ساڵی ١٩٩٢، له پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی قاهیره بۆ کتێب، له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێکی زۆردا که به‌شێکیان توندڕۆ بوون، فه‌ره‌ج فۆده، نووسه‌ر و ڕەخنەگری ناسراوی میسری، دیبه‌یتێکی سازد کرد. ئه‌نجامه‌که‌ی بەوە گەیشت، له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه که هیچی ئه‌م نووسه‌ره‌ی نه‌خوێندووه‌ته‌وه، خۆی خوێنه‌واریشی نه‌بوو، کوژرا.
به‌یانیی هه‌شتی کانوونی دووه‌می ساڵی ١٩٩٢، هۆڵی پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی کتێب پڕ بوو، له‌ناو جه‌ماوه‌ریشدا به ده‌نگی به‌رز “تهکبییر الله اکبر، لااله الا الله، خوا ئامانجمانه، په‌یامهێن ڕێبه‌رمانه، قورئان ده‌ستوورمانه، جیهاد ڕێگه‌مانه، مردن له ڕێگه‌ی خوادا، پیرۆزترین ئاواتمانه…” ئه‌مه‌ش وای کرد، دکتۆر سه‌میر سه‌رحان، کۆڕگێڕی نێوان به‌شداربووانی دیبه‌یته‌که، داوا له‌و جه‌ماوه‌رە بکات که له ٣٠ هه‌زار تێپه‌ڕی کردبوو، هێمنی بپارێزن و گوێ بۆ میوانه‌کان ڕادێرن، به‌ڵام سوودی نه‌بوو، ئه‌وان له‌سه‌ر دروشمه‌کانیان به‌رده‌وام بوون، تا وای کرد ناچار بێت، داوا له شێخ محه‌مه‌د غه‌زالی بکات، پێیان بڵێت بێده‌نگی بنوێنن.
ئه‌وه دیمه‌نی پێش دیبه‌یته‌که بوو که له‌ژێر ناوی “میسر له‌نێوان ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیدا” خه‌ڵک بۆی کۆ بووبوونه‌وه. به‌شداربووانی دیبهیتهکە دوو به‌ش بوون، ئیسلامییه‌کان: محه‌مه‌د غه‌زالی، شێخی ئه‌زهه‌ر، مه‌ئموون هیزه‌یبی، ڕابه‌ری ئیخوان موسلیمین، محه‌مه‌د عه‌ماره بیرمه‌ندی ئیسلامیی ناسراو. له به‌ره‌ی به‌رانبه‌ریشدا: فه‌ره‌ج فۆده و محه‌مه‌د خه‌له‌فه‌ڵڵا، ئه‌ندامی پارتی ته‌جه‌موع بوون. دیبه‌یته‌که له‌لایه‌ن “ده‌سته‌ی گشتی بۆ کتێب له میسر” وه‌ک پاشکۆی پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی قاهیره بۆ کتێب، ڕێک خرابوو.
له هه‌شتی حوزه‌یرانی ١٩٩٢، دوای شه‌ش مانگ له دیبه‌یته‌که و پڕکردنی موسڵمانان له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینیی و گرووپی توندڕۆوە، فه‌ره‌ج فۆده تیرۆر کرا
وێڕای جه‌ختکردنه‌وه‌ی هه‌ردوو لا بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، مێژووی ئیسلامی، هه‌وڵی سیکۆلاره‌کان له مێژوو و ئێسته‌ی جیهانی ئیسلامی و ته‌واوبوونی به شێوه‌یه‌کی ئاشتییانه، به‌ڵام وا بەڕێوە نەچوو، بەڵكوو بووه هۆی ئه‌وه‌ی له هه‌شتی حوزه‌یرانی ١٩٩٢، دوای شه‌ش مانگ له دیبه‌یته‌که و پڕکردنی موسڵمانان له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینیی و گرووپی توندڕۆوە، فه‌ره‌ج فۆده تیرۆر کرا.
فه‌ره‌ج فۆده کێیه؟
فه‌ره‌ج فۆده، نووسه‌ر و بیرمه‌ندێکی سیکۆلاری ناسراوی میسرییه، له ٢٠ی ئابی ١٩٤٥ له شاری دومیات (باکووری میسر) له‌دایک بووه، ماسته‌ری له کشتوکاڵ هێناوه و دکتۆراکه‌شی له فه‌لسه‌فەی ئابووریی کشتوکاڵی وه‌رگرتووه. به یه‌کێک له سه‌رمه‌شقانی ڕۆشنگه‌ری له میسر هه‌ژمار ده‌کرێت. چه‌ندان کتێبی له‌و لایه‌نه نووسیوه و کاره‌کانی هه‌مووی بۆ بره‌ودان بووه به سیکۆلاری و جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت. ساڵی ١٩٨٤ دوو کتێبی به ناوه‌کانی “پێش ڕووخان” و “ڕاستیی بزربوو” بڵاو کردووه‌ته‌وه، ساڵی ١٩٨٥ به هه‌مان شێوه دوو کتێبی بڵاو کردووه‌ته‌وه: “یاریپێکراو” و “مه‌زه‌وگه‌رایی تا که‌ی؟”، ساڵی ١٩٨٧ کتێبی “گفتوگۆ له‌سه‌ر سیکۆلاری”ی بڵاو کردووه‌ته‌وه و بایه‌خێکی زۆری پێ دراوه و چه‌ندان جار چاپ کراوه‌ته‌وه و له زانکۆی هارڤارد و چه‌ندان زانکۆی تر خوێندراوه.
له ساڵی ١٩٨٩ کتێبێکی به‌ناوی “وریاكەرهوه” بڵاو کرده‌وه، تێیدا باسی له گه‌شه‌ی ڕەوته ئیسلامییه‌کان له نێوان ساڵانی ١٩٨٢ ١٩٨٧ کرد که توانیویانه ده‌وڵه‌تێکی شاراوه پێک بهێنن و ئابووریی تایبه‌تی خۆیان و سوپایان هه‌بێت، که بریتییه له گرووپی چه‌کدار و نووسینگه‌ی بانگخوازییان هه‌بێ وه‌ک ئیخوان موسلیمین، وێڕای ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مانه‌دا له ڕووی یاساوه کارکردنیان قه‌ده‌غه بووه. ئه‌م ڕه‌وته ئیسلامییه، ته‌نانه‌ت دزه‌یان کردووه‌ته ناو دامه‌زراوه زانستییه ئیسلامییه‌کانی وه‌ک ئه‌زهه‌ر، هه‌روه‌ها له‌ناو حزبی نیشتمانیی دیموکراتیشدا جێگه‌یان دروست کردووه و به ته‌واوی په‌لیان بۆ ڕاگه‌یاندن هاویشتووه و پڕیان کردووه له گوتار و بابه‌تی ئایینی.
ئێسته دوای چه‌ندان ساڵ ئینجا ئه‌و مه‌ترسییانه به ته‌واوی ئاشکرا ده‌بن که نه‌وه‌ک ته‌نیا له میسر، له ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی زۆرینه موسڵماندا چه‌که‌ره‌ی کردووه
فه‌ره‌ج فۆده له کتێبه‌کانیدا، مه‌ترسیی ته‌شه‌نه‌ی ئه‌و ڕەوته ئیسلامیانه‌ی باس کردووه که به ده‌یان شێوه‌ی جۆراوجۆر ڕژاونه‌ته ناو هه‌موو جومگه‌کانی کۆمه‌ڵگه و بینه‌قاقایان گرتووه و به‌ناچاری تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه به‌بێ ئه‌وه‌ی بژاری زۆریان له به‌رده‌ست بێت، له‌نێوان چه‌ندان بژاری ئیسلامی، هه‌ر ده‌بێ یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرن. ئه‌و زۆر له‌سه‌ر مه‌ترسیی ده‌وڵه‌تی ناو ده‌وڵه‌ت دواوه، که ئێسته دوای چه‌ندان ساڵ ئینجا ئه‌و مه‌ترسییانه به ته‌واوی ئاشکرا ده‌بن، که نه‌وه‌ک ته‌نیا له میسر، له ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی زۆرینه موسڵماندا چه‌که‌ره‌ی کردووه. ئه‌و زۆر به ڕوونی پێی وا بوو، له‌نێوان ئیسلامیی میانڕۆ و ئیسلامیی توندڕۆدا، ته‌نیا پله‌به‌ندی جیاوازه، نه‌وه‌ک جۆرێتی.
