Site icon Zed Press

وێرانه‌خاکی ڕۆشنبیران

سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆکه‌ی ناسیۆنالیزم له بنه‌ڕه‌تدا ئاڕاسته‌یه‌کی سیکیۆلاره، ئایدیایه‌کی پێچه‌وانه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئاینییه. ئه‌وکاته‌ی که ئایین بڕبڕه‌ی پشتی شارستانییه‌ته‌کانه، ئایدیای ناسیۆنالیزم ئایدیایه‌کی نادیاره. هه‌ڵبه‌ته نه‌ته‌وه و  پێکهاته ئیتنییه‌کان له کۆنه‌وه خودهۆشیارییه‌کی سه‌ره‌تاییان به خۆیان هه‌یه، به‌ڵام دیدی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و درووستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه ته‌وژمێکی فیکرییه که ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به گورزخواردنی دیدی ئایینییه‌وه هه‌یه بۆ دنیا. له خۆرئاوادا ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌بنه پێشه‌نگی ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌کان بریتین له ئیلیت و ئه‌نتلجنسیای نادینی. دروستبوونی ناسیۆنالیزم گرێدراوی هه‌لومه‌رجێکی تازه‌یه که ئایین به هێواشی پاشه‌کشه ده‌کات و زانست ده‌بێته کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی شارستانێتی.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

له دۆخی ناسیۆنالیزمی کوردیدا ئه‌م خاڵه تۆختره، ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌ی ئه‌و ڕاستییه‌یه که ناسیۆنالیزمی کوردی به‌رانبه‌ر دۆخی داگیرکاریی ئه‌و وڵاتانه شێوه ده‌گرێت که کوردستانیان داگیرکردووه و وڵاته‌کانیش موسوڵمانن، ئه‌مه دۆخێک ده‌خولقێنێت که ناسیۆنالیزمی کوردی له سه‌ره‌تاوه نادینی بێت. هه‌تا ئه‌و کاته‌ی ئیلیتی ئاینی له کوردستاندا ئیلیتی سه‌ره‌کی و دیاریکه‌ری گوتاری باوه، ناسیۆنالیزمی کوردی سه‌رهه‌ڵنادات. سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی وابه‌سته‌ی هه‌لومه‌رجێکی تازه‌یه که گرووپێکی ده‌سته‌بژێر له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردیدا په‌یدا ده‌بن که ده‌سته‌بژێرێکی نائایینیین. جیهانبینییه‌كه‌یان، ئاڕاسته‌ی ئیشکردنیان، ستایڵی ژیانیان ناچێته‌وه سه‌ر دنیای کۆن، به‌ڵکوو زۆرتر گرێدراوی دنیای  نوێن، به‌دیاریکراویش سه‌رسامن به ئایدیا و بیروبۆچوونه‌کانی خۆرئاوا. بێهۆکار نییه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا ئێمه چه‌مکی ڕۆشنبیرمان نییه، به‌ڵکوو له‌بری ئه‌وه چه‌مکی مونه‌وه‌رمان هه‌یه. مونه‌وه‌ر هه‌ر له ناوه‌که‌یه‌وه دیاره که له ته‌نویره‌وه هاتووه، ته‌نویریش ئاماژه‌یه بۆ سه‌رده‌مێکی دیاریکراوی خۆرئاوا که تیایدا فه‌یله‌سوفانی مونه‌وه‌ر و ڕۆشنگه‌ر ستایشی عه‌قڵ ده‌که‌ن، زانست شکۆدار ده‌که‌ن، پێشکه‌وتن به بزوتنێکی گرنگ ده‌زانن و ئایینییش به هۆکارێکی نێگه‌تیڤ له گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌کان، له‌وه‌ش واوه‌تر ئایین وه‌ک ڕیگرێک ده‌یبینن له به‌رده‌م پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ و فراژووبوونی نه‌ته‌وه‌دا، جگه له‌وه‌ش زاڵبوونی دیدی ئایینی و نه‌بوونی زانست وه‌کو هۆکارێکی ژێرده‌سته‌یی و دیلی ده‌بینن. ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی ئه‌ده‌بیاتی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستی خۆمان بکه‌ین به ڕوونی ئه‌و ئاڕاسته‌یه ده‌بینین که چۆن شاعیرانی ئێمه خه‌ون به دنیایه‌که‌وه ده‌بینن تیایدا زانست سه‌روه‌ر بێت، هێرش ده‌که‌نه سه‌ر بیروڕا و داب و نه‌ریتی کۆن، دین و ده‌رکه‌وته‌کانی به مایه‌ی پاشکه‌وتوویی ده‌زانن و عه‌قڵ و پێشکه‌وتن و زانست ستایش ده‌که‌ن.

