Site icon Zed Press

وێڕای قەیرانی ئابووری و پەتا و جەنگ؛ پۆپۆلیزم

ئالان كوسبيرت

وەرگێڕانی بۆ کوردی: ڕەنج مەجید

 

بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە چەپ و لە ڕاست، کە زۆرجار پەیوەستن بە ڕەوتی نەتەوەیی یان ئایینییەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو دزە دەکەنە نێو کۆمەڵگەکانی جیهان.

“ئەمە ئابوورییە گەمژە!” ئەوە دەستەواژەی ڕاوێژکارێکی بیل کلینتۆن کاندیدی ئەمریکا بوو بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٢، لەو کاتەدا ئەو قسەیەی کرد، کاتێک کێبڕکێی لەگەڵ جۆرج بوشی باوک دەکرد.

ئەوکات ئەمریکا لە پاشەکشەدا بوو، ئەمەشیان کلینتۆن لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا پشتڕاستی کردەوە، پاشان بەسەر بوشدا سەرکەوت و گوتەکەی بووە یەکێک لە پڕەنسیپەکانی باوەڕ: هەر کەسێک بتوانێت سامان کۆبکاتەوە، یان باوەڕ بە دەنگدەران بهێنێت کە ئەو کارە دەکات، سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.

ئەمڕۆ ئاسان نییە بڵێین، لە ناوەڕاستی  نەوەدەکانەوە، پارتە پۆپۆلیستییەکان و سیاسەتمەداران لە زۆرێک لە وڵاتانی دیموکراسیدا دەریانخستووە، کە پێچەوانەکەشی ڕاست بێت.

ململانێیە کەلتووری و ناسیۆنالیزمی و نەتەوەییەکان سەرکەوتن بەسەر سیاسەتە ئابوورییەکان بەدەست دێنن. هەرکەسێک  لە گوزارشتکردن دژ بە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و نیگەرانییەکانی خەڵک، سەرکەوتوو بێت، لە هەڵبژاردندا سەردەکەوێت، تەنانەت ئەگەر سیاسەتی خراپی ئابوورییش جێبەجێ بکات، یان زیان بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەنگدەرەکانیشی بگەیەنێت.

بەها و ناسنامە بڕیاری دەنگدان دیاری دەکەن، نەک سامان.

دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئەمە، 52.2%ی تورکەکان لە خولی دووەمی هەڵبژاردندا دەنگیان پێدا.

لەکاتێکدا وڵاتەکە لە ساڵی 2018ەوە بە قەیرانێکی ئابووری سەختدا تێدەپەڕێت و وێڕای ئەوەی نرخی سمیت زۆر بەرزبۆتەوە و ڕێژەیەکی زۆر لە گەنجان بێکارن، کەچی ئەردۆغان سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بۆچی پۆپۆلیستە ستەمکارەکان سەرکەوتوو دەبن تەنانەت لەکاتێکدا کە وڵاتەکەکانیان بەرەو خراپتر دەبەن؟ ئایا تورکیا حاڵەتێکی گۆشەگیرە؟ ئەمە چی دەگەیەنێت بۆ سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا، کە هیوادارن بتوانن ڕووبەڕووی دابەشبوونی ناسنامە ببنەوە لە کۆمەڵگاکاندا، لەڕێگەی درووستکردنی نیمچە کارگە و سیستەمی بەرگری لە وڵاتی پشتێنەی ژەنگاویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ نموونە، یان لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئەوروپادا؟

سەرەتای تەقینەوە گەورەکەی سیاسەتی ناسنامە، بە دەرچوونی ئابووری بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەستیپێکرد. لەو کاتەدا زۆرینە دژی بوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا زۆرینەی دەنگدەرانی بەریتانیا بڕیاریاندا لە یەکێتی ئەوروپا دەربچن. هۆشدارییان پێدرا، کە وڵاتەکەیان لە ڕووی ئابوورییەوە زیانی پێدەگات، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە بۆ ئەوان “دەسەڵاتی خۆجێیی” و “وەرگرتنەوەی دەسەڵات” بوو، هەروەکوو ئەو دروشمانەی، هەڵبژاردنەکانی 2016 لەخۆی گرتبوون سەبارەت بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵێنی پاراستنی خودی بەریتانییەکان بوو لەسەر حیسابی ڕێژەی گەشەکردن.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ ڕەچاوی دۆخی ئەو کەسانەی نەکرد، کە بەهۆی  سیاسەتە ئابوورییەکەی هەڵیانبژاردبوو.

