Site icon Zed Press

بۆچی خەڵکی کوردستان لە دۆلاری فڕۆکەخانەکان بێ-بەشکراوە؟

بانکی بازرگانیی عێراق (TBI)، دۆلاری دابینکردووە بۆ ئەو گەشتیارانەی لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێرەوە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، بەڵام لە ڕۆژێکدا تەنها بەشی ٢٠ گەشتیار دۆلار دابین دەکات بۆ ئەو کەسانەی لەم دوو فڕۆکەخانەوە گەشت دەکەن. ئەم ٢٠ کەسە دەبێت نزیکەی دوو ڕۆژیش لە نۆرەدا بن بۆ گۆڕینەوەی پارەکەیان.

 

ئەمە لە کاتێکدایە لە فڕۆکەخانەکانی بەسڕە و بەغدا و نەجەف (ئەم بانکە و بانکە حکومییەکانی تری وەک ڕافیدەین) ئەم دۆلار دابینکردنەیان بێ سنورە بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەپێی ڕێنماییەکان مافی سوودمەندبوون-یان هەیە لە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی عێراق.

 

ئەمە جیاکارییەکی ڕوون و ئاشکرایە لە دژی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە سلێمانی و هەولێرەوە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، ئیتر بەمەبەستەوە بێت یان لەبەر هەر هۆکارێکی تر. ئینجا پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستووری هەمیشەیی عێراقە و کاتی ئەوەیە نوێنەرەکانی کوردستان لەسەری بێنە دەنگ.

 

دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق ($١=١٣٢٠)، لە کاتێکدا نرخی بازاڕی دۆلار ($١=١٥٠٠)، کەواتە جیاوازییەکە نزیکەی ١٣.٦%ی بەهای هەموو پارەکەیە. بەشی گەشتیارێک لە دۆلاری فەرمی ئەگەر ٣ هەزار دۆلار بێت (٣٠ گەڵا)، بۆ هەر کەسێک ٥٤٠ هەزار دینار قازانج دەکات لە هەر گەشتێکدا، کە خەڵکی ناوچەیەکی عێراق بێ سنور دەرفەتی سوود وەرگرتنیان هەیە لەم ئاڵوگۆڕەی دراو و هی ناوچەیەکی تر بێ بەشدەکرێت، ئەمە تاوانە.

 

بەگشتی بێبەشکردنی خەڵکی کوردستان لە دۆلار بە نرخی فەرمی سەر دەکێشێت بۆ زۆر گومان و پرسیار لەسەر کۆی گشتی پڕۆسەکە، هیوادارم بانکی بازرگانیی عێراق و بانکی ناوەندی-ش هۆکاری ئەم جیاکارییەمان بۆ ڕوون بکەنەوە و دواجار سنورێکیشی بۆ دابنێن.

 

ئەمە دەبێتە فاکتەرێک بۆ تێکدانی هاوسەنگی نێوان خواست و خستنەڕوی دۆلار لە کوردستان. ئەوەی لە فڕۆکەخانەکان دۆلاری دەست ناکەوێت دێت لە بازاڕە ڕەشەکەدا دەیکڕێت، لە دواجاردا دۆلار گران دەکەن. ئینجا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گەشتیاریش لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر و لە زۆر ڕووەوە زیانی دەبێت بۆ ئابووری و بازاڕی کوردستان.

 

بانکی ناوەندیی عێراق و هەموو بانکەکانی تریش دەبێت بە یەک دوورایی سەیری هەموو فڕۆکەخانە و ناوچەکانی عێراق بکەن، نەک لە شوێنێک خزمەتگوزارییەکەیان بۆ هەزاران کەس بێت و لە شوێنێکیش تەنها ٢٠ کەس. ئەم جیاکارییە ئەگەر بەهۆی گەندەڵییەوە بێت، یان سیاسەت، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە.

Exit mobile version