Site icon Zed Press

بەکاڵاکردنی ئایین

لەو ڕۆژانەدا سکانداڵە سێکسی و داراییەکانی هەندێک لە پیاوانی ئایین، ئاڕاستەی گشتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەرەو لای خۆی وەرگێڕاوە و جەمسەرگیرییەکی ترسناکی کۆمەڵایەتیشی دروستکردووە. بێجگە لەوەی کە، ئەو دۆخە دیاردەیەکی تازە و نوێ نییە، تایبەتیش نییە بە ئایینێک و مەزهبێکی دیاریکراو. لێرەدا کێشەکە لەو چرکەساتەدا دەست پێدەکات کە دەستەڵاتێکی رۆحی و ماددی ڕەها بەو کەسانە دەدرێت، کە بە ڕێبەری ئایینی یان ڕێبەری گروپێکی دیاریکراو دەناسرێن و پیرۆزدەکرێن و دەخرێنە سەرەوەی لێپرسینەوە.

 

لە مێژووی ئەوڕوپادا ململانێ و ڕووداوگەلێکی زۆر سەبارەت بە دەستەڵاتی ڕەهایڕۆحیی پیاوانی ئایین و سیستمی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵداوە. یەکێک لەوانەی کە دامەزرێنەری کۆمەڵناسی ئایینە، ماکس ڤێبەرە و دیاردەی ئایین بۆ ئەو دەبێتە پانتاییەکی بەرفراوازی لێکۆڵینەوە و قسەلەسەرکردن. ڤێبەر چەمکی قۆرخکاری کڵێسای بەکار هێناوە، بۆ سەردەمێک کە کڵێسا چەکی لێخۆشبوونی دەفرۆشت و بەشێوەیەکی ڕەها ئەقڵ و هۆشی باوەڕدارانییان کۆنتڕۆڵ کردبوو. دوای ڤێبەر، کۆمەڵناسی ئەمریکی پیتەربێرگەر لە 1967 کتێبێک بەناوی “چەتری پیرۆز” دەنوسێت و بە وردەکاری باس لەو دیاردەیە دەکات. ئەو چوارچێوەیەکی تیۆری داهێنا بەناوی “بازاڕی ئایین”. لە ڕوانگەی بێرگەردا، ئایینەکان ناچارن وەک کۆمپانیا ڕەفتار بکەن و بیروباوەڕەکانیشییان وەک کاڵا بە باوەڕداران بفرۆشنەوە، بۆ ئەوەی لەبازاڕی کێبڕکێدا بمێننەوە و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگەش لەدەست خۆیاندا بهێڵنەوە. ئەو جۆرە ڕفتارەش بە ئاشکرا لە بازاڕی کێبڕکێی ئایینیدا دەبینین، نەک هەر لەلایەن پیاوانی ئایینەوە، بەڵکو دەستەبژێری سیاسیش زۆربەی جاران لە بازاڕی ئاییندا هەوڵ دەدەن کاڵا سیاسییەکانی خۆیان ساغ بکەنەوە..

ئاخر بۆ کەسمان نامۆ نییە، ڕەوتی سەلەفی بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پانتایی دەستەڵاتی ڕۆحی خۆی بەسەر هاوڵاتیاندا بکات، شەرعییەت بە دەستەڵاتدارەکان دەدات (بەچاوپۆشین لەوەی ئەو دەستەڵاتە باش بێت یان خراپ). لێرەدا دەکەوینە بەردەم پانتاییەکی بەرفراوان بۆ بەکاڵاکردنی پیرۆزییەکان، کە لە بەهایەکی ئەخلاقیی ڕەوشتییەوە دەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی بازرگانی و سێکسی، کە بەشێک لە پیاوانی ئایینی لە پشت پەردەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاری دێنن.

ئەوەی کە جێگەی لەسەر وەستانە، خودی قورئان ئاماژە بە دەستەڵاتی پیاوانی ئایین دەکات و لە سورەتی (تەوبە) ئایەتی 34 دەڵێت “ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، زۆربەی ئەحبار و روهبانەکان ماڵی خەڵکی بە ناحەق دەخۆن و ڕێگریش لە ڕێگەی خوادا دەکەن”. ئەمە قاعیدەیەکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی بەسەر ئەو چینە مشەخۆرەی کە ڕۆژانە لەژێر دروشمی جیاوازەوە داوای پارەکۆکردنەوە لە خەڵک دەکەن و فۆرمی جیاوازیان داهێناوە بۆ خواردنی ماڵی خەڵك، بەشێوەیەکی سەرکێش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بەپاساوی کاری خێرخوازی، بەبێ چاودێری دامەزراوە فەرمییەکان، بازرگانیکردن بە دەرمان و چارەسەری ئایینی (وەک حەمامکردنی شەرعی و دەرکردنی جنۆکە)، وەرگرتنی پارەی خەیاڵی لە بەرامبەر گوتار و کۆڕە ئایینییەکاندا. بەو جۆرەش ئایین بۆ ئەوانە بۆتە سەرچاوەی داهات نەک پەیامێکی خۆبەخشانە.