 

گه‌شه‌ی ناسیۆنالیزم و زاڵبوونی ئیلیتی ناسیۆنالیستی وا ده‌کات ده‌سته‌بژێری ئایینی پاشه‌کشه بکات، ئه‌وانه‌ش پاشه‌کشه ناکه‌ن پێشمه‌رج و لۆژیکی ئیلیتی نائایینی قبوڵ ده‌که‌ن

 

دوای ئه‌وه‌ی میر به‌درخان له هه‌وڵێکدا بۆ درووستکردنی فیدراسیۆنی خێڵه‌کان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له سوڵتانی عوسمانی شکست ده‌خوات، خۆی و ماڵباته‌که‌ی دوورده‌خرێنه‌وه بۆ ئه‌سته‌نبوڵ و به‌شه‌کانی تری ئیمپراتۆریای عوسمانی. دواتر کوڕ و نه‌وه‌کانی که ده‌بنه خوێنده‌وار و له زانکۆ و خوێندنگاکانی ئه‌سته‌نبوڵ و پاریس و ئه‌ڵمانیا و قاهیره و له‌ژێر کاریگه‌ری فیکری تازه‌ی ئه‌وروپیدا بیرۆکه‌ی هه‌ستی ناسیۆنالی تییایاندا گه‌شه ده‌کات، ده‌بنه تۆوی بنه‌ڕه‌تی ئایدیای ناسیۆنالیزمی کوردی. ئیلیتی به‌درخانییه‌کان و دواتر که‌سه دیاره‌کانی بواری هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستاندا ئیلیتێکی نائایینییه. پێش به‌درخانییه‌کان که ده‌سته‌بژێری دینی زاڵه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا و به‌و پێیه‌ی ئه‌و ده‌سته‌بژێره نه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجێکی دیاریکراوه که تیایدا بیرۆکه‌ی ناسیۆنالیزم بوونی نییه، ئیلیتێکه هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی نییه. ئه‌حمه‌دی خانی لێ ده‌رچێت که حاڵه‌تێکی ئاوارته‌یه، به‌ڵام خانی ته‌نیا بیرۆکه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌ییه و ناتوانین وه‌کوو ناسیۆنالیست پێناسه‌ی بکه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خانی خۆی سه‌ر به ده‌سته‌بژێری ئایینییه؛ پڕۆژه‌که‌ی زۆر په‌یوه‌ندی به ئایینه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر دوو کتێبی به نمونه وه‌ربگرین، مه‌م و زین داستانێکی عاشقانه‌یه و له چه‌ند جێگایه‌کیدا خانی ئاماژه‌ی به مه‌به‌ست و ئامانجی نووسینه‌که‌ی کردووه که بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌هلی بۆچوون وا نه‌زانن کورد عه‌شقیان نه‌کردۆته ئامانج، ئه‌و مه‌م و زینی نووسیوه.

کتێبێکی تری خانیش ‘نوبه‌هارا بچیکان’ یش فه‌رهه‌نگێکی کوردی-عه‌ره‌بییه به شیعر. بۆیه گه‌شه‌ی ناسیۆنالیزم و زاڵبوونی ئیلیتی ناسیۆنالیستی که ئیلیتێکی نائایینییه وا ده‌کات ده‌سته‌بژێری ئایینی پاشه‌کشه بکات، ئه‌وانه‌شیان که پاشه‌کشه ناکه‌ن و تێکه‌ڵی ڕه‌وتی ناسیۆنالیزمی کوردی ده‌بن پێشمه‌رج و لۆژیکی ئیلیتی نائایینی قبوڵ ده‌که‌ن و پڕۆژه‌که‌یان له پڕۆژه‌یه‌کی ئایینییه‌وه وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ پڕۆژه‌یه‌کی ناسیۆنالی. حاجی قادری کۆیی، پاش ئه‌وه‌ی ده‌چێته ئه‌سته‌نبوڵ و له‌ژێر کاریگه‌ری ماڵباتی به‌درخاندا هه‌ستی ناسیۆنالی تێیدا گه‌شه‌ ده‌کات، گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ر پڕۆژه شیعرییه‌که‌یدا دێت و ده‌بێته بڵندگۆیه‌کی گرنگی هه‌ستی ناسیۆنالی ئێمه. حاجی که ئیتر ناگه‌ڕێته‌وه و هه‌موو ژیانی له ئه‌سته‌نبوڵ به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌زموونی شیعری و پڕۆژه ئه‌ده‌بییه‌که‌ی ده‌خاته خزمه‌ت بیرۆکه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی نه‌خشه‌ی شیعری حاجی بکه‌ین ده‌بینین که پڕۆژه شیعرییه‌که‌ی پێش ئه‌سته‌نبوڵ و دوای ئه‌سته‌نبوڵی ته‌واو جیاوازه. حاجی هه‌تا کۆتایی ژیانی وه‌فادار به‌و پڕۆژه‌یه ده‌مێنێته‌وه و ته‌نانه‌ت له‌و جێگایانه‌شدا که وه‌سفی سروشت و باران و چیاش ده‌کات هه‌موو ئه‌و وه‌سفه به ئامانجی شکۆداربوونی بنیادنانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌کات، له‌وه‌ش واوه‌تر حاجی له‌و کاته‌شدا که موناجاتێکی ئایینی ده‌نووسێت ئامانجه‌که‌ی هه‌ر پڕۆژه ناسیۆنالییه‌که‌یه. له شیعرێکیدا حاجی که بۆ وه‌سف و مه‌دح و سه‌نای خوا ته‌رخانی کردووه و به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌کات:

ئه‌ی بێ نه‌زیر و هه‌متا، هه‌ر تۆی که به‌رقه‌راری

بێ دیار و بێ دیاری، بێدار و پایه‌داری

ئه‌م وه‌سف و ستایشه به‌رده‌وام ده‌بێت به‌درێژایی شیعره‌که و له کۆتاییدا کرۆکی پڕۆژه‌که‌ی ده‌خاته ڕوو که ده‌ڵێت:

مه‌علومه بۆچی حاجی، مه‌دحت ده‌کا به کوردی

تا که‌س نه‌ڵێ به کوردیی؛ نه‌کراوه مه‌دحی باری

که‌واته ئامانجی مه‌دحه‌که ‘باری ته‌عالا’ نییه هێنده‌ی خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌که‌یه‌تی، پرۆژه‌ی خودهۆشیاری و خۆجیاکردنه‌وه‌ له ئه‌وانی دیکه‌ی ناکورد، بۆ ئه‌وه‌ی پێی نه‌ڵێن به زمانی کوردی مه‌دحی خوا نه‌کراوه، که ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش له ناواخندا پڕۆژه‌یه‌کی سێکیولاره.

حاجی که بێگومان فیگه‌رێکی گرنگی ڕۆشنبیری ئێمه‌یه، پڕۆژه‌که‌ی قه‌رزاری ئیلیتی نادینییه و حاجی له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌واندا پڕۆژه‌ ئه‌ده‌بییه‌که‌ی وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ پڕۆژه‌یه‌کی ناسیۆنالی.

 

ئه‌و پیاوه دینییانه‌ش که به‌شداری گرنگ ده‌که‌ن له پڕۆژه‌ی هۆشیاری و بنیادنانی نه‌ته‌وه‌دا پڕۆژه‌که‌‌یان له بنه‌ڕه‌تدا نادینییه، ناسیۆنالییه و له قوڵاییدا له‌ژێر کاریگه‌ری ئیلیتی نادینیدایه

 

له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه و به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیست هێرش و شاڵاوی ئیلیتی نادینی ئێمه، گوشارخستنه‌ سه‌ر ئیلیتی دینی و ناچارکردنیان به ته‌سلیمبوون به پڕۆژه‌ی مونه‌وه‌ره‌کان به‌رده‌وامه، ئه‌وانه‌ی گه‌شه به بیرۆکه‌ی ناسیۆنالی ده‌ده‌ن هه‌ر مونه‌وه‌ران و ئیلیتی نادینییه، هه‌ر له حوسێن حوزنی موکریانی و گیو موکریانی برایه‌وه له ڕه‌واندز و هه‌ولێر بۆ موحه‌مه‌د ئه‌مین عه‌سری که‌رکووک و پیره‌مێرد و تۆفیق وه‌هبی و موسته‌فا پاشای یاموڵکی و ڕه‌فیق حیلمی و ئه‌مین زه‌کی به‌گ و حوسێن نازم به‌گ و جه‌مال عیرفان له سلێمانی و چه‌ندانی تر، هه‌موویان سه‌ر به ده‌سته‌بژێری نادینین. ئه‌و پیاوه دینییانه‌ش که به‌شداری گرنگ ده‌که‌ن له پڕۆژه‌ی هۆشیاری و بنیادنانی نه‌ته‌وه‌دا پڕۆژه‌که‌‌یان له بنه‌ڕه‌تدا نادینییه، ناسیۆنالییه و له قوڵاییدا له‌ژێر کاریگه‌ری ئیلیتی نادینیدایه. توێژی دیندار بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌سته‌ی ڕۆشنبیراندا قبوڵ بکرێت ده‌بێت پڕۆژه‌که‌ی ناسیۆنالی، نادینی و ڕۆشنگه‌رانه بێت. عه‌لائه‌دین سه‌جادی که پیاوێکی ئایینییه، پڕۆژه‌که‌ی هیچ په‌یوه‌ندی به ئایینه‌وه نییه، به‌ڵکوو به‌شێکه له پڕۆژه‌یه‌کی نادینی. نووسینی ‘مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی’ و کۆکردنه‌وه‌ی قسه‌ی نه‌سته‌ق و گاڵته‌ و نوکته‌ی کوردی ‘ڕشته‌ی مرواری’ کارێکی ئه‌تنۆگرافی ناسیۆنالییه و ده‌چێته‌وه ناو خزمه‌ت به په‌ره‌پێدانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه. کاره‌کانی مه‌لا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی که ناساندنی مێژووی کورده به عه‌ره‌بیزمانه‌کان په‌یوه‌ندییان به ئایینه‌وه نییه، قانع مه‌لایه‌تییه‌که‌ی به ڕاده‌یه‌ک کاڵ ده‌کاته‌وه که هه‌موو قورسایی خۆی ده‌خاته سه‌ر هێرش بۆ سه‌ر جه‌هل و خورافات و میتافۆڕ و ڕه‌وانبێژییه‌که‌ی ده‌گاته شوێنێک که کوردستان به به‌هه‌شت ناگۆڕێته‌وه. شێخ موحه‌مه‌دی خاڵ به‌شێکی زۆری ژیانی بۆ نووسینی فه‌رهه‌نگێکی کوردی-کوردی ته‌رخان ده‌کات، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس خۆی سه‌رقاڵ ده‌کات به کۆکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ و ڕاڤه‌ی شاعیرانی کلاسیکی ئێمه، که هه‌موو ئه‌و کارانه ده‌ڕژێنه ناو پڕۆژه‌ی ناسیۆنالی و بنیادنانی نه‌ته‌وه که له بنه‌ڕه‌تدا پڕۆژه‌یه‌کی سیکیولاره و هه‌ر هه‌موویشی له‌ژێر کاریگه‌ری ئیلیتی تازه و مونه‌وه‌ری نادینی ئێمه‌دایه. ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ش که مه‌لای گه‌وره‌ و مه‌لا عه‌بدولکه‌ریم و شێخی خاڵ قورئان به کوردی ڕاڤه ده‌که‌ن و هه‌ژاری موکریانی قورئان وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر زمانی کوردی ئامانجه‌که‌یان هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و خزمه‌تی زمانی کوردییه. مه‌لای گه‌وره‌ی کۆیه ناوی ته‌فسیره‌که‌ی ناوه ‘ته‌فسیری کوردی له که‌لامی خوداوه‌ندی’ که هه‌ر ئه‌و ناولێنانه ماناکه‌ی دیاره چییه. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، ئه‌و کاته‌ی مه‌لای گه‌وره کچه‌که‌ی ده‌نێرێته قوتابخانه و بێگومان کارێکی گرنگ و ماناداره و هه‌تاکوو ئێستاش له کۆیه  و ناوچه‌کانی تردا کاریگه‌رییه‌که‌ی دیاره، به‌ڵام ده‌بێت ئاماژه به‌وه بکرێت که ئه‌وکاته‌ی مه‌لای گه‌وره نه‌جیبه‌خانی کچی ده‌نێرێته مه‌کته‌ب، پێشتر مونه‌وه‌ره کورده‌کان ڕێچکه‌یان شکاندبوو، له‌یلا عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان له سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و سه‌ماکانی پاریس سه‌مای ده‌کرد، گوزیده خانم کچی عه‌بدولعه‌زیز یاموڵکی خوێندنی ته‌واو کردبوو و دواتر ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی کچان، فاتمه محێدین که دواتر ده‌بێته هاوسه‌ری حه‌مدی شاعیر له قوتابخانه‌ی ‘ئیتیحاد و ته‌ره‌قی’ به‌غداد خوێندبووی و پاشتر ئه‌ویش ساڵانێک به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی کچان ده‌بێت له سلێمانی.

