Site icon Zed Press

پشكی هه‌رێم؛ گرفتی زۆر و ده‌رفه‌تی كه‌م

به‌شی سێیه‌م:  پشكی هه‌رێم؛ گرفتی زۆر و ده‌رفه‌تی كه‌م

هه‌رچه‌نده‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا نه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندیی یاسای بودجه‌یه‌ و نه‌ كارێكی ئاسانیشه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ‌ئیستا یاسا و بواره‌كانی تر ده‌رفه‌تێكی ئه‌وتۆیان تێدا نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ری خێرای ئه‌و كێشانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رێم له‌یاسای بودجه‌دا وه‌ك پێویست بایه‌خیان پێ بدات، بێگومان به‌غدایش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ و به‌تێگه‌یشتن و ئاڕاسته‌ی خۆی بایه‌خیان پێ ده‌دات.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر له‌ مادده‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ تاكو دوا مادده‌، زۆربه‌ی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ به‌رهه‌مهێنان و تێچوو و هه‌نارده‌كردن و فرۆشتن و داهاته‌كانیه‌وه‌، له‌گه‌ڵ پرسی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان‌، به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم له‌ قه‌رزه‌ سیادییه‌كان، ته‌رخانكراو بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، پترۆدۆلار، به‌خشین و هاوكارییه‌كان، بابه‌تی پاكتاوی حساباتی ساڵانی ڕابردوو… هتد، پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكرێت، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ تاكوو ئێستا له‌سایه‌ی ده‌قه‌كانی ناو یاساكانی ساڵانی ڕابردوودا‌ به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماونه‌ته‌وه‌ و پێویستیان به ‌چاره‌سه‌ره‌.

به‌شێكی زۆر له‌و بابه‌تانه‌ له‌ڕابردوو و ئێستادا قسه‌ی زۆریان له‌باره‌وه‌ كراوه‌ و جێگه‌ی سه‌رنجی هه‌مووانن و ده‌بێت زیاتر كاریان له‌سه‌ر بكرێت، تێڕوانینی هه‌رێم و به‌غدا به‌ته‌واوی له‌باره‌یانه‌وه‌ جیاوازه‌ و ئه‌سته‌میشه‌ ته‌نیا به ‌یاسای بودجه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ پرسی نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌، داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانیش تاێاده‌یه‌كی زۆر به‌هه‌مانشێوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ردوو لایه‌ن ویستیان له‌سه‌ربێت ده‌كرێت له‌ یاسای بودجه‌دا به‌جۆرێك ده‌قیان له‌سه‌ر بكرێت لانی كه‌م ئه‌و ئاڵۆزی و ناسازییانه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌ كه‌‌ یاساكانی بودجه‌ی ساڵانی پێشتر ‌دروستیان كردوون.

به‌درێژایی ساڵانی ڕابردوو هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی له‌بواری دارایی و بودجه‌ له‌ عێراقدا په‌سندكراون هیچیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم نه‌بوون و له‌گه‌ڵ تێڕوانینه‌كه‌یشیدا ساز نه‌بوون، به‌جۆرێكیش داڕێژراون كه‌ هه‌رێم نه‌توانێت به‌ته‌واوی پابه‌ندنیان بێت، به‌داخه‌وه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی هه‌موو لایه‌نه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگیان له‌سه‌ر دراوه‌.

بابه‌تی مووچه‌ ئه‌مساڵیش هێشتا جێگه‌ی باسه‌ و گرفتێكی چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌ندێک چاره‌سه‌ر و هه‌ندێک گرفت و گرێوگۆڵ له‌خۆده‌گرێت،  به‌تێڕوانینی لایه‌نی به‌غدا ئه‌م بڕیاره‌یش ‌به‌شێكه‌ له‌و پڕۆژه ‌و پاكێجه‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌رفه‌تی تێدایه ‌و ده‌كرێت سوودی لێ وه‌ربگیرێت، ئێستا ده‌رهێنانی مووچه‌ له‌ژێر كۆتوبه‌ندی خه‌رجیی فیعلی له‌ناو یاسای بودجه‌دا كۆششی ئه‌وتۆی ناوێ و پێویستیش ناكات ئه‌و بابه‌ته‌ بخرێته‌ هیچ سه‌ودا و مامه‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كۆك و پێداگربن له‌سه‌ر نه‌به‌ستنه‌وه‌ی مووچه‌ به‌ بابه‌ته‌كانی تری داهات و بودجه‌وه به‌پێی ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كه ئه‌وا ده‌كرێت له ‌یاسای بودجه‌دا به‌ ده‌قی ڕوونتر چاره‌سه‌ر بكرێت.