ئه‌وه‌ی فەرەج فۆدە زۆر له‌سه‌ری پابه‌ند بوو: “ناکرێت له شارستانییه‌تیی نوێ‌دا، چاومان له سیکۆلاری بنووقێنین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌کیشمان له‌سه‌ری نییه، به کوفر تۆمه‌تباری بکه‌ین. هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌کردن بۆ ده‌وڵه‌تێکی ئایینی، نه‌شاره‌زایییه به‌رانبه‌ر مافی مرۆڤ و هه‌وڵدان بۆ دروستبوونی خه‌لافه‌ت، نه‌شاره‌زایییه به مێژوو”. فۆده پێی وا بوو، گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیسلامی سیاسی، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌رده‌می شکسته‌کان، ئه‌مه‌شه وای کردووه به ته‌واوی له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌کانه‌وه سه‌نگه‌ری لێ بگیرێ.
له کتێبی “پێش ڕووخان” نووسیویه‌تی: “به‌لامه‌وه گرینگ نییه، ئه‌گه‌ر من له‌لایه‌ک و هه‌موو له لاکه‌ی تر بن. دڵته‌نگیشن نابم ئه‌گه‌ر ده‌نگ و شمشێریان له‌سه‌رم به‌رز بکه‌نه‌وه. تووشی شۆک نابم، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به گوتهکانمه، دوو ڕۆژی تر نائومێدم بکه‌ن. ناتۆقێم، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی به گوته‌کانم ده‌تۆقێن، هێرشم بکه‌نه سه‌ر. ئه‌وه‌ی ده‌مترسێنێت، ئه‌م په‌یامه‌م نه‌گاته ئه‌و شوێنه‌ی ده‌مه‌وێت بگات. من ڕووم له‌وانه کردووه که خاوه‌نی بۆچوونن، نه‌وه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیخوازان، ئه‌وانه‌ی پشتیوانیی پره‌نسیب ده‌که‌ن، نه‌وه‌ک ئه‌وانه‌ی پسپۆڕن له پێفرۆشتنه‌وه. ئه‌وانه‌ی وێڵی ڕاستین نه‌وه‌ک کورسی، پشتیوانانی دانایی نه‌وه‌ک ده‌سه‌ڵات”.
فه‌ره‌ج فۆده، له کتێبی “ڕاستیی بزربوو”دا، زۆر به درێژی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی داوه‌ته‌وه، ئایا به‌ڕاست “ئیسلام چاره‌سه‌ره”، وه‌ک چۆن ئیسلامییه‌کان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن؟ تێیدا ده‌پرسێت، ئایا هیچ سیسته‌مێکی حوکمڕانیی ڕوون، له بنه‌ماکانی ئیسلامدا هه‌یه؟ ئایا هیچ بناغه‌یه‌ک له قورئان و فه‌رمووده‌دا هاتووه، بۆ موسڵمانانی ڕوون بکاته‌وه چۆن به‌یعه‌ت به فه‌رمانڕه‌واکه‌یان بده‌ن و کاتی نوێبوونه‌وه‌که‌شی دیاری بکات؟
فه‌ره‌ج فۆده ده‌پرسێت: ئایا شێوه‌یه‌کی دیاریکراو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی فهرمانڕەوا له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه لا ببرێت، ئه‌گه‌ر له بنه‌ماکان ده‌رچوو؟
، مافی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه بدات به خه‌ڵک، وه‌ک چۆن مافی به‌یعه‌تدانیان هه‌یه؟ ئه‌رێ به‌ڕاست، سیسته‌می خه‌لافه‌ت، ئیسلامی بوو؟ زۆرێکی تر له‌و جۆره پرسیارانه، له کتێبه‌که‌دا ورووژاندوونی و خۆیشی وه‌ڵامی ڕژدی داونه‌ته‌وه و به کورتی ده‌ڵێت: ئیسلام وه‌ک ئایین شتێکه و ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می حوکمڕانی شتێکی تره.
