١.
نەوەکان لە پەیوەندییەکی دووجەمسەریدان لەگەڵ یەکتر؛ هەم لە یەکترییەوە فێردەبن و هەم یەکتریش ڕەتدەکەنەوە. بەها و ئەدەب و ئەزموون لە یەکتر وەردەگرن و هەندێک لە بەها و پێوەرەکانی یەکتریش بە ناپەسەند دەزانن. هیچ نەوەیەکی نوێ بەبێ ئەم ململانێیە لە ئارادا نییە، چونکە گۆڕان لە دڵی ناکۆکیی نێوان پاراستن و نوێکردنەوەدا لەدایک دەبێت. ململانێی نێوان نەوەکان نیشانەی دابڕان نییە، بەڵکو یەکێکە لە هۆکارەکانی بەردەوامبوونی ژیانی کۆمەڵگە. هەر نەوەیەک هەوڵدەدات بە پێی بارودۆخ و ئەزموونی خۆی مانایەکی نوێ بۆ ژیان بدۆزێتەوە، بەڵام ئەو مانایە هەرگیز لە بەتاڵدا دروست نابێت؛ هەمیشە گفتوگۆیەکە لەگەڵ ڕابردوو.
٢.
بۆیە نەوەی ئێستا ناتوانێت بێلایەنانە قسە لەسەر نەوەی نوێ بکات. هەڵەیەکی مەعریفییە ئەگەر بە یەک حوکم بڵێین نەوەی نوێ هیچ بەها و مانایەکی بۆ ژیان نییە، یان کاتێک نەوەی ئێمە نەما، ئەوان کۆمەڵگە وێران دەکەن. هەروەها هەڵەیە ئەگەر بە تەواوی بڵێین هەموو ئەوەی دەیکەن دروستە. نەوەی نوێ، وەک هەموو نەوەکانی پێش خۆی، یەکدەست نییە. جیاوازیی شار و لادێ، خێزان، چین، ئاستی خوێندن، بارودۆخی ئابووری، جۆری کار، گەشت، پەیوەندی بە جیهان و ئەزموونی ژیان و تەکنەلۆژیا هەموویان لە دروستبوونی شوناسی ئەو نەوەیەدا بەشدارن. بۆیە هەر حوکمێکی گشتی، لە ڕاستیدا، لێکدانەوەی زانستی نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی سۆزدارییە. نەوەی نوێ هەم میراتگری ڕابردووە و هەم وەڵامێکە بۆ پێویستییەکانی سەردەمی خۆی.
٣.
پێویستە لە قسەکردن لەسەر نەوەی نوێ وردبینتر بین: گشتاندن و حوکمی پێشینە، زیاتر لەوەی ڕاستییەک ئاشکرا بکات، دەرگای گفتوگۆ دادەخات. ئەو نەوەیە وەک ئێمە نییە، نابێت و ناشیەوێت وەک ئێمە بێت، چونکە لە ژێر مەرج و بارودۆخێکی جیاوازدا گەشەی کردووە. ئەگەر ئێمە ئەزموونێکمان هەیە، باشترین شێوازی گواستنەوەی ئەو ئەزموونە، گفتوگۆ و متمانەیە، نەک سەرکۆنە و شکاندنەوە. زۆرجار ئەوەی بە زمانی سووکایەتی قسە دەکات، زیاتر لەوەی نەوەی نوێ بپارێزێت، خۆی لە تێگەیشتنی ئەو نەوەیە دوور دەخاتەوە. مێژوو فێرمان دەکات کە نەوەکان بە زۆر ناگۆڕدرێن؛ بە تێگەیشتن دەگۆڕدرێن.
٤.
نەوەی نوێ لە ڕووخسار و شێوازی ژیاندا، زیاتر لە هەر نەوەیەكی پێش خۆی بە جیهانەوە پەیوەست بووە. جیهان بۆ ئەو تەنها شوێنێكی دوور نییە؛ بەشێكە لە ئەزموونی ڕۆژانەی. ئەم پەیوەندییە مانای ئەوە نییە كە شوناس و بەهای خۆی لەدەست داوە، بەڵكو مانای ئەوەیە كە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆرتر لە بیرۆكە و فەرهەنگ و شێوازی ژیان ڕووبەڕوو بووەتەوە. بۆیە مانای ژیان بۆ ئەو، لە زۆر بواردا، لەو مانایە جیاوازەیە كە نەوەكانی پێشوو هەیانبوو. ئەو جیاوازییەش نابێت بە مانای لاوازی یان بێبەهایی لێك بدرێتەوە، چونكە هەر سەردەمێك پرسیارە تایبەتەكانی خۆی هەیە و هەر نەوەیەكیش وەڵامەكانی خۆی بۆ ئەو پرسیارانە دەدۆزێتەوە. گرنگ ئەوەیە ئەو وەڵامانە چەند دەتوانن ژیانی مرۆڤ دەوڵەمەندتر و كۆمەڵگە بەهێزتر بكەن.
٥.
