوشتنی هەنییە لەناو تاران لە کاتێکی وادا، مانای وایە هەموو وەڵام و چالاکی و پلانەکانی ئێران بەرانبەر بە ئیسرائیل، سوودی نەبووە و ئیسرائیل هەر حیسابی بۆ ناکات.

 

٣. دەعوەتکردنی هەنییە هەڵەیەکی گەورە بوو لە لایەن ئێران و خودی هەنییە. ئێران تا ڕادەیەکی باش خۆی بە دوورگرتبوو لەو جەنگە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو. لە دوای هێرشکردنە سەر سەفارەتەکەی لە دیمەشق و وەڵامەکەی بۆ ئیسرائیل. لەو کاتەوە ئیسرائیل چەند جارێک هەوڵیدا دووبارە ئێران بێنێتەوە بۆ ناو جەنگەکە. سەرەتا سیستەمێکی بەرگری لە ناو ئیران کردە ئامانج، پاشان ئەفسەرێکی تری پاسدارانی کوشت لە سووریا، ئینجا گومان لە هەبوونی دەستی ئیسرائیل لە ڕووداوی کۆپتەرەکەی ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە. ئێران بۆ ئەو ڕووداوانە توانی کەیسەکان بشارێتەوە و ئیسرائیل تاوانبار نەکات. بەڵام لە کوشتنی هەنییە، ئیتر ئێران دەرەفەتی نەماوە جگە لەوەی دووبارە بگەڕێتەوە بۆ نزیکی جەنگەکە. بۆیە دەعوەتکردنی هەنییە، دیارییەک بوو بۆ نەتانیاهۆ. زیانێکی گەورە بوو بۆ ئێران، بۆ خودی هەنییە و حەماسیش ڕوونە.

 

٤. لەبەرانبەردا، هاوشێوەی ئێران، حزبوڵاش کەسی دووەمی کوژراوە و جگە لە وەڵامدانەوەیەکی جیاواز و کاریگەر، هیچ دەرەفەتێکی نییە.

 

٥. حووسییەکانیش بە هەمان شێوە، گورزیکیان بەرکەوتووە ناچارن وەڵامێکی گرنگ و کاریگەر بدەنەوە.

 

٦. ئەم دوو هۆکارەش  فشاری زیاتر لە ئێران دەکەن کە بێتەوە بۆ ناو هاوکێشەکە بە جددی. وەڵامدانەوەی لاواز و ناکاریگەر لە لایەن حزبوڵا و حووسییەکانەوە، کاریگەری خراپ دەکاتە سەر پێگە و ناوبانگیان لەناوخۆ. چونکە هەردوو گرووپ جگە لە دروشمی قودس و جیهان و ئەم شتانە، هیچ شەرعیەتێکی تریان نییە کە خەڵک پشتگیریان بکات. هەردووکیان واتە هەژاری و تلیاک و تاوان و گەندەڵی بۆ خەڵکەکەی خۆیان. پێگەی حزبوڵا و حووسییەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پێگەی ئێرانەوە هەیە. هەموو ئەمانە وا دەکەن ئێران دەبێت وەڵام بداتەوە، بەڵام وەڵامێکی میدیایی و پڕۆپاگەندەیی نا.

 

٧. نەتانیاهۆ دۆخێکی دروست کردووە، بەرەی ئێرانی کردووەتە بەردەم دوو بژاردە، یان قبوڵکردنی ڕیسوایی و شەقەکان یان سەرکێشییەکی گەورە کە دەکرێت ببێتە مایەی جەنگێک، کە ئەمریکا ببێتە لایەنێکی سەرەکی تیایدا.

 

٨. چەقی کێشەکە چییە؟ هێرش و وەڵامەکانی ئیسرائیل سەقفێکی سنوورداری نییە. ئێران و حزبوڵا سەقفێکی سنووردارییان هەیە. بۆ نموونە ئیسرائیل کەسی دووەمی حزبوڵا و کەسی یەکەمی حەماس و کەسی یەکەمی پاسداران  لە سووریا دەکوژێت (ڕووداوی فڕۆکەکەی ڕەئیسی باس ناکەم)، ئایا ئەگەر بەرەی ئێران لەو ئاستەدا وەڵامبدەنەوە دەبێت کێ بکوژن؟ دەبێت وەزیر و سەرۆک ئەرکان. ئایا بەرەی ئێران ئەمە بکات وەڵامی ئیسرائیل دەگاتە کوێ؟ لێرەوەیە هاوکێشەکە زۆر قورس دەبێت بۆ نەیارانی ئیسرائیل. لە ڕووی پراکتیکییەوە، لەوانەیە قورس نەبێت بۆ بەرەی ئێران کە وەزیر و کەسی باڵای ئیسرائیل بکوژن، بە تایبەت کە زۆرێکیان پاسەوان و سەیارەی زۆریان بەدواوە نییە و لە شوێنە گشتییەکان دەبینرێن. بەڵام بەرەی ئێران دەتوانێت بەرگەی کاردانەوەی ئیسرائیل بگرێت لەو کاتەدا؟ ئیسرائیل تا کوشتنی خامنەیی بۆی هەیە بڕوات. بەرەی ئێران ئەو توانایەی نییە. ئیسرائیل تا سڕینەوەی غەززە ڕۆیشت لە وەڵامدانەوەی بۆ حەوتی ئۆکتۆبەر. لە کاتێکدا حەوتی ئۆکتۆبەر، هەزاران جار بجووکتر و کاریگەری کەمتر بوو لە وەڵامەکەی ئیسرائیل. ئەمەیە پێی دەڵێن ستراتیژی ڕەدعی ئیسرائیل.

 

٩.  ئێستا ئێران دەیەوێت وەڵامێک بداتەوە بەپێی ئەو هاوکێشە ئاڵۆزەی لەسەرەوە باسکرا. وەڵامەکە پڕۆپاگەندەیی نەبێت وەک ئەوەی پێشوو، هاوکات وەڵامێک نەبێت جەنگی لێ بکەوێتەوە.

 

١٠. لەوانەیە وەڵامە کاریگەر و گەورەکەی ئێران، ئەگەر ڕووبدات، حزبوڵا پێی هەستێت نەک خودی ئێران. واتە لەوانەیە وەڵامەکە لە ئێران و لوبنان و سووریا  و یەمەن و عێراقەوە ئاڕاستە بکرێت، بەڵام قوورساییەکەی لە لوبنانەوە بێت نەک ئێران.

 

١١. وەک جارەکەی پێشوو، دوێنێ میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە ئێران بە نیازی وەڵامە و بە نیازە مەدەنی نەکاتە ئامانج و هەندێک بنکەی سەربازی لە دەوروبەری حەیفا و تەل ئەڤیڤ بکاتە ئامانج. بە ئەگەری زۆرەوە، ئێران سەرەتا لەگەڵ ئەمریکا جۆرێک ڕێککەوتن دەکات، ئەمریکاش ئیسرائیل ڕازی دەکات بە هەندێک خاڵ. لەوانەیە وەک جارەکەی پێشوو، ئیسرائیل پێشوەخت کات و شێوەی هێرشەکە بزانێت. ئەمە بۆ ئێران و بەرەکەی واتە قبوڵکردنی ڕیسواییە.

 

١٢. ئیسرائیل کە هەنییە و پاسدارەکانی ئێران و سەرکردەکانی حزبوڵا دەکوژێت، یان هێرشەکانی ئەنجامبدەدات، چرکەیەک پێش ئەوە کەس نایزانێت. ئێران جارێ هیچی ئامادە نەکردووە، بە ئیسرائیل و جیهانی گوت کە بیر لە چی دەکاتەوە و بە نیازی چییە.