 

پیاوی دینی و که‌سێکی سه‌ر به ده‌سته‌بژێری دینی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کوو ڕۆشنبیر قبوڵ بکرایه، ده‌بووایه لۆژیک و زمان و ڕیتۆریک و پڕۆژه‌ی ئه‌نتلجنسیای نادینی قبوڵ بکردایه

 

که‌واته پیاوی دینی و که‌سێکی سه‌ر به ده‌سته‌بژێری دینی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کوو ڕۆشنبیر قبوڵ بکرایه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو مه‌حفه‌لی ڕۆشنبیران و پێشه‌نگێکی ناو بیری نه‌ته‌وه‌یی و خوێنده‌وار هه‌ژمار بکرایه، ده‌بووایه لۆژیک و زمان و ڕیتۆریک و پڕۆژه‌ی ئه‌نتلجنسیای نادینی قبوڵ بکردایه و ئامانجی پڕۆژه‌که‌ی نه‌ته‌وه و بونیادنانی پایه‌کانی بووایه، ئه‌گه‌ر نا ده‌یتوانی وه‌کوو مه‌لایه‌ک له‌ناو ده‌سته‌بژێری دینیدا بمێنێته‌وه و له‌ناو ئه‌و ده‌سته‌بژێره‌وه ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کی هه‌بووه بیکات، که زۆربه‌ی جار قسه‌کانیشیان هێرش بووه بۆ سه‌ر ده‌رکه‌وته مۆدێرنه‌کانی کۆمه‌ڵگا و هێرش بۆ سه‌ر ده‌سته‌بژێری نادینی و بۆ سه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕه‌وتانه‌ی که له‌گه‌ڵ ته‌وژمی باوی ئایینییدا نه‌ده‌هاتنه‌وه. مونه‌وه‌ران ئه‌و پێگه‌یه‌ی هه‌یانبووه به ڕه‌نج و به‌ربه‌ره‌کانێ به ده‌ستییان هێناوه.  ئه‌و کاته‌ی پیره‌مێرد گه‌نجانی کۆده‌کرده‌وه و وه‌کو سیمبولێکی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئاگری نه‌ورۆزی ده‌کرده‌وه، مه‌لاکان هێرشیان ده‌کرده سه‌ری و پێیان ده‌گوت نه‌ریتی مه‌جوسییه‌کان زیندوو ده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌عرووف جیاوکی ڕۆشنبیر و موته‌سه‌ڕیفی ئه‌وکاته‌ی سلێمانی هیمه‌تی نه‌کردایه و مه‌لا موسته‌فای سه‌فوه‌تی له جێگای خۆی نه‌وه‌ستاندایه، مه‌لا موسته‌فای سه‌فوه‌ت ده‌ستی کردبوو به ته‌کفیرکردنی حه‌قه‌کان و به‌نیازبوو خه‌ڵکیان لێ هان بدات و ده‌کرا ئاکامه‌که‌ی زۆر تراژیدی بووایه. ئه‌مه‌ ڕێسایه‌کی نه‌نووسراو بوو و هه‌مووان په‌ژراندبوویان. ئه‌م دۆخه، واته زاڵبوونی ئه‌نتلجنسیای نادینی به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیست به‌رده‌وام بوو.

