Site icon Zed Press

چارەسەر لە گرتنەوەی بۆڕیەکەدایە

لە وتارێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە، کە وێبسایتی ڕەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕۆژنامەی (سەباح)ی عێراقیی بڵاویان کردووەتەوە، جێگری سەرۆکی حکوومەت قوباد تاڵەبانی، بەقەیرانی ژینگەیی شاخی گۆیژە دەست پێدەکات. نووسینەکەی تاڵەبانی قسەی زۆر هەڵدەگرێت، چونکە لە ڕوویەکەوە لە لایەن کەسێکەوە نووسراوە لە هەرەمی دەسەڵاتدا، لە ڕوویەکی ترەوە بۆ یەکەمجار دەسەڵات لە بەرانبەر قەیرانێکی ئایکۆلۆژیدا لە سلێمانی دێتەدەنگ و دەبێتە بەشێک لە دیبەیتێکی کۆمەڵایەتی-مەدەنیی. ئەمەش جێگەی ئومێدە کە دەنگی ئەو جوڵە سۆسیۆ-ژینگەییەی لە سلێمانی و کوردستاندا دروست بووە، ببیسترێت و مەسەلەکە تەنیا کوتانی ئاسنی سارد نەبێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

دەکرێ کۆی بۆچوونەکانی جێگری سەرۆکی حکوومەت لە چەند خاڵێکدا کۆبکرێنەوە، یەکەمیان ئەو ڕاستییە دەردەخات کە دەسەڵات ناتوانێت لە بەرانبەر پاڵەپەستۆ و فشاری کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا و دەنگی ئازاد خۆی بێدەنگ بکات. دووەم خاڵ ئەوەیە کە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا و تێکچوونی سیستمە ژینگەییەکان بابەتێکی گشتگیرن و دەبێ لەسەر ئاستی عێراق چارەسەر بکرێن. سێیەم خاڵی نووسینەکە دانپێدانانێکی ڕوونە بە پشتگوێخستنی مەسەلە ژینگەییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

لەوانەیە ئەم خاڵەی سێیەمیش بێت وایکردبێت نفوزی کۆمپانیایەک لە نفوزی حکوومەت زیاتر بێت و تەنانەت لە توانایدا هەبێت ماستەر-پلانی شار بگۆڕێت. دیارە ئەمەش تەنیا سلێمانی ناگرێتەوە و هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان گیرۆدەی هەمان قەیران بوون. بۆ نموونە ئەگەر لە سلێمانیدا دەست بۆ شاخەکان برابێت، ئەوە لە هەولێری پایتەختدا دەست بۆ ئاوی ژێرزەوی بردراوە و داهاتووی شارەکە لە ڕووی ئاوەوە تووشی مەترسی گەورە دەبێتەوە. بەتایبەتی هەرچی پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەیە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ حیسابی مەرجی ژینگەیی و سەرچاوەکانی ئاو بەڕێوە دەبردرێن.

هەر لەڕێگەی ئەم دانپێدانانەوە بە بێباکیی دەسەڵاتداران بەرانبەر مەسەلەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگەیی، دەمەوێ لێرەدا بچمە ناو خاڵەکانی تری ناو وتارەکەی جێگری سەرۆکی حکوومەتەوە. وتارەکە ئاوڕدانەوەیەکی باشە لەو بێباکییەی دەسەڵات کە چەندان ساڵە پەیڕەوی دەکات، لە کاتێکدا سیاسەتی ژینگەیی پێوەری سەرکەوتنی هەر حوکمڕانییەکی باشە لە دونیای ئەمڕۆدا. لە هەمان کاتیشدا دەکرێ بپرسین، ئایا دەکرێ بڕیادەر و دروستکەری سیاسی وەک کاک قوباد تاڵەبانی، وەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی ژینگەیی بۆچوونی خۆی دەربارەی کێشەکان دەرببڕێت؟

لەگەڵ ئەوەی بەدەنگەوەهاتن و ترازاندنی دیواری مەسەلەیەکی ژینگەیی، جێگەی هەڵوەستەکردنە و گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام بۆ دەبێت جێگری سەرۆکی حکوومەت، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕای خۆی لەسەر خاڵێکی جەوهەریی ململانێی نێوان کەرتی تایبەت و ڕووبەری گشتی کۆمەڵایەتی و مەدەنیدا بخاتەڕوو؟ ئەم پرسیارە بۆیە دەکەم چونکە لە دوو بڕگەی یەکەمی وتارەکەدا، جێگری سەرۆکی حکوومەت دەنووسێت “لەم ڕۆژانەدا بابەتی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبون لە بناری شاخی گۆیژەی سلێمانی (کە ڕەنگە لە هەموو عێراقدا جوانترین و ناوازەترین پڕۆژەی نیشتەجێبون بێت)، بوو بە مایەی مشتومڕێکی زۆر و دانیشتووانی شاری دابەشی دوو بەرە کرد، بەرەیەک دژی پڕۆژەکەن و پێیانوایە زیانی ژینگەیی هەیە و بەرەیەکی دیکەش پێیانوایە ئەگەر پڕۆژەکە زیانی ژینگەییشی هەبێت، لەو ئاستەدا نییە پڕۆژەیەکی ناوازەی بۆ پەکبخرێت کە سیمای شار دەگۆڕێت، مەبەستم نییە باسی لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم پڕۆژەیە بکەم، ئەمە ئەرکی پسپۆڕانی بوارەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، بەڵکو ئەم پڕۆژەیە و ئەو مشتومڕەی دانیشتوانی سلێمانی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە و لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا، دیمەنە گەورەکە ببینین”.