تەكنەلۆژیا یەكێكە لە دیارترین تایبەتمەندییەكانی ژیانی نەوەی نوێیە، بەڵام نابێت نەوەیەك لە تەكنەلۆژیادا كورتبكرێتەوە. تەكنەلۆژیا بۆ ئەو شوێنی فێربوون، كاركردن، پەیوەندیگرتن، داهێنان و خۆدەربڕینە. هەم دەتوانێت مرۆڤ نزیك بكاتەوە و هەم دووری بخاتە نێوانیان؛ هەم دەتوانێت دەرفەتی نوێ بڕەخسێنێت و هەم هەندێ مەترسیی نوێ دروست بكات. بۆیە كێشەكە لە خودی تەكنەلۆژیا نییە، بەڵكو لە چۆنیەتی بەكارهێنانیەتی. ئەوەی ئێمە دەیبینین، نە كۆتایی ژیانە و نە دەستپێكی ژیانێكی نوێ؛ بەڵكو قۆناغێكی نوێی پەیوەندیی مرۆڤە بە زانیاری، بە كار و بە یەكترەوە. هەر بۆیەش ناكرێت نەوەی نوێ تەنها بە پێوەری بەهاكانی نەوەكانی پێشوو بپێورێت، هەروەك چۆن دروست نییە ئەو بەهایە مێژووییانەش بێبایەخ بكرێن. ئەزموونی ڕابردوو و توانای ئێستا، هەردووکیان پێویستن بۆ دروستكردنی داهاتووێكی باشتر.
٦.
نەوەی نوێ بە ئامرازەكانی پەروەردەی نەرێتی وەك: هەڕەشە، قەدەخە، تەریقكردنەوە، سەرشكاندنەوە، بۆڵەبۆڵ، چاوسووركردنەوە، لێدان و شكاندنەوە و کەمکردنەوە، نایەتە سەربار. ئەم شێوازانە لە سەردەمێكدا لەسەر بنەمای سنوورداربوونی زانیاری و دەسەڵاتی یەكلایەنەی خێزان و دامەزراوەكان و گەورەساڵان دروست ببوون، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەكە گۆڕاوە. گەنجی ئەمڕۆ لە دەروازەیەكەوە ناچێتە ناو جیهان؛ جیهان لە هەزار دەروازەوە دێتە ناو ژیانی ئەوەوە. بۆیە، هەر قەدەغەیەك ئەگەر پشتی بە تێگەیشتن نەبەستبێت، زۆرجار دەبێتە هۆی زیاتر دووركەوتنەوە، نەک نزیكبوونەوە. پێویستە تێگەیشتن لەو پەیوەندییەی كە نەوەی نوێ و تەكنەلۆژیا پێكەوە دەبەستێتەوە، بخەینە جێگەی ئەو ئامرازە نەریتیانە. هاندان و متمانەبەخشین بخەینە جێی هەڕەشە و قەدەخەكردن، چاودێریی و هاوڕێیەتی بخەینە جێی شكاندن و تەریقكردنەوە. سنووردانان پێویستە، بەڵام سنوورێك كاریگەرە كە لە دڵی گفتوگۆ و متمانەوە سەرهەڵبدات، نە لە ترس و زۆرملێوە.
٧.
من لەگەڵ ئەوەدام دایكان و باوكان، هەروەكچۆن مامۆستایان، دەروونناسان، گەورەساڵان و بەڕێوەبەرانی كۆمەڵگە، بیر لە شێوازێكی نوێی مامەڵەكردن لەگەڵ گەنجان و منداڵانی نەوەی نوێ بكەنەوە. لەگەڵ سنوورداركردن و بەرنامەدانانم، بەڵام قەدەغەكردن ڕەتدەكەمەوە. لەگەڵ ڕێنماییكردنم، بەڵام هەڕەشە ڕەتدەكەمەوە. لەگەڵ تێگەیشتنم لە نەوەی نوێ، بەڵام سەپاندن ڕەتدەكەمەوە. هەروەها لەگەڵ ئەوەشدام كە نەوەی نوێش بە نۆرەی خۆی، ئەزموون و ژیریی نەوەكانی پێش خۆی بە نرخ بزانێت، چونكە هیچ نەوەیەك لە خاڵی سفرەوە دەستپێناكات. داهاتووی كۆمەڵگە لە سەركەوتنی نەوەیەك بەسەر نەوەیەكی تردا دروست نابێت، بەڵكو لەو ساتەوە دەستپێدەكات كە هەر دوو نەوە یەكتر بە هاوبەشی ژیانی خۆیان بناسن، نە بە ڕكابەری. نەوەكان هەر جێگرەوەی یەكتر نین؛ بەڵکو بەردەوامكەری یەكتریشن. هەر كاتێك ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگرین، نە تەنها تێگەیشتنمان لە نەوەی نوێ قووڵتر دەبێت، بەڵكو تێگەیشتنمان لە خۆمان و لە مێژووی خۆشمان ڕوونتر دەبێتەوە.