 

 ئێستا ئه‌نتلجنسیای نادینی، گوتاره‌کانی خۆی، زمان و ڕیتۆریکی خۆی به‌شێوه‌یه‌ک ده‌دوورێت که به‌به‌ری ناوه‌ندی دینی گونجاو بێت

 

له کۆتایی سه‌ده‌ی بیستدا ئیسلامیزم له وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ کوردستان، هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامیزم له وڵاتانی عه‌ره‌بی و مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌که‌ی بۆ کوردستان ئامانجی ئه‌م نووسینه نییه، هه‌رچه‌نده بوارێکی گرنگی توێژینه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌یه و په‌یوه‌ندیداریشه به‌م باسه‌وه چونکه پڕۆژه‌ی ئیسلامیزم  له کوردستان پڕۆژه‌یه‌کی دژی ناسنامه‌ی ناسیۆنالییه.

بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلامیزم له کوردستان وه‌کو بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌کی تر ده‌ستکاری کۆمه‌ڵێک شت ده‌کات. ئیسلامیزم هه‌ندێک شتی گۆڕی له کوردستاندا و یه‌کێک له‌و شتانه‌ش ده‌ستکاریکردنی پێناسه‌ی ڕۆشنبیر و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕێسایانه‌ بوو که په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نتلجنسیای نادینی و ده‌سته‌بژێری دینی ڕێکخستبوو. له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونی ته‌وژمی ئیسلامیزم ئیتر هێرشی پێچه‌وانه‌ی گرووپی دینی ده‌ستی پێکرد و هاوکێشه‌که‌ی به قازانجی ده‌سته‌بژێری دینی گۆڕی. دۆخه‌که‌ ئێستا ئه‌وه نییه که ئیلیتی نادینی گوتاره‌کان دابڕێژێت و ده‌سته‌بژێری دینی ناچار بێت قبوڵی بکات، به‌ڵکو ئێستا ئه‌نتلجنسیای نادینی، گوتاره‌کانی خۆی، زمان و ڕیتۆریکی خۆی به‌شێوه‌یه‌ک ده‌دوورێت که به‌به‌ری ناوه‌ندی دینی گونجاو بێت، ناکۆک نه‌بێت لەگه‌ڵی، به‌پێی لۆژیکی ئه‌و بێت. ئه‌و به‌به‌ردوورینه، ئه‌و زمان و ڕیتۆریکه مه‌رج نییه هه‌موو جارێک مه‌به‌ستدار و ئه‌نقه‌ست بێت، به‌ڵکو ئیسلامیزم ئه‌تمۆسفێرێکی درووستکردووه که خۆبه‌خۆ گرووپ و ده‌سته‌بژێره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی گرووپ و ده‌سته‌ی دینیش هه‌مان ئه‌و ئامراز و که‌ره‌ستانه‌ی بیرکردنه‌وه به‌کارده‌هێنن که گرووپی دینی دیارییان ده‌کات، ئه‌گه‌ر له زۆر ئه‌و ڕووداوانه‌ی له کوردستان ڕووده‌ده‌ن و زۆر که‌س قسه‌یان له‌باره‌وه ده‌که‌ن وردببینه‌وه و گوێ له‌و که‌سانه بگرین که شیکاری بۆ ده‌که‌ن به ئاشکرا هه‌ست به‌وه ده‌کرێت که ئیسلامیزم توانیویه‌تی زمان و شێوازی شیکارییه‌که‌یان به لۆژیکی خۆی بارگاوی بکات، بۆ نمونه ده‌کرێت ڕۆشنبیری عیلمانی ببینیت بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به جه‌ژنی نه‌ورۆز و بۆ پاڵپشتی بۆچوونه‌که‌ی ئایه‌ت و حه‌دیس بهێنێته‌وه!  ئه‌وه بۆ وایلێهات؟ بۆچی ده‌بێت مه‌رجه‌عی فیکری و ئه‌خلاقی که‌سی نادینی ئایه‌ت و حه‌دیس بێت؟ ئه‌ی فیکری سیاسی و ئه‌خلاقی مۆدێرن؟ ئه‌ی ڕۆسۆ و لۆک؟ ئه‌ی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ڕێککه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی واژۆکراون؟ ئه‌ی زانست؟ ئه‌ی عه‌قڵ؟ له‌کاتی په‌ره‌سه‌ندن و هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی کوردستان، هێنده‌ی ڕۆشنبیری عیلمانی بارگاوییبوو به ئیسلامیزم، خۆی سه‌رقاڵ کردبوو به‌وه‌ی که داعش په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه، نیو هێنده ئیسلامییه‌کان خۆیان پێیه‌وه سه‌رقاڵ نه‌کردبوو، کاتێک ده‌مانپرسی چۆن داعش په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه؟ ئه‌و ده‌یگوت ئه‌وه نییه سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا و سه‌رۆکی ئه‌مهریکا ده‌ڵێن په‌یوه‌ندی پێوه نییه! سه‌یری ئه‌و هه‌ڵه لۆجیکییه بکه‌ن. جارێ سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا کێیه تاکوو قسه‌ی له بوارێکی ئاڵۆزی ده‌ره‌وه‌ی توانا و شاره‌زایی خۆی لێ وه‌ربگرین، پاشان سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا کاراکته‌رێکی سیاسییه و له‌ناو ململانێ و حیساب و کیتابی په‌یوه‌ندی سیاسی و دیپلۆماسی و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی و به‌هه‌ندوه‌رگرتنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و ڕکابه‌ری و چه‌ندان ڕایه‌ڵه‌ی تردایه. ئه‌وه‌ی بڵێیت داعش هیچ په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه وه‌کوو ئه‌وه وایه بڵێیت دادگاکانی پشکنینی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له ئه‌وروپادا هیچ په‌یوه‌ندی به مه‌سیحییه‌ته‌وه نییه. هه‌ڵبه‌ته داعش هه‌موو ئیسلام نییه و هه‌موو موسوڵمانێک نابێته داعش، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داعش هیچ په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه قسه‌یه‌کی بێمانا و پووچه. سه‌ره‌ڕای بێمانایی و پووچییه‌که‌ی، قسه‌یه‌ک بوو ڕۆشنبیری هه‌ڵگه‌ڕاوه له باوانه مونه‌وه‌ره‌کانی خۆی ده‌یویست وه‌کوو قسه‌یه‌کی ورد و قوڵ و هاوسه‌نگ لێی وه‌ربگرین.