به‌ڵام هه‌ر خودی بڕیاره‌كه‌ی دادگا چه‌ند گرفتێك دروست ده‌كات كه‌ پێویستیان به‌چاره‌سه‌ری نوێیه‌ له‌یاسای بودجه‌دا و ئه‌وه‌یش زۆر ئاسان نابێت. یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌پێی بڕیاره‌كه‌ به‌غدا ڕاسته‌وخۆ مووچه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكیی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، واته‌ له‌م باره‌دا گوژمه‌ی مووچه‌ ناخرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌م پێیه‌یش به‌شێك نییه‌ له‌ پشكی ئاسایی هه‌رێم، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ ده‌شڵێت بڕی مووچه‌ی خه‌رجكراو له‌ پشكی هه‌رێم دابشكێنرێت، ئه‌مه‌ جۆرێك له‌ ئاڵۆزی و ته‌نانه‌ت دژیه‌كیش دروست ده‌كات‌، ئه‌گه‌ر مووچه‌ به‌شێكه‌ له ‌پشكی ئاسایی هه‌رێم ئه‌وه‌ نابێت ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ خه‌رج بكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت بخریته‌ سه‌ر هه‌ژماری هه‌رێم و له‌وێوه‌ خه‌رج بكرێت، خۆ ئه‌گه‌ر به‌شێكیش نییه‌ له‌ پشكی ئاسایی هه‌رێم ئه‌وه‌ چۆن ئه‌و به‌شه‌ی بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌بێت كه‌ ده‌ڵێ له ‌پشكی هه‌رێم دابشكێنرێت.

هه‌ندێ جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ مووچه‌ی هه‌رێم بخرێته‌ ناو خه‌رجییه‌كانی حاكیمه‌، به‌رپرس و نوێنه‌رانی كورد پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ بۆ زامنكردنی مووچه ‌و دوورخستنه‌وه‌یه‌تی له‌ گرفته‌كانی تر، به‌ڵام من پێم وایه‌ ئه‌مه‌ هه‌وڵێكه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفت و لێكدژییه‌ی كه‌ له‌ دووتوێی بڕیاره‌كه‌ی دادگادایه‌،‌ یان بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ر جۆره‌ گرفتێكی له‌و شێوه‌یه‌، به‌دیدی من ئه‌م چاره‌سه‌ره‌یش ورد و دروست نییه‌ و گرفتی جۆراوجۆری هه‌یه‌ (له‌ به‌شی داهاتوودا به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ قسه‌ ده‌كه‌ین).

گرفتی تری به‌رده‌م مووچه‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی‌، بریتییه‌ له‌ پرسی به‌بانكیكردن و پڕۆسه‌ی وردبینیكردنی پێش خه‌رجكردن و پرسی ناردنی ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ی مانگانه‌،‌ كه‌ به ‌ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ كێشه‌ی وردبینیکردنیش له‌ مانگه‌كانی داهاتوودا سه‌رهه‌ڵده‌دات (پێشتر له ‌نووسینێكماندا له‌باره‌ی گرفته‌كانی وردبینیكردنه‌وه‌ قسه‌ی پێویستمان كردووه ‌و لێره‌دا ناچینه‌وه‌ سه‌ری)، پرسی ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌یش به‌و جۆره‌ی له‌ بڕیاره‌‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵیدا هاتووه‌ بۆخۆی جۆره‌ سه‌رلێشێوانێكه‌، چونكه‌ كاتێك مووچه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ بخرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری مووچه‌خۆر، ئیدی قسه‌كردن له‌ ئاماده‌كردنی ته‌رازووی پێداچوونه‌وه له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌‌ بۆ ئه‌و هه‌ژمار و گوژمه‌یه‌ هیچ مانایه‌كی نییه ‌و كارێكی نه‌كرده‌یه‌.

‌ئێستا جگه‌ له‌پرسه‌كانی ساڵانی ڕابردوو و ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆ كردن كه هه‌موویان‌ پرسی زۆر گرنگن، هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی مووچه‌ بۆ سه‌ر خه‌رجییه‌كانی حاكیمه و، هێشتنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی به‌گه‌ڕخستن و خه‌رجییه‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌ ژێر كۆتوبه‌ندی خه‌رجیی فیعلی و، پرسی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان، ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگانه‌ن كه‌ ئێستا پێویستیان به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ و‌ لێوردبوونه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه، ئێمه‌یش‌ مه‌به‌ستمانه‌ سه‌رنجی تایبه‌تیان بخه‌ینه‌ سه‌ر،‌ بۆیه‌ له‌ به‌شه‌كانی تری ئه‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌دیاریكراوی له‌باره‌ی هه‌ر یه‌كێكیانه‌وه‌ بدوێین.

Exit mobile version