له ڕه‌شنووسه‌كه‌دا سێكته‌رى نه‌وت و گاز به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه‌ده‌بردرێت کە له چه‌ند به‌شێك پێك هاتووه:
1- مادده‌ى ٢ تایبه‌تە به ئامانج و سنورى جێبه‌جێكردن.
– له بڕگه‌ى سێیه‌م له ڕه‌شنووسه‌كه، ته‌نیا ڕێگه به وه‌زاره‌تى نه‌وت ده‌دات بۆ به‌ڕێوه‌بردنى سێكته‌رى نه‌وت و گاز، كه ئه‌مه‌ش ڕێك پێچه‌وانه‌یە لەگەڵ ماده‌ى ١١٢ بڕگه‌ى ١ له ده‌ستورى عێراق.
– بڕگه‌ى چوار؛ ئه‌و لایه‌نه به ڕوونى دیارى نه‌كراوه، كه پلانى ستراتیجى به‌ڕێوه‌بردنى نه‌وت و گاز دیارى ده‌كات، كه له بڕگه‌ى ٢ له مادده‌ى ١١٢ دیارى كراوه، كه ده‌بێت حكوومه‌تى ئیتحادى و هه‌رێم یاخود پارێزگاى به‌رهه‌مهێن پێكه‌وه ئه‌و كاره بكه‌ن.
2- ماده‌ى ٣ تایبه‌ت به شێوازى گه‌یشتن به ئامانجى یاساكه
– له بڕگه‌ى ٣ له برى وشه‌ى (معا) كه له ماده‌ى ١١٢ى ده‌ستور هاتووه، وشه‌ى (التنسیق) به‌كارهاتووه بۆ په‌یوه‌ندى نێوان وه‌زاره‌تى نه‌وت و هه‌رێم و پارێزگاى به‌رهه‌مهێن.
3- به‌پێى مادده‌ى ٥ ئه‌نجوومه‌نى ئیتحادى بۆ نه‌وت و گاز پێكهاتووه، كه باڵاترین ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوه‌بردنى سێكته‌رى نه‌وت و گازه له عێراق، كه پێكدێت له (سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق، وه‌زیرى نه‌وت، وه‌زیرى دارایی ئیتحادى، وه‌زیرى پلانی ئیتحادى، پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق، وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان، سێ پارێزگاى به‌رهه‌مێن كه پارێزگاى بەسڕه ئه‌ندامى هه‌میشه‌یى بێت، سێ شاره‌زاى بوارى نه‌وت).
– كورد كه‌مترین ڕێژه‌ى ده‌نگى ده‌بێت به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و سێ وه‌زاره‌ته ئیتحادییهى دیارى كراوه، له‌به‌رده‌ستى نه‌بێت.
– سیسته‌مى ده‌نگدان به زۆرینه‌ی ساده‌یه، واته هیچ كات كورد ناتوانێت داواكارییه‌كانى بسه‌لمێنێت، ئه‌گه‌ر ڕێكکه‌وتنى سیاسی نه‌كات یاخود ڕێژه‌یه‌كى یاسایی له ژماره‌ى شاره‌زاكان یاخود وه‌زیره ئیتحادییهكانى ناو ئه‌نجوومه‌نه‌كه كورد نه‌بێت.
– له مادده‌ى ٦ی ڕه‌شنووسه‌كه، یه‌كێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نه‌وت له نێوان هه‌رێم و بەغدایە، كه ئه‌میش بڕیاره‌كانى به‌هه‌مان سیسته‌م به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
4- له مادده‌ى ٨ى ڕه‌شنووسه‌كه ده‌سه‌ڵاته‌كانى وه‌زاره‌تى نه‌وت دیارى كراوه، كه ده‌سه‌ڵاته‌كان به شێوه‌یه‌كى ڕه‌هایه بۆ وه‌زاره‌تى نه‌وت، كه ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى سیسته‌مى فیدراڵی عێراق و ده‌ستوره، به تایبه‌ت مادده‌ى ١١٢ و هیچ ڕۆڵێكى بۆ هه‌رێم و پارێزگاى به‌رهه‌مهێن نه‌هێشتۆته‌وه بۆ به‌ڕێوه‌بردن و په‌ره‌پێدانى كێڵگه نه‌وتى و گازییه‌كان.
5- به‌پێى مادده‌ى ٩ له ڕه‌شنووسه‌كه، كۆمپانیای نه‌وتى نیشتمانى داده‌مه‌زرێت، له بڕگه‌ى ٤ى مادده‌كه دیارى كردووه، كه كۆمپانیاكه له‌گه‌ڵ هه‌رێم و پارێزگاى به‌رهه‌مهێن سیاسه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى كێڵگه نه‌وتییه دۆزراوه‌كان دیارى ده‌كه‌ن، واته وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانى به هاوتاى كۆمپانیای نه‌وتى نیشتمانى دیارى كردووه.