لە سەردەمی ترەمپدا کۆمارییەکان وەک دەنگی بێبەشکراوان و دۆڕاوەکانی جیهانگیری دەرکەوتن و بەم شێوەیە پەراوێزخران.

بەم شێوەیە ترەمپ دەنگی هاووڵاتییانی چینی ناوەڕاستی خوارەوەی بەدەستهێنا و ملیۆنان هاووڵاتی سپی پێست هاوکار و یارمەتیدەر بوون، کە زۆربەیان بڕوانامەی زانکۆییان نەبوو، و داهاتیان سنوورداربوو، تاوەکوو ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت. دوای چوار ساڵ دووبارە هەڵبژێردرایەوە و تا ئەمڕۆش پاڵپشتی دەکەن.

چاکسازی بواری باجەکانی ترەمپ، کە لە ساڵی ٢٠١٨ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دیارییەک بوو بە بەهای ملیارەها دۆلار بۆ خاوەن داهاتە زۆرەکان و کۆمپانیا گەورەکان. لەم ناکۆکییەی ئێستا لەسەر سەقفی قەرزەکان و ئەو پلانەی داشکاندن، کە پارتی کۆمارییەکان خستوویەتییە ڕوو، زیانێکی زۆر بە چینی ناوەڕاست دەگەیەنێت، کە وابوو ترەمپ سیاسەت لە دژی دەنگدەرانی پەیڕەو دەکات و ئەوان تا ئێستا لەگەڵی وەستاون و پاڵپشتیی دەکەن.

هەروەها ئەستەمە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، تەنیا لەڕووی سیاسەتی ئابوورییەوە تێبگەین، کە لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا ئەنجامدرا.

بەپێی ڕاپرسییەکی ئەمدواییەی دامەزراوەی دیموکراسی ئیسڕائیل، بژێوی ژیان، ئەو پرسەیە، کە زۆرینەی خەڵک نیگەران دەکات، چونکە لەسەدا شەستی خەڵک پێیان وایە حکوومەت بەرپرسیاری یەکەمە لە کێشەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی ئایدیۆلۆژی بەسەر مشتومڕی گشتیدا زاڵە.

هاوپەیمانێتیی ڕاستڕەوی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆکوەزیران مەبەستییەتی سەربەخۆیی دادگای باڵا کەم بکاتەوە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەمە گورزێکی ڕزگاریخوازانەیە دژی دەستەبژێری چەپڕەوی لیبڕاڵی، کە بە گەل ئاشنا نییە.

لە تورکیاش بابەتەکە بە شێوەیەکی توندوتیژانە دووبارە بووەتەوە. وەک هەمووان ددان بەوەدا دەنێن، بارودۆخی ئابووری کێشەدار بوو، هەروەک کێشەی شوناس. بەر لە دەنگدانی یەکەم ئەردۆغان هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی ڕێژەی هەڵاوسان کەم بکاتەوە، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە 65% بەراورد بە 43.7% لە مانگی نیساندا.

پێش دەنگدانی دووەم هەردوو کاندیدەکە لە بانگەشەکانیاندا سەرنجیان لەسەر پرسە گەرمەکانی ناسنامە و ناسیۆنالیزم بوو. کارتی براوەی ئەردۆغان شەڕی “تیرۆریزمی” کورد بوو، بەڵام هەردوو کاندیدەکە بەڵێنیان دەدا پەنابەرە سورییەکان دەربکەن.

دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان شارەزایانی سیاسی تووشی شۆک نەکرد. دۆخی ئابووری کورتخایەن ڕۆڵێکی لاوەکی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتانەدا دەگێڕێت، کە پارتی پۆپۆلیستی بەهێزیان هەیە. لەبری ئەوە ئاماژە بە هێڵی دوورودرێژ دەکەن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو دیاردەیە.

لە ساڵانی شەست و حەفتاکانەوە لە زۆرێک لە وڵاتانی دیموکراسیدا بەهاکان لە بابەتی ماددی گرنگتر بوون، چونکە ئاستی خۆشگوزەرانی تاڕادەیەک بەرز بوو، بۆیە پرسە ناماددییەکان ڕۆڵ و گرنگی زیاتریان بۆ زۆرێک لە دەنگدەران هەبووە، بۆ نموونە پاراستنی ژینگە و یەکسانی نێوان ژن و پیاو و کەمینەکان. لەو کاتەوە بەها لیبڕاڵەکان وەک لێبوردەیی بەرانبەر بە ناسنامەی ڕەگەزی جیاواز زاڵبوونە و گرنگیدان بە ئایین کەمتر بووە.

بەڵام لە کاتێکدا هەڵوێستی کۆنەپەرستانە لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا، لە ناویاندا تورکیا، پاشەکشەی کردووە، بەڵام هێشتا ماوە، بەپێی وڵاتەکە، تا ٤٥%ی دەنگدەران دەتوانرێت دەستنیشان بکرێن، ئەو کەسانەی کە ئەم جۆرە بەهایانەیان هەیە لە زۆرێک لە وڵاتاندا هەست بە پەراوێزخستنی زیاتر دەکەن. دەربڕینی نیگەرانییەکانیان دەبێتە پاڵنەر بۆیان، ئەم تێبینییە پێی دەگوترێت “کاردانەوەی کەلتووری”. بەها گونجاوەکان بۆ کاردانەوە لەوڵاتێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازن.

دەتوانین بڵێین لە بەریتانیا هاووڵاتییان هەستیان بە هەڕەشەی کیشوەرەکە دەکرد. لە پۆڵەندا نیگەران بوون لەوەی بەها کاسۆلیکییە باوەکان بەهۆی بەیاساییکردنی لەباربردن و هاوسەرگیری هاوڕەگەزی لەدەست بدەن.

لە ئیسڕائیل خەڵکی بۆ خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی جوو هاندەدەن. ئەردۆغان لە بەرانبەردا خۆی لە سەرکەوتنی تورکە کۆنەپەرستە ئایینییەکان بەسەر ئایدۆلۆژیای کەمالیستیدا دەبینێتەوە، کە بۆ دەیان ساڵ حوکمڕانی وڵاتییان کردووە. باوەڕبوون بە ئیسلام و شانازی بە نەتەوەیەکی تورکی ناڕۆژئاوایی پیشانی ڕۆژئاوا دەدات، کە پێویستی بەوان نییە.

پاڵنەرەکان جیاوازن، بەڵام تێڕوانینەکە ڕوونە: ئەوە ئابووری نییە، ئەوە شوناسە. پرسەکە پەیوەندی بە ئابوررییەوە نییە، پەیوەندی بە ناسنامەی دەنگدەرەوە هەیە. ئەمە کێشەی دیموکراسییە، مرۆڤ دەتوانێت گفتوگۆ لەسەر سیاسەتی باجی دروست، یان پرسیارەکانی دووبارە دابەشکردنەوەی سەروەت و سامان، یان ڕێوشوێنی هاندانی ئابووری، یان سیاسەتی بازاڕی کار بکات.

لەم حاڵەتانەدا و لە لایەنە ئابوورییەکانەوە دەتوانرێت چارەسەری مامناوەند بدۆزرێتەوە، بەڵام سەبارەت بە بەها و شوناس، ئەوا بەها بە شتێکی ڕەها تێدەگەن، کە دابەش ناکرێت، ڕێگە نادەن مرۆڤ لە ناوەڕاستەوە دارەکە بگرێت و وەکوو بابەتێکی وجودی سەیری دەکەن، هەروەکوو پریسارە ماددییەکان.

وڵاتە دیموکراسییەکان ئەو کاتە گەشە دەکەن، کە سیاسەتمەداران بەرپرسیار دەبن لەو کارەی دەیکەن. هەڵبژاردن لانیکەم لە ڕووی تیۆرییەوە دەنگدانێکە بۆ سەرکەوتنی حکوومەت و کوالێتی ئۆفەرە جۆراوجۆرەکان. پێوەرە ئابوورییەکانی وەک ڕێژەی بێکاری، ئاستی کرێ و دابەشکردنی سامان لە کۆمەڵگادا، دەتوانن بنچینەی لێکدانەوە بن، بەڵام لانیکەم دەتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی دوای واقیع، بەڵام ڕۆڵی ئەو لاوەکی دەبێت، چونکە دەنگدان هەمیشە لەسەر بنەمای ئینتیما دامەزراوە، بەڵام کاتێک پاداشتکردنی بڕیارە ئابوورییە بێسەروبەرەکانی ئێستا لە تورکیا، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود لە گەرمەی قۆناغی هەڵاوساندا، وەکوو سەرکەوتنی هەڵبژاردن هەژمار دەکرێت، وا دیارە پرەنسیپی لێپرسینەوە بەڕێژەیەک شکستیهێناوە.

لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی ناسنامە تادێت زیاتر تێکەڵاوی هەموو بابەتێک دەبێت و دەچێتە ناواخنی پرسەکانی سیاسەتی ئابووری، بابەتەکانی وەک گواستنەوەی سەوزی ئابووری، تۆرباینەکانی با، کێڵگەی خۆر و هاتوچۆی ڕێگاوبان، کە تژین لە سیاسەتی ناسنامە.

گفتوگۆ دەربارەی ئەم پرسە چیتر جێگەی مشتومڕ نییە، بەڵام لەسەر بەها و شێوازی ژیان، هەریەک لە پۆپۆلیستەکان و پێشکەوتنخوازان هاوبەشی مشتومڕی دیموکراسین لەسەر ئەم پرسانە، دۆزینەوەی چارەسەری مامناوەندیش قورستر دەبێت.

هەرچۆنێک بێت، سیاسەتمەدارە باوەکان هێشتا سیاسەتی ئابووری بۆ چینی ناوەڕاستی خوارەوە وەک چارەسەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پۆپۆلیزم دەبینن. ئایا دەتوانرێت لەڕێگەی دامەزراندنی یەکگرتوویی سیاسی، ئاستی تووڕەیی کەمبکرێتەوە و کەرامەتی بریندار ساڕێژ بکرێت؟ ئایا بووژانەوەی ئابووری دەتوانێت سیاسەتی ناسنامە بۆ دواوە بگێڕێتەوە؟

بەڵێ تاڕادەیەک هیوا بەدی دەکرێت لەوەی، کە گەشەپێدان ڕەنگبداتەوە. بۆ نموونە بەمدواییە لە بەریتانیا مەزاج گۆڕانکاری بەسەرداهات و بۆ جارێکی دیکە پتر بەرەو واقیعییەت هەنگاوی نا. ڕیشی سوناکی سەرۆکوەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕێککەوتنی ئێرلەندای باکوور لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا. لە پێناو خۆیدا، لەندەن دەستبەرداری کەمێک سەروەری دەبێت، لەبری ئەوەی سەرکێشی شەڕی بازرگانی لەگەڵ ئەوروپییەکان بکات.

ناکرێت گریمانەی سەرهەڵدانێکی دیکە لە سیاسەتی ناسنامەدا لەباڵی ڕاستی موحافیزکاراندا نەکرێت، لەکاتێکدا گفتوگۆی پۆپۆلیستی نیشتمانی دژ بە پرسی کۆچ و سیستەمێکی پەروەردەیی چەپ لەئارادایە، بەڵام ئاماژەیەک نییە ئەوە بسەلمێنێت، کە دەنگدەرانی بەریتانی ئەمڕۆ هێشتا جەنگێکی کەلتووری هەمیشەیی لەسەر شێوازی ئەمریکی دەبینن. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە داڕمانی نیمچە تەواوەتی ئابووری بەریتانیا هەبوو بە سەرکردایەتی لیز تروسەوە، کە بە سەرکێشی ئابووری دەناسرێت.