 

فاروق ڕەفیق ترسی ده‌سته‌بژێری دینی له ڕۆشنبیران شکاند، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، ئه‌و گرووپه دینییه‌کانی له ڕۆشنبیران به‌ردا، پێی گوتن بۆ ده‌می ڕۆشنبیران داناخه‌ن؟

 

نمونه‌ی دۆخی جێگۆڕکێ و شوێنگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیلیتی دینی و نادینی زۆرن، من ته‌نیا دوو نمونه وه‌رده‌گرم که هه‌ردوو ڕۆشنبیر کاک فاروق ڕه‌فیق و کاک مه‌ریوان وریا قانیعن.

ئێستا کاک فاروق ڕه‌فیق هه‌رچۆنێک بیربکاته‌وه، دیدگا و تێڕوانینی هه‌رچۆنێک بێت به‌رانبه‌ر ئیسلامیزم، به‌ڵام هێشتا شانازی ئه‌وه‌ی پێ ده‌بڕێت که وه‌کوو  باوکی ڕۆحی ئه‌و ته‌سلیمبوونه‌ی ڕۆشنبیران بژمێردرێت. ئه‌و؛ کاک فاروق، ترسی ده‌سته‌بژێری دینی له ڕۆشنبیران شکاند، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، ئه‌و گرووپه دینییه‌کانی له ڕۆشنبیران به‌ردا، پێی گوتن بۆ ده‌می ڕۆشنبیران داناخه‌ن؟ ئه‌و به یه‌کگرتووی ئیسلامی گوت ئێوه چرایه‌کن له ماڵێکی تاریکدا، به یه‌کگرتووی گوت بۆچی له‌و بوونه‌وه‌ره زۆڵه که ڕۆشنبیرانن ده‌ترسیت، به ڕۆشنبیرانی گوت مۆنسته‌ر، عه‌به شه‌که‌نه، نووسه‌ری ده‌ره‌جه نۆ، شه‌که‌رۆکه. سه‌یری وشه‌ی ‘زۆڵ’ بکه‌ن که  فاروق به ئه‌نقه‌ست به‌کاری هێنا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی وه‌لائی خۆی بۆ هه‌موو کۆده دڕنده‌کانی ئه‌م وشه‌یه ڕابگه‌یه‌نێت و باکگراوند و مانا سیمبولیی و کەلتوورییه‌کانی تۆخ بکاته‌وه. ئه‌و گوتی مزگه‌وت باشتره له زانکۆ، ئه‌و گوتی مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕ ته‌جاوز به دایکی خۆی ده‌کات، ئه‌و گوتی دیموکراسی تۆڵه‌ی کۆیله‌کانه له فه‌لسه‌فه، ئه‌و گوتی خۆرئاوا تاریکستانه و خۆرهه‌ڵات چراخانه، بۆیه حه‌یفه له خۆرهه‌ڵات نه‌مرین. ئه‌و گوتی ڕۆشنگه‌ری تاریکترین ساته‌وه‌ختی به‌شه‌رییه، که ئه‌م قسه‌یه پێشتر سه‌ید حوسێن نه‌سر کردبووی، سه‌ید حوسێن نه‌سری له ڕووی ئاینییه‌وه شیعه‌گه‌ری بیرته‌سک، له ڕووی سیاسییه‌وه شاپه‌رست و سه‌ڵته‌نه‌تخواز و له ڕووی که‌سییشه‌وه به دانپێدانانی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی؛ که‌سێکی به‌رژه‌وه‌ندخواز و هه‌لپه‌رست. کاک فاروق هێنده مه‌دحی سه‌ید نه‌سری کرد که دواتر قوتابییه‌کانی کاک فاروق کتێبێکی بێکه‌ڵکی سه‌ید حوسێنیان وه‌رگێڕا بۆ سه‌ر زمانی کوردی و پێیان ده‌گوت ‘جه‌نابی نه‌سر’. هه‌موو ئه‌و قسانه که قسه‌ی سه‌رپێی و حیساببۆنه‌کراو