هەروەها ئیستیغلالکردنی جەستەیی و سێکس لەژێر پەردەی شەرعدا. دیارە کە مێژووی کڵێسا پڕیەتی لە سکانداڵی ئیستیغلالکردنی کچان و ژنان لەلایەن قەشەکانەوە لەژێر ناوی “دانپێدانان بە گوناهدا” کە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن کۆنفێشن (Confession). لەو بارەیەوە قەشەکان دەستەڵاتی ڕۆحی خۆیان بەکار دەهێنا بۆ ئەوەی قوربانییەکە باوەڕ بێنێت کە تەسلیمبوون بە قەشە تەسلیمبوونە بە ویستی پیرۆز، کە مەبەست لێی خودایە یان عیسای مەسیحە. ئێستا توێژی پیاوانی ئایین لە ئیسلامدا چەندین میکانیزم و ڕێگای هاوشێوە دەگرنە بەر بۆ بەکاڵاکردنی پیرۆزییەکانی ئایین. هەندێک لە مەلاکان، کچانی گەنج یان ئەو ژنە باوەڕدارانەی کە تووشی کێشەی دەروونی بوون، لەژێر ناوی چارەسەری شەرعی (روقییەی شەرعی) مارەکردنی کاتی لەلایەن شیعەکانەوە، یان زواجی میسیار لەلایەن سوننەکانەوە، یان دەرکردنی جنۆکە و سیحر، ڕادەکێشنە ژێر هەژموونی دەستەڵاتی ڕۆحی خۆیان. قوربانییەکان لەبەر ترسی ئایینی و لایەنی رۆحی ناتوانن بەرپەرچی ئەو دەستەڵاتدارانە بدەنەوە و ناتوانن بڵێن “نەخێر”، چونکە لای ئەوان ئەو پیاوانە پیرۆزن و جێگەی متمانەن. دەتوانین ئەم دیاردەیە ناوبنێین “سێکس لەبرامبەر دەستەڵاتی ڕۆحی”.

بەو جۆرە؛ ئەو ڕەخنە توندانەی قورئان ئاڕاستەی پیاوانی ئایینی پێش خۆی دەکات، تەنها گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵکو هۆشدارییەکە بۆ خودی موسوڵمانان کاتێک ئایین بەدامەزراوە دەکرێت و لە قالبە سەرەتاییەکەی خۆیدا تەشەنە دەکات بۆ قۆناغی دامەزراوە و فەرمانبەری ئایینی و خواپەرستی لەبەرامبەر موچە و خەدەنگەکان (ئیمتیازات). واقیعی ئەمڕۆی زۆرێک لە ڕێبەرە ئایینییەکان بەتایبەتیش سەلەفییەکان، ئەوەمان پیشان دەدات کە ئەوان بە تەواوی کەوتوونەتە ناو هەمان تەڵەوە. ئەوان خۆیان گۆڕیوە بۆ دامەزراوەیەکی ناوەندگیر، واتە واسیتەی نێوان مرۆڤەکان و خودا. مافی لێخۆشبوون و کافرکردن دابەش دەکەن، گەنجان بۆ مەرامی خۆیان ئاڕاستە دەکەن، لەپشت پەردەشەوە پیرۆزیی پێگەکەیان بۆ تێرکردنی حەزە سێکسیی و داراییەکانییان بەکار دەهێنن. ئەو توێژە یان ئەو چینە، لەناو پارادۆکسێکی ناخهەژێندا دەژین، بەرۆژ داوای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتاری خەڵك دەکەن، لەپشت پەردەکانیشەوە لەناو داڕوخانێکی دوانەیی ئەخلاقیدا دەژین.