لە هەندێک وڵاتدا کە پۆپۆلیستەکان حوکمڕانی دەکەن، دەتوانرێت سەرنجی ئەوە بدرێت کە پارتە پۆپۆلیستییەکان تەنیا پشت بە پەیامەکانی شەڕی کەلتووری نابەستن.

لە پۆڵەندا، پارتی یاسا و دادپەروەری هەوڵدەدات هەستی دژە ئەڵمانی لە گەرمەی هەڵبژاردنەکاندا بوروژێنێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەڵاوسان بەڕێژەی 16% بەرزبووەتەوە و دەتوانێت دەنگدەران زیاتر لە باڵادەستی ئەڵمانیا بترسێنێت، بۆیە یارۆسلاڤ کاچینسکی، سەرۆکی پارتی یاسا و دادپەروەری بەڵێنیداوە هاوکاری پێشکەش بکات و بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا دەرماڵەی تەرخانکراو بۆ منداڵان لە ١٠٠ یۆرۆوە، بۆ ١٧٧ یۆرۆ بەرزببێتەوە.

مارین لوپان پۆپۆلیستی فەرەنسی، ئێستا زیاتر باسی دادپەروەری دەکات لەوەی باسی کۆچ بکات. جگە لە جەنگی ئۆکرانیا، سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییە سەبارەت بە نیگەرانییەکانی لەمەڕ هەڵاوسان و لەدەستدانی هێزی کڕین بوو، یاخود بڵێین پرسە کلاسیکییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بوو.

بۆیە ئەگەر تەنانەت پۆپۆلیستەکانیش پێیانوابێت، کە پێویستە کێبڕکێ لەگەڵ خستنەڕووی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی ناوەنددا بکەن، ئایا ئەمە بەو مانایەش نایەت، کە دەنگدەرانیان لە تووڕەیی نەرم ناڕازین و لە دوورمەودادا جەخت لەسەر بەها و هەڵوێستەکانیان دەکەنەوە؟

ڕێوشوێنە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسەتە ئابوورییەکان بە تەنیا بەس نین بۆ ڕێگریکردن لە پۆپۆلیزمی ستەمکارانە، سیاسەتمەدارە سەرەکییەکان پێویستیان بەوەیە ڕێوشوێنی وەک بەرزکردنەوەی نزمترین ئاستی مووچە، یان بە ئامانجگرتنی کۆمپانیاکان لە ناوچە لاوازەکانی ئابووریدا، لەگەڵ پشتبەستن بە پەیامێک کە: پێویستە بیمەی زیاتر بۆ چینی ناوەڕاستی خوارەوە دابین بکرێت، کە بەجددی کاردەکەن و چەند گورزێکی کەمیش لەوانە بدرێت، کە پێیانوایە دۆخیان باشترە.

ئەو چەند مانگەی داهاتوو ئەوە پیشان دەدەن، کە ئایا ئەوەی باسمانکرد بەسە یان نا. هەڵبژاردنەکان لە پاییزی ٢٠٢٤ لە ئەمریکا بەڕێوەدەچن. هەروەها لە سێ ویلایەتی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، کە پارتی (ئەڵتەرناتیڤ لەپێناو ئەڵمانیا) تێیدا بەهێزە. هەروەها ئەمساڵ لە پۆڵەنداش بەهەمان شێوە.

لەم وڵاتانەدا مەسیحییە دیموکراتەکان، لیبڕاڵەکان، سەوزەکان و سۆسیالیستەکان کێبڕکێ بۆ بەرپەرچدانەوەی پۆپۆلیستەکان دەکەن.

شەڕی کارە لەپێشینەکانە.

تا چەند ناسنامە بۆ ژیان گرنگە؟

Exit mobile version