6- لەمادەیەک باس له پێكهێنانى ئه‌نجوومه‌نى هه‌رێمى بۆ نه‌وت و گاز كراوه و ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیارى كراوه، كه ده‌سه‌ڵاته‌كانى بریتین له:
– پێشنیازكردن بۆ ده‌سه‌ڵاته ئیتحادییه‌كان تایبه‌ت به پڕۆسه نه‌وتییه‌كان.
– ئاماده‌بوون له كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى ئیتحادى بێ ئه‌وه‌ى مافى ده‌نگدانیان هه‌بێت.
– پابه‌ندبوون به هه‌موو ڕێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى و نه‌وت و ئه‌نجوومه‌نى ئیتحادى.
– به‌شدارىكردن له‌و جهولاتى تراخیسانهى كه وه‌زاره‌تى نه‌وت ڕایده‌گه‌یه‌نێت بۆ ئه‌و كێڵگه نه‌وتى و گازییانهى ده‌كه‌وێته سنورى هه‌رێم.
– سێ مانگ جارێك ڕاپۆرتى پڕۆسه نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم بداته وه‌زاره‌تى نه‌وت.
7- به‌پێی مادده‌ى ١١ باس لە شێوازى پێدانى مۆڵه‌تى په‌ره‌پێدانى كێڵگه نه‌وتییه‌كان كراوه به كۆمپانیا بیانییه‌كان.
8- به‌پێی مادده‌ى ١٣ له ڕه‌شنووسه‌كه دیارى كراوه كه وه‌زاره‌تى نه‌وت به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێم و پارێزگاى به‌رهه‌مهێن نه‌ك پێكه‌وه وه‌ك ده‌ستور دیارى كردووه، پڕۆسه‌ى ڕاگه‌یاندن بۆ بلۆكه نه‌وتى و گازییه‌كان ده‌كه‌ن.
9- مادده‌ى ١٥ له ڕه‌شنووسه‌كه باس له شێوازى پشكنین و گه‌ڕان و په‌ره‌پێدان له كێڵگه نه‌وتى و گازییهكانى عێراق ده‌كات به گشتى و به شێوه‌یه‌كى مه‌ركه‌زى.
10- له مادده‌ى ١٦ بڕگه‌ى ٨ دیارى كراوه، كه نه‌وتى به‌رهه‌مهاتوو له كێڵگه نه‌وتییه‌كان ڕاده‌ستى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار له حكوومه‌تى ئیتحادى یاخود هه‌رێم یاخود كۆمپانیای نه‌وتى نیشتمانى ده‌كرێت، له‌لایه‌ن كۆمپانیای به‌رهه‌مهێن ڕاسته‌وخۆ ده‌كرێته هێڵى ستراتیجى بۆ گراستنهوهى.
11- له مادده‌ى ٢٠ له یاساكه‌دا، باس له په‌ره‌پێدانى گاز كراوه، به‌ڵام جیاوازتر له نه‌وت مامه‌ڵه‌ى له‌گەڵ كراوه، زیاتر لامه‌ركه‌زیه‌تى پێدراوه به‌راورد به نه‌وت، ده‌سه‌ڵات دراوه به لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار لە حكوومه‌تى ئیتحادى یاخود هه‌رێم یاخود پارێزگاى به‌رهه‌مهێن. ڕێگرى كراوه له سوتانى گازى بەیاوەر.
12- مادده‌ى ٢٤ له ڕه‌شنووسه‌كه، تایبه‌ت كراوه به گواستنه‌وه‌ى نه‌وت، به‌م شێوه‌یه:
– هه‌موو بۆڕى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت خاوهندراێتى دراوه به موڵكى گشتى، واته كه‌رتى تایبه‌ت ناتوانێت بۆڕى نه‌وتى هه‌بێت.
– چاكسازى و ڕاكێشانى بۆڕى نوێ له ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى ئیتحادى ده‌بێت.
– گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى خاو له ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى نه‌وت ده‌بێت له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى عێراق.
13- موڵكیه‌تى هه‌موو داتا و زانیارییه‌كانى نه‌وت و گاز له‌سه‌رجه‌م عێراق، به‌پێی مادده‌ى ٢٩ دراوه به وه‌زاره‌تى نه‌وت و نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و زانیارییانه ئاشكرا بكرێت و ده‌بێت نهێنى بێت، ده‌بێت هه‌موو زانیارییه نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌كان وێنه‌ى بدرێته وه‌زاره‌تى نه‌وت.
14- مادده‌ى ٣٢ له ڕهشنووسەكه، تایبه‌ته به بابه‌تى شه‌فافیه‌ت له داهاته نه‌وتییه‌كان، لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى پابه‌ند كردووه به ئاشكراكردنى بۆ ڕاى گشتى.
15- به‌پێی مادده‌ى ٣٤ هه‌موو گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم پوچه‌ڵكراوه‌ته‌وه، چونكه نووسراوه هه‌ر گرێبه‌ستێكى نه‌وتى پێچه‌وانه‌ى ئه‌م یاسایه بێت پووچهڵە.