دوانەیی ئەخلاقی، کە لە کۆمەڵناسی دەروونیدا پێی دەگوترێت (دووڕوویی ئەخلاقیی) ئاماژەیە بۆ دۆخێک کە تاکە کەس تیایدا یان گروپێک، لە یەک کاتدا خاوەنی دوو ستانداردی جیاواز و دژ بە یەکن بۆ ڕاڤکردنی ئەخلاق. ستانداردێکی دیار و گشتی بۆخەڵک، ستانداردێکی شاراوە و تایبەت بە خۆیان. ئەوەش لە جیاکردنەوەی تەواوەتی “وتار” لە “ڕەفتار”دا خۆی دەنوێنێت، ئەها لە کوردەواریشدا دگوترێت (مەلا دڵێن بە قسەم بکەن بەڵام بە عەمەلم مەکەن). مرۆڤی خاوەن دوانەیی ئەخلاق لە کایەی گشتیدا (لەسەر مینبەر، لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکان) وەک پارێزەری سەرسەختی ڕەوشت، عیففەت و پاکی و حەرامکاراوەکان دەردەکەون. توندوترین یاسای شەرعی بەسەر خەڵکدا جێبەجێ دەکەن و بچوکترین لادان؛ تەکفیر یان شەرمەزار دەکەن. بەڵام لە پشت دەرگا داخراوەکاندا تەواو پێچەوانەی وتارەکانی خۆیان ڕەفتار دەکەن و دەست دەدەنە ئەو کارانەی کە بە تاوانی گەورە ناودەبرێن.

ئەمانە میکانیزمی پاساودانی دەروونی بەکار دێنن. کە تاوانێک یان گەندەڵییەک دەکەن؛ لە ناوەوە تووشی عەزابی ویژدان نابن، چونکە بەهۆی پێگە ئایینییەکەیانەوە توانایەکی سەیر لە پاساودانی دەروونی بۆخۆیان دەدۆزنەوە و پەرەی پێدەدەن. بۆ نموونە ئەگەر پەیوەندییەکی سێکسی ناشەرعی بکەن، لە مێشکی خۆیاندا ناوی دەنێن (مارەکردنی نێوان خۆمان) یان چەرەسەرکردنی ڕۆحی قوربانییەکە. لەولایەشەوە لەسەر مینبەر هاوار دەکەن کە دەبێت ستری برای موسولمان بکەن، دەبێت گوناهەکانی موسوڵمانان داپۆشن بۆ ئەوەی خوای گەورەش گوناهەکانی ئێوە داپۆشێت. ئەها لێرەدا زۆر وەستایانە (خوا) بەکاردێنن بۆ ترساندن و کۆنتڕۆڵکردنی عەوامی خەڵک؛ چونکە بۆخۆیان پاسەوانی ئایینەکەنە و جۆرێک لەپارێزبەندیی خوداییان هەیە.

هەر ئەمەشە لە زانستی دەروونی/ کۆمەڵايەتی پێی دەگتورێت سەرکوتکردن و تەقینەوە. سەلەفییەت یان ڕەوتە توندڕەوەکان، زۆر “خۆبەپاکزان” دەبینن. ژینگەیەک دروست دەکەن، غەریزە و جەستە، ئارەزووە سروشتییەکان تیایدا بەتەواوی سەرکوت دەکرێن و وەک شەیتان وێنا دەکرێن. لەڕووی دەروونناسییەوە، کاتێک غەریزەیەک بەم شێوازە توندە سەرکوت دەکرێت، لەناو ناچێت، بەڵکو دەچێتە ناو نەستی مرۆڤەوە. لە پشت پەردەوە جۆرێک لە تینوێتی و پەشێوی دەروونی دروست دەکات. کە پیاوێکی ئایینی دەگاتە دەستەڵاتێکی ڕۆحی ڕەها و لەچاوی خەڵك دەشاردرێتەوە، ئەو غەریزە سەرکوتکراوە بە شێوازێکی زۆر توند و شۆکهێنەر دەتەقێتەوە، ڕێک بەو شێوازەی لە سکانداڵە سێکسییەکاندا دەیبینین .

لە کۆتاییدا، هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ئایینی پێویستییەکی هەنووکەیی و گرنگە بۆ مرۆڤەکان، بەتایبەتیش لە دۆخی ئەمڕۆی کوردستاندا، کە دەورە دراوە بە داگیرکەر و بە ناحەزان، بەدڵنیایی کار لەسەر دابەشکردن و پەرتکردنی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکرێت، یان هەر هیچ نەبێت، خەڵک بەو پرسە هەستیارانەوە سەرقاڵ دەکرێن. بۆیە کاری دامەزراوەکانی دەوڵەتە سنوورێک بۆ ئەو جۆرە سکانداڵانە دابنێت و جڵەوی دامەزراوە ئایینیی و زانستییەکان بگرێتە دەست. هەروەها سنوورێک بۆ ئەو بنکۆڵکردنەوەی ڕەوتە سەلەفییەکان دابنێت و پارێزگاری لە بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەلگەی کوردستانی بکات.

 

Exit mobile version