Site icon Zed Press

چەند سەرنجێک لەبارەی ئیکۆسیستەمی ناوچە شاخاوییەکان

عەبدولموتەلیب ڕەفعەت- مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان

 

ئیکۆسیستەمی ناوچە شاخاوییەکان هاوشێوەی ئیکۆسیستەمەکانی تر هەڕەشەی زۆر مەترسیداریان لەسەرە، و ئەو هەڕەشانە ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوون دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەم جۆرە ئیکۆسیستەمانە تایبەتمەندی زۆر جیاوازیان هەیە بە بەراورد لەگەڵ ئیکۆسیستەمەکانی تر، بەهۆی بەرزی و سروشتی ژینگەی ناوچە شاخاوییەکانەوە، و کاریگەریی ئەرێنی بەرچاویان لەسەر کەشوهەوا هەیە، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ پاراستنی ئەم جۆرە ئیکۆسیستەمە. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان و دەستبردنی مرۆڤ بۆ ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەمەبەستی تێکدانی شاخەکان و گۆڕینی ڕەگەزیان بۆ نیشتەجێبوون و بازرگانی، ئیکۆسیستەمی شاخەکان ڕووبەڕووی مەترسی زۆر گەورە بوونەتەوە. زۆرێک لە زیندەوەرەکانی ئەم جۆرە ئیکۆسیستەمە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

بە شێوەیەکی گشتی ئیکۆسیستەمی شاخەکان گرنگی زۆر گەورەیان هەیە بۆ تەندروستی و خۆشگوزەرانی لە هەسارەی زەوی و زۆرێکیان سەرچاوەی پێویست دابین دەکەن بۆ مرۆڤ وەک ئاو، دار، ڕووەک، ڕووەکی دەرمانی و کانزاکان… هتد. بە شوێنی ڕەسەنی هەندێک لە گیا و گیاندارە جۆراوجۆرەکان دادەنرێن و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی هەمەچەشنەیی بایۆلۆجی.

لەلایەکی ترەوە ئەم ئیکۆسیستەمە زۆر هەستیار و ناسکە و بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەری چالاکییەکانی مرۆڤ و گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە. لە هەموو جیهان ناوچە شاخاوییەکان بە کۆگایەکی سروشتی یا سەرچاوەی سەرەکی ئاوی سازگار هەژمار دەکرێت؛ دەوڵەمەندن بە هەمەچەشنییەکی زۆر دەگمەنەوە و زۆرێک لە جۆرەکانی تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دەبینرێن و لە هیچ شوێنێکی دیکەی زەویدا نادۆزرێنەوە. ئەمەش وایکردووە ئەم ئیکۆسیستەمانە پێویست بن بۆ پاراستنی هەمەچەشنەیی بایۆلۆجی. بۆ نموونە زنجیرە چیای هیمالایا زیاتر لە ١٠ هەزار جۆر ڕووەکی تێدایە کە زۆربەیان تایبەتمەندی دەرمانی (چارەسەری)یان هەیە. بە هەممان شێوە زنجیرە چیای ئەندێس لە ئەمریکای باشوور کە شوێنی هەمەچەشنەیی بایۆلۆجییە.

ئیکۆسیستەمی شاخەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕێکخستنی کەشوهەوای زەوی و پاراستنی هاوسەنگی سیستەمەژینگەییەکان، چونکە ناوچە شاخاوییەکان وەک سینکی کاربۆن (Carbon Sink) کاردەکەن، واتا توانایەکی زۆر بەرزیان هەیە لە هەڵمژین و کەمکردنەوەی گازە کاربۆنییەکان بە تایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوا و گازە کاربۆنییەکان لە ڕووەک و خاکدا هەڵدەگرن یان دەچەسپێنن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