و ڕووکه‌ش بوون، گوزارشت بوون له دۆخێکی سایکۆلۆجی عوسابی و ناجێگیر، زه‌مینه‌یان بۆ فه‌راهه‌مکردنی هه‌لومه‌رجێک خولقاند که ئێستا هه‌ر کاک فاروق خۆی یه‌کێکه له نێچیره‌کانی و قوربانییه‌کانی. کاک فاروق ئاڵای سپی بۆ ده‌سته‌بژێری دینی هه‌ڵکرد، جورئه‌تی پێدان، چاوقایمی پێدان، فه‌رمووی لێکردن ده‌م به ئیلیتی نادینی دابخه‌ن، له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌کان به ڕۆشنبیران و به مه‌یله عیلمانییه‌کانیان خه‌نی، زه‌مینه‌ی خۆش کرد نووسه‌ران و ڕۆشنبیران شه‌رم نه‌که‌ن له‌به‌ر ده‌رکی سه‌را ‘ته‌کبیر’ بکه‌ن. ڕۆشنبیر و ته‌کبیر؟ ئه‌گه‌ر تۆفیق وه‌هبی و جه‌لاده‌ت به‌درخان له قوژبنێکه‌وه ئه‌و دیمه‌نه‌یان ببینیایه ده‌بووایه خاکی چی مه‌مله‌که‌تێکیان به‌سه‌ر خۆیاندا بکردایه؟ ئه‌وه‌ی کاک فاروق ئێستا ده‌یدورێته‌وه، ده‌زانێت خۆی له ‘پاکس ئه‌م‌ریکانا’ و ‘ماڵێکی لێکترازاو و ویژدانێکی بیمار’دا چاندوویه‌تی. ئه‌و هێرش و قسانه‌ی کاک فاروق ئێستا به موناسه‌به و  ڕه‌وا، هه‌ندێکجاریش به‌بێ موناسه‌به و هه‌ر ڕه‌وا،  ده‌یکاته سه‌ر ئیسلامیزم، تیشکدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ستی گوناه و خۆبه‌تاوانبارزانینه‌یه‌ بۆ ئه‌و ئاوه‌ی سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌کان ڕشتی و دواتر زۆر که‌س پێیان تێخست.

 

وێناکردنی ئایینی دایک لەلایەن مەریوان وریا قانیعەوە، وه‌کوو ئایینێکی پاک و مرۆڤدۆست و بێخه‌وش له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی نایه‌ته‌وه

 

کاک مه‌ریوان وریا قانیع له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کاندا بۆچوونی وابوو که موجامه‌له‌ی ئیسلامیزم موجامه‌له‌یه‌کی ترسناکه؛ ورده‌ ورده و له پڕۆسه‌یه‌کی هێواش و خه‌مناک و ئازاراویدا ده‌ستی کرد به تیۆریزه‌کردنی هاوپه‌یمانیی هێزه‌کانی تر له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌کان، ماوه‌یه‌کیشه دوو چه‌مک به‌کارده‌هێنێت، ‘ئیسلامی که‌لتووری’ و ‘ئایینی دایک’ که هه‌ردوو تێرمه‌که‌ له‌ناو که‌شوهه‌وا و له‌ژێر گوشاری سایکۆلۆجی ئیسلامیزمدا خه‌مڵاون. ئه‌و دوو چه‌مکه ڕه‌گییان له‌ناو هیچ دیسپلینێکی زانسته مرۆییه‌کاندا نییه، له‌گه‌ڵ ڕاستییه سۆسیۆلۆژییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ناگونجێن، دوو چه‌مکن داهێنراوی هه‌لومه‌رجێکن که تیایدا ئیسلامیزم توانیویه‌تی ده‌ستکاری لۆژیک و ڕه‌وانبێژی مونه‌وه‌ران بکات.

