پ. ی. د. رابەر فەتاح ساڵح*
بەداخەوە دەبوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی داهات پشکی شێر ببەخشێتە سێکتەری کشتوکاڵ و دواتر سێکتەرەکانی تر، تەنانەت دەبوو پشکێکی گەورەی داهاتی نەوت بۆ خزمەتی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ تەرخان بکات و بیبەستێتەوە بە سێکتەری پیشەسازییەوە.
چەندین ساڵ بەر لە ئێستا ئاماژەمان بە هەبوونی ئەو پلانە ستراتیجییە کردووە بۆ خۆبەڕێوبردن و ڕەخساندنی هەڵی کار و دوورخستنەوەی قەیرانی ئابووری لە هەرێمەکەمان، نەک هەر ئەوە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و مادەی خاوی تێکڕا یان زۆرینەی پێداویستییەکانی ژیان لە ڕێگەی بووژاندنەوەی سێکتەری کشتوکاڵ، زامنی هەبوونی کومەڵگایەکی دوور لە ئاڵۆزی و پشێوییە، هەروەها لە پاڵ هەبوونی ئابوورییەکی بەهێز هۆکارە بۆ بناغەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پڕ لە خۆشگوزەرانی و کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و پتەوکردنی پێگەی سیاسی وڵات.
هەموو کات بەهۆی شارەزایی و پسپۆڕیمانەوە ئامادەییمان هەبووە تا بتوانین هەرێم بخەینە سەر ڕێچکە دروستەکەی خۆبەڕێوبردن، ئەگەرچی لە سەر ئاستی تاکەکەسی بووە، بەڵام متمانە هەبوون و دڵسۆزی و بە ئەرک زانین هەموو بەربەستەکانی تێپەڕاندووە و جیاوازیمان نەکردووە لە خزمەتکردنی چین و توێژەکان بەتایبەت جووتیاران و ئەو گەنج و لاوانەی لە بواری کشتوکاڵیدا کاردەکەن، هاوتەریب لەگەڵ ئەوە لە میدیاکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەردەوام باسی بایەخ و گرنگی ئەو سێکتەرمان کردووە و جەختمان لە پێویستی پشتبەستن بە کەرتی کشتوکاڵ کردووەتەوە.
لە دیدار و دانیشتن لەگەڵ بەڕێز (بێگەر تاڵەبانی) وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو تاوتوێی چەندین پرسی گرنگمان کردووە، بەڵام بەداخەوە بەگوێرەی پێویست نەتواندراوە مەبەستی دیدارەکان بگەنە ئامانجی خۆیان.
ئێمە بە ڕۆحی هاوکاری و خزمەتکردن پەروەردە کراوین، ئیدی ئێستاش نەچووە تا بچێت، درەنگتری مەکەن، پێشنیاز و پۆلێنکردنی خاکی هەرێم و ستراتیژی گەشەسەندنی سێکتەری کشتوکاڵ بە ئێمەمان بسپێرن و جێبەجێکردنیش بۆ ئێوە، دڵنیابن ئەوکات هەرێم لە ڕووی (ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی) ئەو هەرێمە دەبێت کە خوێنی هەزارەها پیر و گەنج و لاوی بۆ ڕژا و خەونی ئەوان و ئێمەش دێتە دی.
*بەشی بەروبوومی کێڵگەیی و ڕووەکه پزیشکییەکان
زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر

