Site icon Zed Press

له‌باره‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی 2024ه‌وه‌

بەشی یەکەم: بودجەی سێ ساڵی یان فێڵی سێ ڕەهەندی؟

حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق له‌ دوا مانگه‌كانی ساڵی 2022وه‌وه‌ تاكوو حوزه‌یرانی 2023 خۆیان و ڕاگه‌یاندنه‌كان و هاووڵاتییانیان به‌ته‌واوی سه‌رقاڵ كرد به‌ ئاماده‌كردنی یاسایه‌كی بودجه‌ی سێ ساڵی بۆ(2023 و 2024 و 2025)، له‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023 یاساكه په‌سه‌ندكرا و بڵاو كرایه‌وه‌، پاشتریش ڕێنمایی بۆ ده‌رچوو و كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

به‌ڵام چۆن یاسایه‌ك؟ ناونیشانه‌كه‌ی بۆ سێ ساڵ، ناواخنه‌كه‌ی ته‌نیا بۆ یه‌ك ساڵ، مۆڵه‌ت و ده‌رفه‌تی جێبه‌جێكردنه‌كه‌یشی بۆ كه‌متر له‌ شه‌ش مانگ!

 

كاتێك یاساكه‌ به‌و جۆره‌ په‌سه‌ندكرا من گوتم ئه‌مه‌ بودجه‌ی سێ ساڵی نییه،‌ به‌ڵكو وه‌ك لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی چه‌وتی ئه‌و جۆره‌ بازاڕگه‌ریه‌یه كه‌ ده‌ڵێ یه‌ك دانه‌ بكڕه‌ و دوو دانه‌ به ‌دیاری وه‌ربگره‌، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌یشدا ئابووریناسێكی ناسراوی عێراقی له‌كۆمێنتێكدا به‌ڕسته‌یه‌ك وه‌سفێكی جوانتری كرد و، گوتی ئه‌مه‌ بودجه‌ی سێ ساڵی نییه،‌ بەڵكو فێڵی سێ ڕه‌هه‌ندییه‌.

 

ناونیشانی یاساكه‌ بودجه‌ی سێ ساڵییه‌ بۆ (2023 و 2024 و2025) كه‌چی ناواخنه‌كه‌ی هیچ شتێكی تێدا نییه‌ ده‌رباره‌ی خه‌مڵاندن و ته‌رخانكردن و مۆڵه‌تپێدان بۆ بڕ و ژماره‌كانی داهات و خه‌رجی و كورتهێنان و قه‌رزكردن بۆ ساڵانی 2024 و 2025. له‌كاتێكدا خه‌مڵاندن و ته‌رخانكردن و مۆڵه‌تپێدان بۆ ئه‌و بوارانه‌ پایه‌ و پڕۆسه‌ هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بودجه‌ن و، هه‌ر كارێك به‌بێ ئه‌وانه هه‌ر ناوێكی لێبنرێت هه‌رگیز ناتوانێت هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ته‌كانی یاسای بودجه‌ بێت. هه‌ر بۆیه‌ له‌ واقیعدا عێراق یاسای بودجه‌ی 2024 و 2025ی نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا ناونیشانی یاسایه‌كی له‌و جۆره‌ی هه‌یه‌ به‌بێ ناوه‌ڕۆك.

 

سه‌ره‌نجامی ئه‌وه‌، له‌پاش كۆتایی ساڵی 2023وه‌ حكوومه‌تی عێراق كه‌وتووه‌ته‌ دۆخێكی سه‌یره‌وه‌، به‌ناو یاسای بودجه‌ی (2024 و 2025)یشی هه‌یه‌، واته‌ پێویستی به‌وه‌ نییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌رجكردن له‌سه‌ر ڕێسای یه‌ك له‌سه‌ر دوازده‌ و كارێكی له‌و جۆره‌ پاساوی نییه‌، كه‌چی یاساكه‌‌یش نه‌ سنور و بڕی خه‌مڵێنراو و ته‌رخانكراوه‌كانی ئه‌و دوو ساڵه‌ی تێدایه‌ و نه‌ مۆڵه‌تی جێبه‌جێكردنه‌كه‌یان، ئه‌مه‌یش دۆخێكی ته‌واو ناته‌ندروست و سه‌یره‌، وه‌ك‌ ئه‌وه‌ وایه‌ حكوومه‌ت له‌ڕووی بنه‌مای یاسایی خه‌رجكردنه‌وه‌ هه‌م له‌ قه‌لیش بووبێت و هه‌م له‌ كۆتریش.

 

نزیكه‌ی پێنج مانگه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت به‌هۆی نه‌بوونی ته‌رخانكرا‌وه‌كانه‌وه‌‌ گرفت بۆ خه‌رجیی پڕۆژه‌كان و چه‌ند بوارێك دروست بووه‌ته‌وه‌‌، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌یشی خه‌رج كراوه‌ نازانرێت له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك و به‌چ یاسا و ڕێسایه‌كه‌.

 

به‌ڵێ ئێستا عێراق له‌ڕووی بنه‌مای یاسایی و ڕێساكانی دارایی گشتی و بودجه‌وه‌‌ له‌ دۆخێكی ته‌واو نامۆ و ئاڵۆزدایه‌، كه‌چی ئه‌مه‌ به‌لای كاربه‌ده‌سته‌كانیه‌وه‌ زۆر ئاساییه‌ و وه‌ك ده‌ڵێن نه‌ بای دێ و نه‌ باران، نزیكه‌ی پێنج مانگی ساڵی نوێ تێپه‌ڕیوه‌ كه‌چی زۆر به‌ خاترجه‌می و كاوه‌خۆییه‌وه‌ ده‌ڵێن خه‌ریكی هه‌مواركردنه‌وه‌ین! باشه‌ كه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2024 نه‌بێت و ته‌نیا ناونیشانێك بوونی هه‌بێت‌، ئیتر چی هه‌موار ده‌كه‌یته‌وه‌؟

 

ده‌ڵێن چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی خشته‌ نوێیه‌كانی 2024ین تاكوو له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێن، ته‌نیا خشته‌كان! ده‌ڵێن ده‌قی مادده‌ و بڕگه‌كانی یاسای بودجه‌ نه‌گۆڕن و ته‌نیا خشته‌كان ده‌گۆڕێن! ئێ باشه‌ یاسای بودجه‌ خۆی چییه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ گه‌ڵاڵه‌ی‌ ده‌قه‌ یاساییه‌كانه‌ به‌پێی خشته‌ و ژماره‌كانی داهات و خه‌رجیی خه‌مڵێنراو و، پێدانی مۆڵه‌تی خه‌رجكردن و قه‌رزكردن به‌بڕی دیاریكراو بۆ مه‌به‌ست و لایه‌نی دیاریكراو بۆ كاتێكی دیاریكراو؟

 

هه‌ندێكیش ڕاڤه‌ی ئه‌و ناونیشانه‌ سێ ساڵییه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌ خه‌رجكردن له‌ سه‌ر بودجه‌ی 2023 به‌رده‌وام بێت تاكوو خشته‌كانی 2024 په‌سه‌ند ده‌كرێن. به‌ڵام ئه‌مه‌یش جگه‌ له‌وه‌ی له‌ هیچ ده‌قێكی یاساكه‌دا نه‌هاتووه‌، له‌گه‌ڵ هیچ بنه‌ما و ڕێسایه‌كی بودجه‌ و ژمێریاری حكوومیشدا ناگونجێت‌ و هیچ ڕاستیه‌كی تێدا نییه‌.

به‌ڵام ئه‌‌مانه‌ هه‌موو بۆ عێراق هه‌ر ئاسایین‌ و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كێشه‌كه‌ به‌ چاره‌سه‌ری سه‌قه‌ت و به‌ پینه‌وپه‌ڕۆ به‌ڕێ بكرێت و ناوی هه‌مواری لێ بنرێت.

 

تێبینی؛

له‌ به‌شه‌كانی داهاتووی ئه‌م نووسینه‌دا سه‌رنجی زیاتر و وردتر ده‌خه‌ینه‌ ڕوو له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ و چه‌ندین بابه‌تی گرنگ و هه‌ستیاری تری تایبه‌ت به‌ هه‌رێمیش.

 

 

 

Exit mobile version