Site icon Zed Press

ياساى چاکسازى چى لە دۆخى هەرێم گۆڕی؟

 

ماوەى چەند ساڵێک دەرکردنى یاساى چاکسازى بابەتى گفتوگۆ و بانگەشە و موزایەدەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێم بوو، تا ئەوە بوو دواجار یاساکە لە سەرەتاى ساڵى ٢٠٢٠ دەرچوو.

مافى هەموو لایەکە بپرسن دەرچوونى ئەو یاسایە چى گۆڕى لە بارودۆخى کەرتى وەزیفى و بارى ئابوورى خەڵکى هەرێم، بەراورد بەو بانگەشانەى بۆى کرا؟ لێرەدا چەند کورتە سەرنجێک دەخەینەڕوو:

 

یەکەم: بەگوێرەى ئەوەى بانگەشەى بۆ دەکرا لەلایەن داڕێژەران و پاڵپشتیکارانى یاساکەوە، دەبوو یاساکە مانگانە ١٠٠ ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەى گشتى و لەم بەرەنجامەشەوە بڕیاربوو ئەو ١٠٠ ملیار دینارە بخرایەتە سەر مووچەى خانەنشینانى هەرێم، بەڵام پاش زیاتر لە سێ ساڵ لەبەرکاربوونى یاساکە، نەک ١٠٠ ملیار دینار، بەڵکوو سەد دیناریش نەخرایە سەر مووچەى خانەنشینان.

 

دووەم: یاساکە بۆ پێداچوونەوە بوو بەو کەسانەى بە نایاسایى مووچەى خانشینییان بۆ خەرجکرابوو یان زیاتر لە مووچەیەکیان وەرگرتبوو، بەڵام لە پاش پێداچوونەوەش بە هەموو ئەو بوارانە، کەچى بودجەى تەرخانکراو بۆ مووچەى مانگانە لە هەرێم  نەک کەمى نەکرد، بەڵکو دەیان ملیار دیناریش زیادى کرد.

 

سێیەم: ئەوەى یاساى چاکسازى بەشێوەیەکى ڕاشکاوانە کردى، بریتیى بوو لە پاراستن و پارێزبەندى درووستکردن بۆ ئەو دەیان هەزار کەسەى بە نایاسایى مووچەى خانەنشینى یان زیاد لە مووچەیەکیان وەرگرتبوو، ئەوەبوو یاساکە لە ماددەى (١٤/ یەکەم) هەموویانى  پاراست لەوەى ئەو ملیارەها دینارەى بە نایاسایى وەریانگرتبوو، لێیان بسەنردرێتەوە، بەڵکو بەخشران لە گەڕانەوەى ئەو پارەیەی کە بەنایاسایى وەریانگرتبوو، نەک هێندەش، بەڵکو یاساکە ڕێگەى گرت لەوەى ڕێکاریى سزایشیان لە بەرانبەر بگیرێتە بەر، واتە تەنانەت دادگاش ناتوانێت ئیجرائاتیان لەگەڵ بکات!

 

چوارەم: چارەنووسى یاساى چاکسازى ئەو گومانەى بۆ خەڵکى سەلماند، کە بەرژەوەندى گشتى و پاراستنى ماڵ و سامانى گشتى، ئامانج و کارى جددى ئەم دەسەڵاتە نییە، هەنگاوێک هەڵناگرێت ئەگەر لە ١٠٠٪ بەرژەوەندى خۆیانى تێدا نەبێت .

 

بۆیە خەڵکى هەرێم مافى خۆیانە ڕووى دەمیان بکەنە هەموو ئەوانەى خۆیان بە خاوەن و مونەزیرى یاساکە دەزانى و کردبوویان بە بانگەشەى هەڵبژاردن کە ئایا جەدوا و ئەنجامى  ئەو یاسایە لەسەر زەمینەى واقیع چى بوو، جگە لە ئیش دۆزینەوە بۆ هەندێک کەس و سەرقاڵکردنى چەند دامەزراوەیەک بە کارێکى بێئەنجامەوە؟

Exit mobile version