Site icon Zed Press

ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار لە هەشت کێڵگەی نەوتی بۆ حکوومەتی هەرێم ماوەتەوە

تەنیا لە داهاتی لە هەشت کێڵگەی نەوتی کە ١١ کۆمپانیا کاری تێدا دەکەن زیاتر لە یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی حکوومەتی هەرێم بووە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، جگە لە بەرهەمی شەش کۆمپانیا کە داهاتەکانیان ئاشکرا نەکردووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بەدواداچوونی ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت، کە بەرهەم و داهاتی کێڵگە و کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستانی لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لەخۆگرتووە، تەنیا ١١ کۆمپانیای نەوتی کە لە هەشت کێڵگەدا کار دەکەن، بەسەریەکەوە  ٩٣٦ ملیۆن و ١٩٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە، کە بەیەکەوە ڕێژەی ٦٠٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن.

ڕێکخراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣دا، کۆمپانیاکان بە کۆمپانیای کارگرووپەوە بڕی ٥١٥.٧ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە و لە دوای وەستانی هەناردەش، کۆمپانیاکان بڕی  ٤٢٠ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە.

ئەو کۆمپانیایانە پێکدێن لە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، گەنێڵ ئەنێرجی، ئاداکس پێترۆلیۆم، ئێچ کەی ئێن، شاماران، گۆڵف کیستۆن، ئێم ئۆ ئێڵ، تاقە، فۆرزا پێترۆلیۆم، شێڤرۆن و کارگرووپ.

ڕێکخراوەکە ڕوونی کردووەتەوە، هەرچەند ناوی کۆمپانیای (کار گرووپ) لە ڕیزبەندی ئەو کۆمپانیایانەدا هاتووە کە داهاتیان ڕاگەیاندووە بەڵام “لەبەر ئەوە نا کە کۆمپانیاکە داهاتی ڕاگەیاندووە، بەڵکو ئەو داهاتە لە ڕاپۆرتی چاودێری دارایی عێراقدا هاتووە”.

بەپێی ئەو شیکردنەوەی بۆ بەرهەم و داهاتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ڕێکخراوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە، بە تێکڕا هەرێمی کوردستان ڕێژەی ٦٠٪ی کۆی داهاتەکانی نەوتی بۆ ماوەتەوە، چونکە خەرجی گواستنەوەی لەسەر نییە، بەڵکو نەوتەکە لە خاڵی بارکردنی کێڵگەکەوە دەفرۆشێت. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکان پشکەکانیان لە نێوان ٣٦٪ بۆ 40٤٠٪ی کۆی داهات یان بەرهەمی کێڵگەیە. بەو پێیە تەنیا لە داهاتی ئەم کێڵگانەی ئەم ١١ کۆمپانیایە کاری تێدا دەکەن زیاتر لە یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی حکوومەتی هەرێم بووە لە ساڵی ٢٠٢٣دا. ئەمە جگە لەو کێڵگانەی داهات و بەرهەمیان ئاشکرا نەکراوە و ڕێکخراوەکەیش نەیتوانیوە هیچ زانیارییەکیان لەسەر دەستبکەوێت.

بەپێی بەدواداچوونی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت، لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٤دا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەندێک کێڵگە وەکوو تاوکێ، خورمەلە، شێخان و سەرسەنگ گەشتوونەتە ئاستی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣.

هەروەها کۆی بەرهەم بۆ زیاتر لە ٨٠٪ی پێش وەستانی هەناردە بەرزبووەتەوە.

ئەو کۆمپانیاینەی داهات و بەرهەمیان ڕانەگەیاندووە لە ڕابردوو و ئێستادا، لە حەوت کۆمپانیا پێکدێن کە لە شەش کێڵگەی جیا کاردەکەن. ئەوانیش پێکدێن لە کۆمپانیاکانی کارگرووپ، گازپڕۆم، وێسترن زاگرۆس، ڕوسنەفت، پێت ئۆیڵ، هەنت ئۆیڵ و کۆمپانیای وزەی تورکی

 

کەمبوونەوەی بەرهەمی کێڵگەکانی نەوت

 

هەڵکشانی بەرهەم لە هەشت ساڵی ڕابردوودا

Exit mobile version