 

١٣. ئیسرائیل پەیامی ناردووە بۆ ئێران و میلیشیاکانی کە کوشتنی مەدەنی قبوڵ ناکات. واتە ئیسرائیل بە ناڕاستەوخۆ وەڵامێکی دیاریکراو قبوڵ دەکات، هەندێک مەرجی هەیە. کەواتە ئەگەر ئێران و میلیشیاکانی وەک جارەکەی پێشوو وەڵامی بدەنەوە، ئەوا ئیسرائیل جەنگ ڕاناگەیەنێت. ئەمە بۆ ئیسرائیل باشە، ئێرانیش زۆر بە باشی دەزانێت، بەڵام کات و بارودۆخەکە هیی ئەوە نییە ئێران دووبارە خۆی بکاتەوە بە مەهزەلە و گاڵتەجاڕی جیهان. بەرەی مقاوەمەش لەوانەیە لێی قبوڵ نەکەن. ئەگەر نا، ئێران زۆر حەزی لەو جۆرە وەڵامەیە.

 

١٤ دوێنێ ئاشکرا دیاربوو لەناو حەماسەوە گلەیی و ڕەخنەیەکی زۆر ئاڕاستەی ئێران کراوە. میدیاکار و چالاکانی حەماس بە توندی باسی هەڵوێست و ترسنۆکی ئێرانیان کرد لە وەڵامدانەوە و ئاماژەیان بەوە کرد کە وەڵام و قسەکانی ئێران، هیچ کاریگەری  و سوودێکی نەبووە. بێگومان ئەم گلەیی و ڕەخنانە ڕەنگدانەوە ئەو گفتوگۆیانەیە لە سەرکردایەتی حەماس کراوە، بەڵام بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە.

 

١٥. بە کورتی ئێران لەبەردەم دوو بژاردەیە، وەڵامدانەوەیەکی بەهێز کە سەرکێشییەکی گەورەیە، یان وەک جارەکانی پێشوو سەبری ستراتیژی پەیڕەو بکات بەوەی وەڵامێکی میدیایی هەبێت و چەند مووشەک و درۆنێک بنێرێت. ئەوەی دووەم ئەمجارە کار لە پێگەی ئێران دەکات لە ئایندەیەکی نزیک. کوشتنی هەنییە لەناو تاران لە کاتێکی وادا، وەڵامێکی دەوێت کە جێگە بۆ موناقەشە نەهێڵێتەوە لە ڕووی کاریگەری و هێزەوە. واتە وەڵامێک پێویستی بە میدیا و پڕۆپاگەندە نەبێت. بۆ نموونە ئیسرائیل هەنییەی کوشت، وشەی لەسەر نەگوتووە. چونکە کارەکە خۆی قسە دەکات، پێویستی بە هاشوهووش و میدیا نییە.

 

١٦. ئەمریکا هاوشێوەی ئێران هەموو هەوڵێک دەدات جەنگ ڕوونەدات. حزبوڵاش بە هەمان شێوە هەوڵی ئەوە دەدات، بەڵام کەمتر. ئیسرائیل بەپێی زۆرێک لە شارەزایان، ئەویش جەنگێکی فرەوانی ناوێت. بەڵام کردەوەکانی بە تەواوی شتێکی تر دەڵێن. وەک جارەکەی پێشوو، ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و لەوانەیە دیزاینێکی تر ئامادە بکات، بەو مەرجەی وەڵامەکەی بەرەی ئێران زیانێکی گەورە لە ئیسرائیل نەدات لە ڕووی مرۆییەوە. لەم حاڵەتەدا، بە ئەگەری زۆرەوە ئیسرائیل بێگوێدانە ئەمریکا جەنگ ڕادەگەیەنێت. ئێران ئەزموون و زیرەکییەکی زۆری هەیە لەم جۆرە هاوکێشانەدا، لەوە ناچێت بەهۆی هەنییەوە سەری خامنەیی دابنێت.

Exit mobile version