 

یەکەم- لەبەر ئەوەی دەستبردن بۆ بناری گۆیژە دەچێتە خانەی ڕووبەری گشتی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکەوە، چۆن دەبێت بڕیاردەری سیاسی بۆچوونی خۆی لەسەر دەرببڕێت و بنووسێت: (کە ڕەنگە لە هەموو عێراقدا جوانترین و ناوازەترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون بێت). ئەمە پشتگیریی پڕۆژەکەی پێوە دیارە، بۆ؟ چونکە دەکرا بنووسێت گۆیژە جوانترین سیمای سروشتیی شاری سلێمانییە، عەمبارێکی هەڵمژینی کاربۆن و گازە گەرمکەرەوەکانی ترە، کۆڵەکەیەکی سیستمی ژینگەییە بۆ دانیشتوان.
لێرەدا پێویستە ئەوە بەبیری کاک قوباد بهێنینەوە کە سلێمانی و هەموو کوردستان عەمباری ئاویی تیا نییە بۆ گلدانەوەی کاربۆن، ئەوەی هەیە بڕێکی کەمی دارستان و خاکەکەیەتی، ئەی ئەگەر خاکەکەشی لەدەستدا و خرانە بازاڕی کۆمپانیا بێبەزەییەکانەوە، چیمان بۆ دەمێنێتەوە؟

دووەم: دانیشتووانی سلێمانی دابەش نەبوونەتە سەر دوو بەرەی جیاوازەوە، بەڵکو بەرەیەک هەیە لە دانیشتووان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەکی کەم لە میدیا پێکدێت، بەرەکەی تریش لە کۆمپانیا و میدیاکانیان. گەڕانێکی کورت بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕاستی ئەو قسەیە دەردەخات کە تا چەند دانیشتووانی سلێمانی و هەمو کوردستان ناڕازین لە بێباکیی کۆمپانیاکان دەربارەی کۆی سیستمی ژینگەیی و سەرچاوە سروشتییەکان.

لە خاڵی کۆتایی نووسینەکەدا، تاڵەبانی دێتە سەر قەیرانی تانجەڕۆ و بانگهێشتکردنی لایەنە عێراقییەکان بۆ ڕزگاربوون لەم چەمە ئاوەی کە دەکرێت وەک ڕووبارێکی بکوژ و تۆکسیک پێناسە بکرێت. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و ڕزگارکردنی دانیشتووانی سلێمانی و گەرمیان و بەشێک لە شارەزوور، هەروەها دانیشتووانی گەرمیان و دیالە لە دەرەنجامە خراپەکانی ئەم ڕووبارە تۆکسیکە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت، لەمێژوودا بۆ ئەو تۆمار دەکرێت.

لەهەمان کاتدا پرسی تر لە ئارادان دەربارەی تانجەڕۆ و ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە گۆیژە و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە. لەم قسەیەمدا پشت بە پێناسەی زاناکانی بواری کەشوهەوا و ژینگە دەبەستم کە کۆی گۆڕینی سیستمی ژینگەیی وەک سینکێک دەبینن کە بۆڕی ئاوەکەی بەسەردا کرابێتەوە. بۆ ڕێگرتن و کەمکردنەوەی زیانەکان، دەبێت پێش هەموو شتێک بۆڕیی ئاوەکە بگرینەوە، دوای ئەوە سینکەکە بەتاڵ بکەینەوە.

لەناو سیستمە ژینگەییەکاندا ڕووبەرە ئاوییەکان و دارستان و خاک وەک سینک وەسف دەکرێن کە دەبنە عەمباری گلدانەوە بۆ دەردانی گەرمی و پیسبوونی ژینگە. ئەوەی دەمەوێ لێرەدا بیخەمەڕوو ئەوەیە کە تانجەڕۆ سینک یان عەمبارەکەیە و لێی دەڕژێت، پێش چارەسەرکردنی دەبێت بۆڕی ئاوەکە بگرینەوە، واتە سەرچاوەکانی کەم بکەینەوە. کێشەکە لە زیادکردنی سەرچاوەکەیدایە نەک تانجەڕۆ خۆی. بۆ نموونە ئەگەر بناری شاخی گۆیژە سەوزتر بکرێت لەوەی کە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا کراوە، ئەوە عەمباری گلدانەوەی گەرمی و هەوای پیس نەک تەنیا زیاتر دەبێت، بەڵکو پاڵەپەستۆش لەسەر خواری شار کەم دەبێتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی ناعەدالەتی ژینگەیی.

دوا خاڵ کە دەمەوێت ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە کاک قوباد تاڵەبانی دەنووسێت: “مەبەستم نییە لێرەدا باسی لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم پڕۆژەیە بکەم، ئەمە ئەرکی پسپۆڕانی بوارەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانە ……”. لە ڕاستیدا هەر پڕۆژەیەک و لە هەر بوارێکیشدا بێت، دەبێت پێشوەختە هەڵسەنگاندنی ژینگەیی بۆ کرابێت و بەشێک بێت لە ماستەر-پلانی شار، نەک دوای ئەوەی پڕۆژەکان دەخرێنە گەڕ. وەک ئاشکراشە، لاپاڵەکانی گۆیژە لە ماستەر-پلاندا بەشێک نەبوونە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ئەوەی هەیە دەستکاری گرێبەست و ماستەر-پلانەکان کراوە.

Exit mobile version