چالاکییەکانی مرۆڤ وەکوو بڕینی دارستانەکان و بوونی کانگاکان و دروستکردنی ڕێگاوبان و باڵەخانەکان و چالاکییەکانی تر و گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر ئیکۆسیستەمی شاخەکان دروست دەکەن، و مانەوەی جۆرە دەگمەنەکان و هەمەچەشنەیی زیندەوەرەکان دەخەنە مەترسییەوە. بۆ نموونە بڕینەوەی دارستانەکان لە ناوچە شاخاوییەکان یەکێکە لەو مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی ئیکۆسیستەمی شاخ دەبێتەوە. دارەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕێکخستنی سووڕی ئاو لە ناوچە شاخاوییەکان و لابردنیشیان لێکەوتەی جددی لەسەر ئیکۆسیستەمەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی ڕاماڵینی خاک.

لەلایەکی ترەوە بونیاتنان یان پەڕەپێدانی ژێرخانی ئابووری وەک دروستکردنی ڕێگاوبان و بینا و شوێنی نیشتەجێبوون بە یەکێک لە مەترسییە هەرە گەورەکان دادەنرێت لە سەر ئیکۆسیستەمی شاخ. چونکە ئەم جۆرە گەشەپێدانە لە ئایندەدا دەبێتە هۆی ڕۆچوونی زەوی و ڕاماڵینی خاک و ئەگەری داڕمانی چینەکانی زەوی زیاد دەکات، ئەمەش مەترسی لەسەر سەلامەتی خەڵکی نیشتەجێی ناوچەکە دروست دەکات. گۆڕینی شاخ و گردەکان بۆ زەوییەکی تەخت بۆ هەر مەبەستێک بێت دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەردیلە وردەکان (هەڵواسراوەکان) لە هەوادا کە هۆکارن بۆ تێکچوونی کوالێتی هەوا و کاریگەری لە سەر تەندروستنی مرۆڤ دەبێت، هەروەها ئەم گەردیلە وردانە سەرچاوەکانی ئاو پیس دەکەن و تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵیش دەخەنە مەترسییەوە.

گۆڕینی شوێنی سروشتی وەکوو ئیکۆسیستەمی شاخ بۆ شوێنێکی نیشتەجێبوون و فرەوانبوونی ڕووبەری ئەسفەلت و کۆنکریت و مەوادی بیناسازی هۆکاری سەرەکییە بۆ زیادبوونی کاریگەرییەکانی دوورگەی گەرمی شارەکان (UHI) و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناوەندی شارەکان.

ئیکۆسیستەمی شاخەکان جۆرەها (fauna and flora)ی سەرەکی لەخۆدەگرن، بەتایبەتی ئەو جۆرانەی کە کاریگەرییەکی ناڕێژەیییان لەسەر ئیکۆسیستەمەکە هەیە. لابردنی جۆرێکی سەرەکی دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەواوی ئیکۆسیستەمەکە هەبێت، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی جۆرەکانی تر و گۆڕانکاری لە کارکردنی ئیکۆسیستەمدا دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە ئیکۆسیستەمی شاخەکان کۆمەڵێک خزمەتگوزاری ئیکۆسیستەمی بەرفرەوان پێشکەش دەکەن کە پێویستن بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤ.

ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی ئابووری لەم جۆرە ئیکۆسیستەمە ئەرکێکی ئێجگار قورسە کە پێویستی بە ڕەچاوکردنی وردی بەرژەوەندییە گشتییەکان هەیە. پەروەردە و هۆشیاری زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لەوەی هەمووان لە گرنگی ڕاگرتنی هاوسەنگی پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی ئابووری لە ناوچە شاخاوییەکان تێبگەین؛ پاراستنی ئەم ئیکۆسیستەمە بۆ نەوەکانی داهاتوو زۆر گرنگە، بۆیە زۆر پێویستە حکوومەت لەگەڵ شارەزایانی بواری ژینگە کاربکات بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان و کاریگەرییە ژینگییەکانی پڕۆژە پێشنیازکراوەکان پێش جێبەجێکردنیان.

Exit mobile version