هه‌ر له سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی بۆچوونه فیکرییه‌کانی فه‌ره‌ج فۆده، مشتومڕی زۆری له‌ناو ڕووناكبیران و بیرمه‌ندان و پیاوانی ئایینی دروست کرد، هێرشێکی زۆری له‌لایه‌ن ئه‌زهه‌ر و گرووپه ئیسلامییه‌کانه‌وه بۆ چوو، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی ته‌کفیر کرا و بڕیار له‌سه‌ر تیرۆرکردنی درا، ئه‌و کاته‌یش که کوژرا، هه‌وڵ درا پارێزگاری له بکوژەکهی بکرێت، چونکه پێیان وابوو ئه‌وه‌ی کردوویه‌تی ناچێته قاڵبی کوشتنه‌وه، به‌ڵکوو جێبه‌جێکردنی یه‌کێک بووه له بنه‌ماکانی شه‌ریعه‌ت، ئه‌ویش کوشتنی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌مانه له‌لایه‌ن محه‌مه‌د غه‌زالی له دادگه گوتران.
هه‌ر له‌ناو دیبه‌یته‌که‌دا، به ڕوونی تۆمه‌ت بۆ فه‌ره‌ج فۆده درێژ ده‌کرا و شێخ محه‌مه‌د غه‌زالی به‌وه ده‌ستی پێ کرد، پێویسته پارێزگاری له ناسنامه‌ی ئیسلامێتیی کۆمه‌ڵگه بکرێ. مه‌ئموون هزێبی که به‌ناوی ئیخوانه‌وه ده‌دوا، ده‌یویست دیبه‌یته‌که به‌و شێوه‌یه لێ بکات که باسه‌که له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی نائیسلامییه، بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ ئیسلام ئایین و ده‌وڵه‌ته نه‌وه‌ک ته‌نیا ئایین و هه‌رکه‌س پێی وا بێت ئایینداره و ده‌وڵه‌تی نائیسلامی قبووڵ بێت، ئه‌وا بنه‌مای ئایینه‌که‌ی که‌موکوڕی تێدایه.
ئێوه له‌ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیدا لێره دیبه‌یت له‌گه‌ڵ من ده‌که‌ن و کاتێکیش ده‌چنه ده‌ره‌وه، سه‌رتان به ملتانه‌وه‌یه، به‌ڵام له ده‌وڵه‌تی ئایینی‌دا، ئه‌وه‌ی ڕای جیاوازی هه‌بێت، سه‌ری له جه‌سته‌ی جیا ده‌کرێته‌وه
دواهه‌مین که‌س له‌و دیبه‌یته‌دا، فه‌ره‌ج فۆده بوو، مایکه‌که‌ی گرت به‌ده‌سته‌وه و گوتی: “ئیسلامییه‌کان سه‌رقاڵن به گۆڕینی ده‌سه‌ڵات یان گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیان بۆ ئاماده کردبێت”. ئینجا کۆمه‌ڵێک نموونه‌ی گرووپه ئیسلامییه‌کانی هێنایه‌وه که چی ده‌که‌ن و چۆن خوێن ده‌ڕێژن، ئایا ئاوا ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن! هه‌روه‌ها ناوی ده‌وڵه‌ته ئایینییه‌کانی وه‌ک ئێرانی هێنایه‌وه و گوتی: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه سه‌ره‌تای ده‌وڵه‌تی ئایینی بێت، هاوار له‌ده‌ست کۆتایییه‌که‌ی.” ڕووی له به‌شداربووانی دیبه‌یته‌که کرد و گوتی: “ئێوه له‌ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیدا لێره دیبه‌یت له‌گه‌ڵ من ده‌که‌ن و کاتێکیش ده‌چنه ده‌ره‌وه، سه‌رتان به ملتانه‌وه‌یه، به‌ڵام له ده‌وڵه‌تی ئایینی‌دا، ئه‌وه‌ی ڕای جیاوازی هه‌بێت و به‌رهه‌ڵستیی بکات، سه‌ری له جه‌سته‌ی جیا ده‌کرێته‌وه.”