کاک مه‌ریوان وایده‌بینێت هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌ناو فه‌زای موسوڵماناندا له‌دایک ده‌بن و گه‌وره ده‌بن به‌شێک له موسوڵمانبوونیان تێدایه. گرفتی ئه‌و ڕوانینه ئه‌وه‌یه که جیا له جه‌وهه‌رگه‌راییه‌که‌ی، ناسنامه‌ی موسوڵمانبوون یه‌کسان ده‌کات به ڕه‌نگی پێست به‌شێوه‌یه‌ک که مرۆڤ ناتوانێت لێی هه‌ڵبێت، ناتوانێت لێی ده‌رباز بێت، ناتوانێت له‌خۆی دایماڵێت. جارێ با واز له‌وه بهێنین که ئه‌و پێناسه‌یه له قوڵاییدا سوکایه‌تییه به ناسنامه‌ی ئینسانی مولحید و ناخوداباوه‌ڕ و  بێدین،  چونکه دایانده‌ماڵێت له‌و به‌هایانه‌ی که ناسنامه‌ی خۆیان له‌سه‌ر چێکردووه، جگه له‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی حه‌تمیش چاره‌نووسی فیکری و جیهانبینی که‌سانی ناخوداباوه‌ڕ به ئیسلامه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. له سه‌رووی هه‌موویه‌وه له ڕووی مێژوویی و سۆسیۆلۆژییه‌وه سه‌رنج له بابه‌ته‌که بده‌ین ده‌بینین ئه‌و ڕوانینه زۆر کورت ده‌هێنێت. چه‌ندان گوند هه‌ن ئێزیدین، کاکه‌یین، مه‌سیحین و هه‌زاران ساڵه له ته‌نیشت گوندی موسوڵمانه‌کانه‌وه‌ن و به‌رگرییان له ناسنامه‌ی خۆیان کردووه و هیچ خۆیان به به‌شێک له‌و ئیسلامه که‌لتوورییه نازانن که کاک مه‌ریوان ئاماژه‌ی پێده‌کات. ئه‌و خه‌سڵه‌تگه‌له‌ی مرۆڤه‌کانی ناو جوگرافیای کوردستان پێکه‌وه ده‌به‌ستێت و هاوبه‌شن و کاک مه‌ریوان وه‌ک خه‌سڵه‌تی موسوڵمانی که‌لتووری پێناسه‌یان ده‌کات، له ڕاستیدا پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامیش هه‌بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندان گرووپی دیکه هه‌ن بۆ نمونه زه‌رده‌شتییه‌کان که ده‌یانه‌وێت به ناسمانه‌ی کوردی خۆیانه‌وه  به‌شداری له درووستکردنی مێژووی ئێمه‌دا بکه‌ن و خۆیان به موسوڵمان نازانن و پێناسه‌کردنیان وه‌کوو موسوڵمانی که‌لتووری، داننه‌نانه به ناسنامه‌یان و  به که‌مگرتنییانه. تێرمه‌که‌ی تریش که ‘ئایینی دایکمه’ و کاک مه‌ریوان وه‌کوو ئایینێکی مرۆڤدۆست و پاک و بێ توندوتیژی وێنای ده‌کات، دیسان پڕ کێشه‌ و گرفته. خودی وێناکردنی ئایینی دایک که هه‌ر مه‌به‌ستی ئایینی ترادیسیۆنالی نائایدیۆلۆژییه، وه‌کوو ئایینێکی پاک و مرۆڤدۆست و بێخه‌وش له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی نایه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ش به‌خشینی پارێزبه‌ندییه‌که به ئایینی ترادیسیۆنال به‌وه‌ی که‌س تخونی ڕه‌خنه‌گرتن نه‌که‌وێته‌وه لێی، پێدانی کرێدیتی مرۆڤدۆستی و پاکی و بێگه‌ردی و نه‌رمونیانییه به ئایینێک که شایسته‌ی نییه و که‌سمان نه‌مانبینیوه، درووستکردنی پێشمه‌رج و که‌شوهه‌وایه‌که که مرۆڤی کورد قه‌یناکات با ڕه‌خنه له ئیسلامیزم بگرێت، به‌ڵام ئایینی دایک که هه‌ر ئایینی ته‌قلیدی کۆمه‌ڵگای خۆمانه پارێزراو بێت، ئه‌وه له کاتێکدا هیچ پڕۆژه‌یه‌کی ئاینده‌خواز و بنیادنه‌ر به‌بێ ڕه‌خنه‌گرتن له ئایین، به خودی ئایینه‌که‌ی دایکیشه‌وه درووست نابێت. هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک گوتاری زاڵی ئایینی ڕه‌خنه نه‌کات ناتوانێت هیچ بنیاد بنێت. له جێگایه‌کدا که ئایین، ئایینی دایک، منداڵدانی نایه‌کسانی، هه‌ڵاواردن و پاتریارکی و توندوتیژییه، بێشکه‌ی سته‌مکاری سیاسی و که‌لتوورییه، درووستکردنی پارێزبه‌ندی بۆی و درووستکردنی وێنه‌یه‌کی بێگه‌رد بۆی، له به‌رئه‌نجامی کۆتاییدا ده‌چێته‌وه ناو هه‌مان سوڕی قازانج به ئیسلامیزم و له هه‌زار ئه‌گه‌ردا به یه‌ک ئه‌گه‌ریش خزمه‌ت به دیموکراسی و فره‌یی ناکات.

Exit mobile version