Site icon Zed Press

بەکورتی؛ دۆسیەی نانەواکە

 

ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ژمارەیەک خاوەن نانەواخانە و سەموونخانە وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی نان و سەموون گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. یەکێک لە نانەواکان بەناوی ئیدریس مەسعوود کە بەدەنگی بەرز و نیگەرانی زۆرەوە قسەی کرد، هەمان ڕۆژ لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا و ڕۆژی دواتر ئازاد کرا. بابەتەکە کاردانەوەی فرەوانی لە ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە. لێرەدا، بەخێرایی هەڵوەستە لەسەر چەند ڕەهەندێکی بابەتەکە دەکەین؛
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

-١-

کاسبکارێکی نەگبەت لە بەرانبەر دەربڕینی نیگەرانی و ناڕەزایەتی، بەبێ هیچ بڕیار و سەنەدێکی قانوونی و دادوەری دەستگیرکراوە، دەستگیرکردنەکە سەرپێچییە جددییەکەیە لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە.

 

-٢-

دەربڕینی پاڵپشتییەکی بەرفرەوان لە پانتایی کۆمەڵایەتی بۆ کاسبکارە دەستگیرکراوەکە، نیشاندەری ئاستی ناڕەزایەتی و نیگەرانییەکی گشتییە لە حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، هەریەک لەوانەی پاڵپشتییان لەو گەنجە کرد، بەدەست کێشە و مەعاناتی خۆیانەوە دەناڵێنن و نیگەرانی خۆیان لەناو نیگەرانی ئەودا دەبیننەوە و بەرجەستە دەکەنەوە. زۆرینەی ئەو خەڵکەی پاڵپشتییان کرد، تەنیا لەبەر ئەوەیە، کە دەربڕی نیگەرانی و توڕەییە بەرانبەر بە حکوومەت، ئیتر بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی نیگەرانی و ناڕەزایەتی خودی نانەواکە چییە و هەتا چەند لە بەرژەوەندی خەڵکەکەیە! خەڵک بەدوای هۆیەکدا دەگەڕێن بۆ دەربڕینی نیگەرانی و ناڕەزایەتی و هیچی دی.

 

-٣-

ڕوونکردنەوەی گەنجەکە دوای ئازادکردنی، کە دەڵێ بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بەکورتی ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی نەدراوە، پاکانەیەک بۆ سنوربەزێنی دەزگای ئاسایش لەسەر بنەڕەتەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین ناکات، لە باشترین حاڵەتدا پێمان دەڵێ، ڕادەی پێشێلکارییەکە نەگەیشووەتە فەلاقەکردن و ئەتککردن. دیسان دەستگیرکردنە بەخۆی پێشێلکاریی و سنوربەزاندنە بێپاساو، ناڕەوا و نامەشرووعەکەیە. ناچارنین سوپاسی ئاسایش بکەین لەسەر ئەوەی لەبەرانبەر تەحقیقکردنی مافێکی بچووکی خۆمان، دەستگیرمان دەکات، بەڵام ئەتک و فەلاقەمان ناکات!

 

-٤-

دەستگیرکردنی کاسبکارێکی نەگبەت، نیشاندەری ترسی گەورەی دەسەڵاتی سیاسییە لە تەقینەوەیەکی جەماوەری، بەدوای بەرزبوونەوەی بچووکترین دەنگی ناڕەزایەتیدا. وا دەردەکەوێت، ئەوان لە هەڵکشانی ئاستی توڕەیی، نیگەرانی و نائومێدی خەڵک بە تەواوەتی بەئاگان، هەستیارییان بەرانبەر هەر دەنگێکی بچووکی ناڕازی، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە.

 

-٥-

بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی نان لە بەرژەوەندی خەڵکە، بەڵام چونکە؛ یەکەم؛ بەرژەوەندییەکی ئەوتۆ نییە و دووەمیان لەبەرئەوەی لە ناوەندێکی بڕیارەوە دەردەچێت کە لانیکەمی متمانەی نییە، خەڵک پێشوازی لێ ناکات. بەڵکوو هاوسۆز دەبێت لەگەڵ خاوەن نانەواخانەکان، لەسەر بنەمای دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە!

 

-٦-

حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بە هەمان میکانیزم و ڕێکارەکانی تا ئێستا پێڕۆیی کردوون، چ لەڕووی میدیایی، چ لەڕووی بەکارهێنانی گوشاری ئەمنی و هەر ڕێکارێکی دیکەی تەقلیدی، نەک ناتوانێت ڕادەی متمانەی هاووڵاتییان بەرز بکاتەوە، بەڵکوو وەک دەردەکەوێت خراپ و خراپتری دەکات.

 

-٧-

دۆخەکە پێویستی بە خۆداچوونەوە، گۆڕانکاری و چاکسازی ڕیشەییە، بە لەبەرگرتنی سیاسەت و بەرنامەیەک کە پێش هەر شتێک ئاشتەوایی لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتی سیاسی دێنێتەکایەوە.

 

-٨-

دروستکردنەوەی متمانە، لە پێش هەر هەنگاوێکەوەیە، ئەوانەی پێیان وایە لەگەڵ هەندێک باشبوون لە دۆخی دارایی خەڵک، متمانە دەگەڕێتەوە، زۆر بە هەڵەداچوون. هەڵکشان و زەقبوونەوەی نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ساڵانی پێش زەقبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکەی ٢٠١٤ بەدواوە بوون. خەڵک متمانەی لەدەستداوە، کاتێک متمانە نەبوو، پاساو زۆر دەبن بۆ ڕەتکردنەوە.

Exit mobile version