ئیسلام وه‌ک ئایین له‌ژوور سه‌رمانه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت، بابه‌تێکی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه و پێویستی به پڕۆگرامێکی ته‌واو هه‌یه تا سنووری حوکمه‌که‌ی دیاری بکات.
“که‌س له‌سه‌ر ئیسلام وه‌ک ئایین گومانی نییه، ئێمه لێره نه‌هاتووین قسه له‌سه‌ر ئایین بکه‌ین، هاتووین باسی ده‌وڵه‌تی ئایینی ده‌که‌ین. جیاوازیی نێوان ئیسلام وه‌ک ئایین و ئیسلام وه‌ک ده‌وڵه‌ت باس ده‌که‌ین. ئیسلام وه‌ک ئایین له‌ژوور سه‌رمانه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت، بابه‌تێکی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه و پێویستی به پڕۆگرامێکی ته‌واو هه‌یه تا سنووری حوکمه‌که‌ی دیاری بکات.” له کۆتاییدا، فۆده گوتی: “هیوادارم هه‌مووتان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هیدایه‌تی ئیسلام و له شوێنی به‌رزی خۆی دابنرێت، دووری بخه‌نه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانتان”.
له دوای ته‌واوبوونی دیبه‌یته‌که‌وه، ده‌ست کرا به هێرشکردن له دژی فه‌ره‌ج فۆده و سوپایه‌کی ڕاگه‌یاندنی بۆ خرایه کار، تا گه‌یشته ڕۆژی سێی حوزه‌یرانی ١٩٩٢، کاتێک ڕۆژنامه‌ی “نوور”ی ئیسلامی به‌یاننامه‌یه‌کی زانایانی ئه‌زهه‌ری به واژووی ژماره‌یه‌کی زۆریان بڵاو کرده‌وه، تێیدا ئه‌و بیرمه‌نده کافر ده‌که‌ن و داوا له لیژنه‌ی کاروباری حیزبه‌کان ده‌کات، ڕێگه نه‌ده‌ن پارتی “موسته‌قبه‌ل” دامه‌زرێنێ که له‌وکاته‌دا به‌ته‌مای بوو.
دوایین ساته‌کان
دوای ته‌نیا پێنج ڕۆژ، له هه‌شتی حوزه‌یران، دوو گه‌نج له کۆمه‌ڵی ئیسلامیی میسری، له‌سه‌ر مانتۆڕسکیلێک له‌به‌رده‌م سه‌ندیکای “ته‌نویر”ی میسری که فه‌ره‌ج فۆده سه‌رۆکی سه‌ندیکاکه بوو، وه‌ستابوون و چاوه‌ڕێی هاتنه ده‌ره‌وه‌یان ده‌کرد. له سه‌عات شه‌ش و نیوی ئێواره، کاتێک له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی کوڕی و هاوڕێیه‌کی دێته ده‌ر، گوللـه‌باران کرا.
لێکۆڵه‌ر پێی گوت، بۆچی پێش جه‌ژن کوشتتان؟ گوتی ئاخر بۆ ئه‌وه‌ی ببێته قوربانیی جه‌ژن و دڵی خانه‌واده‌که‌ی زیاتر بسووتێنین
له‌کاتی لێکۆڵینه‌وه له یه‌کێک له‌و بکوژانه گوتی، به‌پێی فه‌توایه‌کی ئایینی که حوکمی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه، کوشتوویانه. کاتێک لێکۆڵه‌وه‌ر لێی پرسی: بۆچی فه‌ره‌ج فۆده‌ت کوشت؟ گوتی: چونکه کتێبی کوفر و بێباوه‌ڕی بڵاو ده‌کرده‌وه. پێی گوت: هیچ کتێبێکیت خوێندووه‌ته‌وه؟ گوتی: نه‌خێر، من خوێنده‌واریم نییه. لێکۆڵه‌ر پێی گوت، بۆچی پێش جه‌ژن کوشتتان؟ گوتی ئاخر بۆ ئه‌وه‌ی ببێته قوربانیی جه‌ژن و دڵی خانه‌واده‌که‌ی زیاتر بسووتێنین.
کێ فه‌تواکه‌ی ده‌رکرد؟
فه‌تواکه له‌لایه‌ن دکتۆر مه‌حموود مه‌زرووعه مامۆستای عه‌قیده له زانکۆی ئه‌زهه‌ر ده‌رکرا که یه‌کێک بوو له شایه‌ته سه‌ره‌کییه‌کانی دۆسییه‌ی فه‌ره‌ج فۆده. له دانپێدانانه‌که‌یدا له‌به‌رده‌م دادگه گوتی: له‌لایه‌ن گه‌نجانی گرووپێکی ئیسلامییه‌وه پێوه‌ندی پێوه کرا، ڕاوێژیان پێ کرد: ئایا حوکمی هه‌ڵگه‌ڕاوه چییه؟ ئه‌ویش گوتبووی کوشتنه؟ پێیان گوتبوو: ئه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌یکوژێ؟، وه‌ڵامی دابووه‌وه: ئه‌و کاته ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی ته‌واوی موسڵمانان. هه‌ر له شایهتییهکهیدا گوتبووی: فه‌ره‌ج فۆده ڕای گه‌یاندووه که شه‌ریعه‌تی ئیسلام جێبه‌جێ ناکات و خۆی بۆ دژایه‌تیی حوکمی خوا ته‌رخان کردووه و هه‌میشه گوتوویه‌تی نابێ شه‌ریعه‌ت جێبه‌جێ بکرێ، که‌واته ئه‌وه به‌پێی ئیجماعی موسڵمانان کافره و پێویستی به ده‌سته‌یه‌ک نییه تا بڕیاری له‌سه‌ر بدات.
شایه‌تیی ئه‌وانه‌ی له دیبه‌یته‌که‌دا له‌گه‌ڵی بوون
دوای دادگاکردنێکی درێژخایه‌ن و وه‌رگرتنی شایه‌تیی ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له دیبه‌یته‌که‌دا له‌گه‌ڵیدا بوون، ئینجا دادگه بڕیاری خۆی دا. شێخ محه‌مه‌د غه‌زالی له دادگه گوتی: ئه‌وه‌ی کوژراوه، هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه و خوێنی حه‌ڵاڵه و شایه‌نی کوشتن بووه. ئه‌و گوته و کردارانه‌ی ده‌یکردن، خستبوونییه بازنه‌ی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌وه، هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ش خوێنی ده‌ڕێژرێ و وه‌لی ئه‌مر ده‌بێ پێی هه‌ستێت. ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌پشت قه‌فه‌زه‌وه وه‌ستاون، نابێ تۆمه‌تی کوشتنیان به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێ، به‌ڵکوو ئه‌وان شتێکیان کردووه که ده‌بوو حکوومه‌ت بیکات، ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌وه لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت.